زیندانییەکی کورد لە ڕەجایی شاری کەرەج، دەستدرێژی کرایە سەر

0
1002

مرۆڤایەتی: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کەسانی سیخوڕ و لات و چەقۆکێشی سەر بە حیفازەت ئیتلاعاتی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، دەسترێژییان کردۆتە سەر لاوێکی کورد بەناوی ” موحسین . ڕ” تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی ” ڕ . ڕ” .

ماڵپەڕی هەنگاو لەمبارەوە ڕایگەیاندوە: “موحسین دوو مانگ بەر لەئێستا  بە تاوانی گوازتنەوەی “مەشڕووب” لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی کەرەجەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ڕەجایی شاری ئەو شارە گوازراوەتەوە.

ئەو زیندانییە کوردە ئێستا لە بەندی ٣ی زیندانی ڕەجایی شار ڕاگیراوە و سکاڵای لە هەمبەر ئەو دەستدرێژییە تۆمار کردووە بەڵام سکاڵاکەی  لەلایەن بەرپرسانی حیفازەت ئیتلاعاتەوە بێ وڵام ماوەتەوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەمبارەوە بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاندووە کە “بەرپرسانی حیفازەت ئیتلاعات، “موحسین “یان ئەشکەنجە داوە و داوایان لێکردووە سکاڵاکەی وەربگرێتەوە.”

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕاشیگەیاندووە: ” لەو ڕووەوە کە دەستدرێژی کارەکان کەسانی سیخۆری حیفازەت ئیتلاعات بوون و کەسانێکن کە لە زیندان ماددە هۆشبەرەکان بڵاو دەکەنەوە، سکاڵای ئەو زیندانییە کوردە بێ وڵام ماوەتەوە و ماوەی ٤ ڕۆژە کە لەو بەندەدا ڕاگیراوە و بەشێوەیەکی بەردەوام دەستدرێژی دەکرێتە سەر.”