لە سەردەشت لە نێوان کاسبکاران و هێزەکانی ڕژیم، ئاڵۆزی هاتۆتە ئاراوە

0
1416

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری مرۆڤایەتی لە باژێڕی سەردەشت، کاتژمێر نزیک بە ٢ی شەوی هەینی 5ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، چەند کاسبکاری باژیڕی سەردەشت لە کاتی دەربازبوون بۆ سنووری نێوان سەردەشت و قەڵادزێ، لە شاخی دۆلان کەوتوونە ناو بۆسەی پاسگای گوندی بێژووێ.

ئەو کاسبکارانە لە جیاتی خۆڕادەست کردن و خۆبەدەستەوەدان، لە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی وەدەست هاتوون و تەنانەت توانیویانە بۆسەکە بشکێنن و خۆ دەرباز بکەن و دەگوترێ توانیویانە چەکێکی هێزەکانی ڕژیم لەگەڵ خۆیان ببەن.

برای یەکێک لەو کاسبکارانە بە هەواڵنێری مرۆڤایەتی ڕاگەیاندووە کە دوای ئەوەی کە وڵاغدارەکان گەیشتوونەتە شوێنێک بە ناوی بازاڕی ئەشکەنە (یەکەم گوندی کوردستانی باشوور لەلای سەردەشتەوە)، هێزەکانی پ ک ک کە لەو بازاڕە قاچاغەن و گومرگ وەردەگرن، چون بۆ لایان و دوای ئەوەی کە هەموو تێڕ و بارەکانیان پشکنیون، چەکەکانیان لێ ئەستاندوون و چەکیان کردوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتیشێ”ئەو وڵاغدارانە تا ئێستا لەو دیوی کوردستانی باشوور ماونەتەوە و مەترسی گەڕانەوەیان  لەسەرە و لە ترسی ئەوەی کە ڕاپۆرتیان لێدرابێ و ناویان درابێ بە ڕژیم ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان”.

لەلایەکی ترەوە ٢٤ کاتژمێر بەر لەو ڕووداوە، کەسێکی تر بەناوی ڕ. سوور، خەڵکی گوندی وەڵیوی سەر بە شارەدێی نەڵاس، لە کاتی هاتووچوو بۆ سنوور لە نزیک مەقەڕەکانی پارتیکرێکارانی کوردستان و لە شوێنێک بە ناوی ئەشکەوتە سوور کە لە خاکی کوردستانی باشوورە، کەوتۆتە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕژیم و بار و ١٢ سەر وڵاغەکەی دەستبەسەر کراون و توانیویە خۆی قوتار بکا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو هەواڵە بە هەواڵنێری مرۆڤایەتی ڕاگەیاندووە کە گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە تەواوی ئاگاداری ئەو دۆخە و دەستبەسەرکرانی ئەو هاونیشتمانییە بوون بەڵام هیچ دژکردەوەیەکیان لە خۆیان نیشان نەداوە و هێزەکانی ڕژیم لەبەر چاوی ئەوان بار و وڵاغەکانیان تاڵان کردووە.

هەروەها دەگوترێئەو هاووڵاتییەش تا ئێستا لە ترسی گیانی خۆی و ئاشکرابوونی ناوەکەی، نەیوێراوە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆی.