لە سنە بە شمشێر پەلاماری چالاکوانێکی مەدەنی درا

0
2038

هێرشی جیاجیا و توند بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە. دوای ئەوەی کە هەڕەشەی کوشتن لە شاعیرێکی ئیلامی کرا، لە سنە بە شمشێر پەلاماری چالاکوانێکی مەدەنیی ئەو شارە درا.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، کاتژمێر‌ ١:٠٠ـی نیوه‌رۆی ڕۆژی شەممە، ۱۱ی خاکەلێوە بەرانبەر لەگەڵ ٣١ی مارسی ٢٠١٨،  کە‌سێک بەناوی ڕزگار شه‌هباز بەیگی، له شارۆچکە‌ی حە‌سە‌ن‌ئاوای سنە به شمشێر هێرشی کردۆتە سه‌ر چالاکوانێکی مه‌دە‌نی ئه‌م شارۆچکەیە بەناوی جە‌لال خودامورادی و برینداری کردووە.

ئەو کەسە هێرشبەرە خۆی بە “سەلەفی” ناساندووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، له ماوە‌ی چوار مانگی ڕابردوودا ئه‌وه دووهه‌مین هێرشی “سه‌لەفی”یەکانە‌ لەم شاڕۆچکە‌یەیە کە دە‌‌کرێتە سه‌ر خە‌ڵکی مه‌دە‌نی.

ئه‌م سه‌لەفیانە ڕاستە‌وخۆ له ژێر رێنمایی و نفووزی ئیمام جومعه‌ی مزگە‌وتی جامعی شارۆچکەی حەسەن‌ئاوای سنە واتە مه‌لا مه‌سعوود عه‌بدوڵڵاهی کار دە‌کە‌ن و ئه‌زیه‌ت و ئازاری خه‌ڵکی ئه‌م شارۆچکە‌یە دەدەن بەبێ ئه‌وەی هێزه ئینتزامی و ئه‌منییه‌تییه‌کان بچووکترین ڕێگرییان لێ بکە‌ن.

ئەو هێرشە بۆ سەر چالاکانی مەدەنی بەو شێوە چاوەڕوان نەکراوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، حوسێن باقری، ناسراو بە ژاکان باران، شاعیری ئیلامی لەلایەن “سەربازانی گومنامی ئیمامی زەمان”، لە ڕێگای نامەیەکەوە، هەڕەشەی کوژرانی لێکراوە.