ڕۆژی کورد: بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا تاهیر تۆفیق

ساڵی 1922-(1300)، لە ماڵی تۆفیقی ئەولرەحماندا کۆرپەیەکی جوان چاوی بەم دنیا هەڵهێنا و ناو نرا تاهیر.
تاهیر تەمەنی ۷ ساڵان دەبێ کە باوکی دەیـباتە سوختەخانە و هەر لەوێشەوە فێری ئەلف بێی کوردی و عەرەبی دەبێت.
تەمەنی 14ساڵان بوو کە وەک کەسێکی دنگخۆش، گۆرانی چڕینی دەست پێکرد و بە ناوی تاهیر تۆفێق، ناوی دەرکرد و دواتر لە لای دانیشتوانی کۆیە بەخاڵە تاهیر ناسرا.
خاڵە تاهیر خزمەتێکی زۆری بە گۆرانی و موزیکی کوردی کردووە و زۆرێک لەو مقام و بەستانەی کە لە سوختەخانە و خانەقاکاندا قەتیس مابوونەوە هێنایە ناو موزیکی کوردییەوە و لە فەوتان ڕزگاری کردن.
بە هۆی ئەو دەنگ خۆشی شارەزایەی کە لە مەقام و بەستە چڕیندا هەیبوو زۆر زوو جێگەی خۆی لە ناو دڵی کۆمەڵگەکەیدا کردەوە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1945-(1324)دەچێتە ئیسگەی ڕادیۆ بەغا و مەقامی ” ئەی لەگورێ لە سوورە گوڕێ” و بەستەی ” کراس زەردێ”ی تۆمار کرد و بڵاو بوویەوە.
خاڵە تاهیریش وەک هەر هونەرمەندێکی دیکەی گەلەکەمان لە هەژار و دەربەدەری، گرانی چەرمەسەری، ساردی و سوێر ژیان بێ بەش نەبووە!
لە گرانیەکی ساڵی 1942-(1321)دا کە هەموو دنیای گرتبووەوە، خاڵە تاهیریش بە ناچاری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ و بەشێک لە ئەرکی بنەماڵەکەی دەکەوێتە سەر شانی ئەم هونەرمەندە.
هەرچەند ئەو هۆکارانە کاریگەرییان لە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە داناوە بەڵام نەیانتوانی ببنە لەمپەر لە بەردەمیدا و زۆرێک بەستە و مەقام بە هونەری موزیکی نەتەوەکەمان پێشکەش کردووە.
بە ناوبانگترین مەقامی ئەم هونەرمەندە ” شیرن بەهارە”یە کە هۆنراوەی م. ئیبراهیم ئەحمەدە و بە یەکێک لە بەچێشترین مەقامە کوردییەکان دادەنرێت.
م. تاهیر تۆفێق لە هۆنراوەی شاعیرانێی وەک نالی، مەحوی، بێخود و سافی هێرانی و …هتد
لە مقامەکانیدا کەڵکی وەرگرتووە و ڕەنگ و چێژێکی تایبەتی بەم هۆنراوانە بەخشیوە.
بە داخەوە ئەم هونەرمەندە مەزنە لە ڕێکەوتی 20/10/1987 (28/7/1367)دا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەتاهەتایە ناوی بە نەمریی لە ئاسمانی هونەر و موزیکی کوردیدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.