هێزی ئینتزامی لەناو پاسگایەکدا لاوێکی کوردیان کوشت

0
1891

لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە بە مەبەستی دانانی کامێرای چاوەدێری سەردانی پاسگایەکی هێزی ئیتزامی کردبوو، هەر لەوێ بە دەستی مەئموورێکی ئەو ناوەندە نیزامییە کوژرا.

لاوێکی خەڵکی شاری سنە بەناوی عەزیز یووسفی لەلایەن مەئموورێک پایەگای ئینتزامیی “سێ‌ رێیانی شالمان”ی شاری سنەوە بە زەبری چەک گیانی لێ ئەستێندرا.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو بڵاوی کردەوە، ئەو رووداوە رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر لەو بنکە نیزماییەی هێزە ئینتزامییەکان هاتۆتە ئاراوە.

سەرچاوەکە ئاشکرا کردووە، که عەزیز یووسفی لەلایەن مەئموورێکی هێزی ئینتزامییەوە، کە خەڵکی باکووری ئێرانە، کوژراوە.

هێزە ئینتزامییەکان سەرەڕای کوشتنی ئەو لاوە کوردە، به بنەماڵەکەیان راگەیاندووە کە کوڕەکیان خۆی کوشتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئەو لاوە کوردە لەژێر چاوەدێریی توندی هێزە نیزامییەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێراندا بەرێوە چووە.

عەزیز یووسفی، دانیشتووی گەڕەکی “حاجیاوا”ی شاری سنەیە و رێوڕەسمی سەرەخۆشییەکەی لەو گەڕەکە بەڕێوە چووە.