یەکێک لە مێرمنداڵە بەندکراوەکانی کورد بە مەرجی کێشانی ١٠ ساڵ بەندیخانە، لێبووردنی بۆ دەرچوو

0
1052

مرۆڤایەتی: ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، یەکێک لەو مێرمنداڵە کوردانەی کە سزای سێدارەی بۆ دەرچووبوو، بەو مەرجە کە ١٠ ساڵ لە بەندیخانە دابێ، لە لایەن سکاڵاکارانەوە، لێبووردنی بۆ دەرچوو.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سکاڵاکاران ڕۆژی دووشەممە لە دادگا ئامادە بوون و ڕەزامەندی و لێبووردنی خۆیان لەو مێرمنداڵە کوردە کە لە تەمەنی ١٥ ساڵاندا تاوانی مرۆڤکوژی ئەنجام داوە، راگەیاند.

ئازاد محەممەدزادە، کوڕی عوسمان کە تا پۆلی یەکەمی ناوەدنی خوێندووە و لە دایک بووی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٧٦ی هەتاویە، ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، بە تاوانی مرۆڤکوژیی بەئانقەست دەستبەسەر کراوە و ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن دادگای گشتیی سەقزەوە، سزای تۆڵە (سێدارە)ـی بەسەردا سەپاوە.

بنەماڵەی کەسی کوژراو بە بۆنەی جەژنی لەدایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام و بەو مەرجە کە ناوبراو، ماوەی ١٠ ساڵ لە بەندیخانە بەندبکرێ، ئامادەبوون ڕەزامەندی بدەن و بەو جۆرە سزای سێدارە لەسەر ئەو مێرمنداڵە کوردە، لابچێ.

ئازاد محەممەدزادە، ئێستا لە بەندیخانەی سەقز دەستبەسەرە.