چالاکێکی مهابادی ماوەی ٤ مانگە دەستبەسەرە و ئێستا لە ئێڤین ڕاگیراوە

0
1013

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، هاونیشتمانییەکی تەمەن ٤٥ ساڵانی مهابادی، ٤ مانگ لەمەوبەر لە ماڵەکەی خۆی، لە لایەن مەئموورانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو باژێڕەوە دەستبەسەر کراوە و نها لە بەندی ٢ی ئەلف ـی سپای پاسداڕان لە بەندیخانەی “ئێڤین” دەست بەسەرە.

هەواڵنێری مرۆڤایەتی شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەی، خەلیل ئیسماعیلی، تەمەن ٤٥ ساڵان و خەڵکی مهاباد، ڕاگەیاندووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئیسماعیلی لەمبارەوە بە هەواڵنێری مرۆڤایەتی گوت: “ئەو چالاکە کوردە، خێزاندارە و دوو منداڵی وردی هەیە، 9 ساڵ مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردە بوە و ساڵی 1387ی هەتاوی بە تاوانی چالاکیی سیاسی دەرکراوە”.

سەرچاوەکەی مرۆڤایەتی هەروەها گوتیشی: “ڕۆژی 2ی جۆزەردانی 1395ی هەتاوی، مەئموورانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی مهاباد، خەلیل ئیسماعیلی ـیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەست بەسەر کردووە و هاوکات ماڵەکەشیان پشکنیوە و هەندێ کەرستەی تاکەکەسی وەک موبایل و لەبتابی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆیان بردووە”.

هەر بە پێی زانیاریی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، خەلیل دوای 1 مانگ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە بازداشتگەی مهاباد، بەتاوانی هەبوونی پێوەندیی سەلمێندراو لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم  بۆ بەندی ٢ی ئەلف ـی سپای پاسداڕان لە بەندیخانەی “ئێڤین” ڕاگواستراوە.

نها ٤ مانگ بەسەر دەربازبوونی ئەو چالاکە کوردەدا تێپەڕ بووە لێ هەتا ئێستاش مافی گرتنی پارێزەر و سەردانی بنەماڵەکەی پێنەدراوە.