زنجیرەیەکی نوێ لە خۆکوژی لە کوردستان سەری هەڵداوەتەوە/ ٣ خۆکوژی لە ١٠ ڕۆژدا

0
1355

مرۆڤایەتی: بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە مرۆڤایەتی، ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەشەمەی۱۳۹٥ـی هەتاوی گەنجێکی تەمەن ۲۰ ساڵان بە ناوی “سروش مەعرەفەت” لە گەڕەکی “سەرقەبرانی” شاری سەقز لە ڕێگای خۆخنکاندنەوە بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەوە ١٧ـەهەمین خۆکوژیی هاووڵاتییانە کە لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە لە شاری سەقز تۆمار کراوە.

تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ئەم خۆکوژیە ڕوون نەبوەتەوە ، بەڵام دەکوترێت بە هۆی کێشەی خێزانەوە خۆی کوشتووە.

هەروەها شەوی پێنج‌شەممەی ڕابردوو ٦ی ڕەشەمە، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی خەڵکی گوندی “قەڵارو  تەڵە”ی سەر بە شاری دیواندەرە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەمبارەوە رایگەیاندووە، ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵانە کە تا ئێستاش شوناسی ناڕوونە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی بە خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە هەمان ڕۆژدا، ژنێکی ٤٥ ساڵانی خەڵکی گوندی کانی سپی ـی سەر بە شاری شنۆ، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا کە دوای ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئورمیە بە هۆی قووڵ بوونی برینەکانی، گیانی لە دەست دا.

بێکاری، هەژاری، دەستکورتی و کێشەی بنەماڵەیی لە ناوچە و لە شار و پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکان لە نێو هاووڵاتییانی کورد بەئەژمار دێن.