نووسینی: فەرانەک ئەلماسی
توندوتیژی دژ بە ژنان کێشەیەکی جیهانی و تایبەت بە وڵات، نەتەوە و گرووپێکی تایبەت نیە کە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر کەم تا زۆر جێگر و نیهادینە بووە و بە شێوەیەکی سیستماتیکی دووپاتە دەبێتەوە کە ئەم شێوە هەڵسووکەتە بووە بە نۆرمێکی ڕۆژانە. لە پێوەندی لەگەڵ پێناسە و چۆنیەتیی توندوتیژی، ڕوانگەی جۆراوجۆر هەیە و ئەوە ی کە ئەمڕۆکە لە هێندێک لە وڵاتان بە توندوتیژی و دەستدرێژی بە ئەژمار دێت تاوانە، بەرهەمی هەوڵ و بەربەرەکانیی ژنانی ئازادیخوازە، بەڵام بەداخەوە ئەمە تازە سەرەتای کارە و ئێستاش لە چوار گوشەی دونیا کوژران و هەڕەشە و لەناوبردنی کەسایەتیی ژن وەک مرۆڤێک، بە دڕندە ترین شێوە دەبیندرێت.
هەروەک ئاماژەی پێکرا ئەم کردەوە دڕندانەیە، چۆن پێناسە دەکرێ و بۆچی ناو دەنێی توندوتیژی؟ لێکۆڵینەوە و ئەزموونی کەسانی لێوەشاوە و جۆراو جۆرەکان ئاماژە بە هێندێک فاکت و هۆکاری وەک هەڵاواردنی چینایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، دواکەوتوویی فەرهەنگی، ڕۆڵی ئایین (مذهب) و بیروباوەڕ و دەسەڵاتی پیاوسالاری کردوە.راستییەکەی ئەوەیە کە هەمووی ئەمانە لە پێکهێنانی توندوتیژی و تایبەتیی توندوتیژی بە دژی ژنان ڕۆڵیان هەیە، بەڵام پرسیارێک کە لێرەدا دێتە پێش ئەوەیە کە کام یەک لەوانە هەڵقوڵاوی ئەوی دیکەیە؟ بە بڕوای نووسەر هەر جۆرە ناحەقییەکی جەستەیی، رۆحی، سێکسی و ئابووری لە هەمبەر ژنانەوە لەلایەن پیاوانەو بێتە ئاراوە توندوتیژی دەژمێردرێ کە هەرکامیان بە نۆرەی خۆیان دیسان هۆکاری دروست بوونی دەیان توندوتیژیی جۆراوجۆرە کە لە نووسینێکی ئەوتۆدا دەرفەتی پڕژانە سەر هەموویان نیە، بەڵام ئەگەر بە یەکێک لەوانە کە بە بڕوای زۆرینەی ژنان کە لەسەروی هەموویانەوەیە “ئابوورییە” ئاماژە بکەین، دەبێ بگەڕێینەوە سەر پرسی هەڵاواردنی چینایەتی و سیستمی دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگادا.
هەموو سیستەمە جۆراوجۆرە دەسەڵاتدارەکان بە درێژایی مێژوو، پیاوانە بووە و دەسەڵات بە دەست پیاوانەوە وەک ڕەگەزێک لە بەرامبەر ڕەگەزی دووهەمدا کە ژنان بن. کەواتە پیاوان هەلی زیاتریان بۆ دۆزینەوەی کارو گەشەکردن و پەرەسەندنی ئابووری بووە و ئەم سیستمە دوو جۆرە توندوتیژی ڕەگەزیی و ئابووری بەدژی ژنان لەگەڵ خۆی هێناوە کە لە ئاکامدا ژنانی ناچار و تەسلیم بە ژیانی کۆیلایەتی کردووە،. ژنان بۆ بژێوی ژیان واتە، تەنیا بۆ زیندوو مانەوە، ئامادە بە کردنی کارگەلێکی دژوارو تاقەت پڕِووکێن بوون بە کەمترین حەقدەستەوە کە ئێستاش درێژەی هەیە، ئەم بارودۆخە کە توندوتیژی شوێنی کار، توندوتیژی ڕۆحی و دەروونی، توندوتیژی ماڵی کە هەڵاواردنی حەقدەستی ناوە و چونکە بە زۆریشە، جۆرە توندوتیژیەکیشە لە گەڵ توندوتیژی نەبوونی ئەمنیەتی کاری ناوزەد دەکرێت، بە پێی داتاکان کە هەمووکات لە ماڵپەرە حکومەتیەکان بڵاو دەکرێنەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە خاوەنکارەکان هەوڵدەدەن ژنان بهێنن نێو بازنەی کارگاکانیان لە بەر ئەوەی هەم حەقدەستیان کەمە و هەم هیچ یاسایک نیە کە پشتیوانی مافەکانیان بێت ، بۆیە ئەوانیش بە خۆاستی خۆیان لە گەڵیان هەڵسووکەوت دەکەن و تەنانەت ئەو حەقدەستە کە یەک لە سەی حەقدەستی پیاویک نیە، پێیان نادریت.
بەشێکی زۆر لە ژنان بەهۆی نەدارییەوە ناچار بە شووکردنی زۆرە ملی دەبن کە نەتەنیا توندوتیژییە، بەڵکوو دەستدرێژیی ڕەگەزییە کە توندوتیژی بە ئەو پەری خۆی دەگەیەنێ. لەشفرۆشی و کڕێن و فرۆشتنی سێکسیی ژنان بە هۆی نەدارییەوە ، ئەوپەڕی پەستی و پەیوەندی بە کوشتنی ژنان تۆمار دەکات.
کە واتە بە بڕوای نووسەر، تا ئێرە دەستکورتی و بیرکردنەوەی پیاو سالاری دوو هۆکاری سەرەکیین کە بە توندترین شێوە توندوتیژی لە گەڵ ژنانی پێدەکرێ و سەدا سەد هۆکاری دیکەش ڕۆڵیان لە کلتووری پیاوسالاریەوە بگرە تا پرسی نەدارییەوە.