کوردستان مەکۆی لێبووردەیی/لاوێکی تریش لە مەرگ ڕزگاری بوو

0
1272

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی سەرچاوە ناوخۆییەکان، “هێمن هەورامی نژاد”، تەمەن ٢٤ ساڵان و خەڵکی شاری سنە، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی بە هۆی لێبووردەیی بنەماڵەی کەسی کوژراو، لە مەرگ ڕزگاری بوو.

هێمان، حەوت ساڵ بەر لە ئێستا، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بۆ بڕدرابۆوە، بەڵام بە هەوڵی چالاکانی ناوخۆ و داوای لیبووردن لە بنەماڵەی کەسی کوژراو، سزای سێدارەکەی هەڵوەشایەوە.

ئەو لاوە کوردەی شاری سنە، سالی ١٣٩٠ و لە تەمەنی ١٧ساڵان و لە کاتی شەڕ و کێشە لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بە ناوی”پوویا ئەبولقاسمی” چەند زەبرێکی چەقۆی لێدابوو و کوشتبووی و هەر بەو هۆیە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، لەلایەن دادگای سنەوە سزای سێدارەی بۆ بڕدرابۆوە.

ئەو حوکمە لە “دیوانی باڵای وڵات” و مانگی خەزەڵوەری سالی ٩٤ پشتراست کرایەوە، ئوە لە کاتێکدایە کە بەپێی راپۆرتی پزیشکی یاسایی، ئەو تۆمەتبارە لە کاتی کوشتنی ئەو کەسەدا بەهۆی کەمتەمەنییەوە، لە بواری تێگەیشتنەوە باڵغ نەبووە.

 لە ماوەی ڕابردوودا چالاکان و هاووڵاتییانی شاری سنە، بە شیوازی جۆراوجۆر  سەردانی بنەماڵەی کوژراکەیان کردووە و قەناعەتیان پێهێناون تا لە بکوژی کوڕەکەیان خۆش بن و خوێن بە خوێن نەشۆنەوە کە لە ئەنجامدا سەرکەوتنیان وەدەست هێنا .

هەر لەمساڵدا، ڕەئووف حوسێنی، مێرمنداڵی کوردی مەحکووم بە سێدارە کە لە بەندیخانەی سەقز دەستبەسەر بوو، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کەسی کوژراو، لە مەرگ ڕزگاری بوو.

“ڕەئووف حوسێنی”، کوڕی محەممەدکەریم، لەدایک بووی 8ی ڕێبەرندانی 1375ی هەتاوی کە ڕێکەوتی 17ی گەلاوێژی 1392یهەتاوی لە باژێڕی سەقز بە هۆی ئەنجامدانی مرۆڤکوژیی بە ئانقەست دەستبەسەر کرا و مانگی گوڵانی 1394ی هەتاوی لە دادگای گشتیی سەقز، سزای تۆڵە واتا سێدارەی بەسەردا سەپابوو

بنەماڵەی حەسەنی وێڕای بنەماڵەی کەسی کوژراو، ڕێکەوتی 24ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە دادگا ئامادە بوون و بنەماڵەی کەسی کوژراو بەو مەرجە کە ڕەئووف لە سەقز نەژیت و بچتە شوێنێکی تر، لێی خۆش بوون.