دیمانەی تایبەت لەگەل خاتوو گەلاوێژ عەبدی چالاکی مافی ژنان

0
1521

هاوار: وه‌ك چالاكوانێكی بواری ئافره‌تان له‌ ئێستادا رەوشی ئافرەت لە كوردستان چۆن دەبینی؟

عەبدی: بەر لە هەموو شتێکدەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە بە هۆی ئەوەی کە کیانێکی سەربەخۆمان نییە و هەر بەشێک لە کوردستان کەوتۆتە بن دەستی وڵاتێکی داگیرکەر، ژنانی هەرپارچەیەک بەهۆی هێژموونی وڵاتەکەی وا دەستی بەسەردا گرتووە دەور و رۆڵ و خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافەکانیان جیاوازە و تەنانەت حیزبەکانی پارچەکانیش دەور و ڕۆڵی خۆیان دەبینن لەو بوارەدا، ئەگەر لە بچووکترین پارچەی کوردستان واتە رۆژئاواوە دەست پێ بکەین ، دەبێ بڵێم :

الف – لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی ئەوەیکە حیزبی دەسەڵاتدار لە بەڕێوەبەریی ئەوپارچەیە و بنەمای سیاسی ئەو لایەنە بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی کە سیستمێکی سێکۆلار دابمەزرێت و ئەوەش ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە ژنان لەو پارچەیەدا بتوانن دەور و رٶڵی خۆیان ببینن و تەنانەت لە هەموو دام و دەزگاکانی بەڕێوەبەریی ئەو پارچەیە بەشێوەی هاوسەرۆکایەتیی واتە بەڕێوەبەریی لەلایەن ژن و پیاوەوە بەڕێوە بچێت و تەنانەت ژنان ببن بە سەمبولی بەرخۆدان و بێنە ریزی پێشوەی بەرگریی لە وڵاتەکەیان و ببن بە وێردی سەر زمانی هەموو دونیا و لەگەڵ دڕندەترین بیرۆکەی ئایینی سەردەم بەرەوڕوو ببنەوە و شانازیی بۆ خۆیان تۆمار بکەن ، بۆ نموونە بەرخۆدانی ژنانی رۆژئاوا لە شەڕی داعش لە کۆبانی و عەفرین.

ب – لە باشووری کوردستان بەداخەوە ، هەرچەندە حیزبی چەپ و سێکۆلاریشی تێدایە کە خاوەن مێژوون بەڵام بەهۆی موئامەرەی سیاسی و ململانێی حیزبی زۆرجارئایین وەپێش بنەماکانی تر کەوتووە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ببێتە کۆمەڵگایەکی ئایینی و تەنانەت پارلمانیش زۆرجار یاسایەک دەردەکات کە ئایین دەکات بە بنەما ، جا لەوکاتانەدا هەموو هەڵسووکەوتێکی ژنان بە پێوەری شەرعی ئیسلام هەڵدەسەنگێندرێ و زۆر جار بەربەست لەبەردەم چالاکی ژناندا درووست دەکات ، هەرچەندە کە کەم نین ئەو ژنانەی کە چالاکن بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان .

ج – لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەرچەندە کە حکوومەتێکی دینی و تاسەر ئێسقان دڕندە حاکمە وسەنگسار دەکرێت و رۆژانە ژنان لەوێدا بێڕێزییان پێ دەکرێت و بەربەستی بۆ درووست دەکرێت ، بەڵام خەباتی ژنان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بەردەوامە ، بۆ نموونە ژنانی مەریوان سەرەڕای رێگریی زۆر لە سواربوونی دووچەرخە ( پاسکیل ) بەڵام کۆڵیان نەدا و بەردەوام بوون لە کاری خۆیان، رۆژانە بە بیانووی داپۆشینی قژی سەرو شێوەی پۆشینی جل و بەرگ لەلایەن دام و دەزگای ئەمنی ئێرانەوە دەگیرێن و زیندانی و جەریمە دەکرێن بەڵام ژنان تەنیا بچووکترین بایەخێکیان بۆ دانەناوە و تەنانەت لە ماوەی چەند مانگی رابردوو کەمپەینی لابردنیحیجابی ئیجبارییان بەڕێوە برد و لەسەر شەقامەکان لەچکە و ڕووبەندەکانیان لابرد و وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە بە بێ ئەوەی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا سڵ بکەنەوە.

د – لە باکووری کوردستان دەکرێ بڵێم لەوێش ئایین دەور و کاریگەریی نەرێنی بووە بەڵام بە بوونی حیزبە سیاسییە کوردییەکان وەک ( هە. دە . پە ) ژنیش توانی دەور و رۆڵی خۆی ببینێ و تا ئەندازەیەک لە ژێر کاریگەریی پیاو مەزنی و مەزهەب و ئایین خۆی دەرباز بکات.

بە گشتی ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو قسانەبکەین لەسەر وەڵامی پرسیارەکەی بەڕێزتان ، دەبێ بڵێم ژنان لە کوردستان سەرەڕای حەول و چالاکییەکانیان بەڵام لە رەوشێکی باش دا نییە چون هێشتا نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆی بگات.

هاوار:ئافرەتان لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە پێگەیه‌كی به‌رچاویان نییه‌، تا چه‌ند خۆیان له‌و بواره‌دا كه‌مته‌رخه‌مییان كردووه‌؟

عەبدی: هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد لەو کۆمەڵگایەدا کە ئایین باڵادەستە ، ژن هەر  لە چوارچێوەی ماڵەوەدا و بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی نێو ماڵ نەیتوانیوە و یا باشترە بڵێم نەیان هێشتووە لەو چوارچێوەیەدا بێتە دەر و کار کردن بۆ ژن لە دەرەوەی ماڵ وەک گوناح و عەیبەی لێهاتووە ،ئەڵبەتئەوەی من مەبەستمە باسی بکەم لایەنی زۆرینەی ژنان دەگرێتەوە ، دەنا ژنی چالاکمان هەیە و لە دەرەوەش ئەرک و کاری رۆژانە بە ڕێوە دەبات و تەنانەت لە ئیدارە و دایرە حکوومییەکاندا دەوام دەکات ، بەڵام ئەمە دڵخۆشکەر نییە چوون زۆرینەی ژنان ناگرێتەوە ، و لەبواری سیاسیدا تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان بینیومانە دەنا لە پارچەکانی تر زۆر کەم بووە ، بەڵام ئەوەی زۆرتر جێی گلەیی و گازندەیە ئەوەیە کە ئەگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی حکوومەتە دینییەکەی ژن ناتوانێ بچێتە ناو سیستمی سیاسییەوە ، خۆ لە باشووری کوردستان دەسەڵات بەدەست لایەنە کوردییەکانەوە بووە ، باشە لەوێ بۆ نەیانتوانیوە دەور و رۆڵی خۆیان بگێڕن،

لەوانەیە بڵێن زۆرمان ژنی پاڕلمانتار و وەزیر هەیە ، بەڵام ئەو وەڵامە من قانع ناکات ، چون بە ئەندازەی پەنجەکانی دەستیش نین، ئەو ژنانەی لە ڕێبەری حیزبە سیاسی و دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی وڵاتدان کامانەن و دەور و کاریگەرییان چییە ، جا ئەوە بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش بە هەمان شێوەیە بەڵام لەوانەیە پاساو هەڵگر بێت کە بڵێین حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ناو پارچەکەی خۆیاندا نین و دەسەڵاتیان بەدەست نییە ، ئەڵبەت ئەوەش نابێتە هۆکار بۆ قبووڵ کردنی ئەم وەزعەی بەسەر ژنان هاتووە. جا لە کۆتایی وەڵامەکەدا دەمەوێ بڵێم یەکەم هۆکار بۆ نەبوونی پێگەی ژنان کۆمەڵگایە و دوهەم ، ژنان خۆیان هۆکارن و ئەو ژنانەی وا چالاکن ، رێنوێنی ژنانیژێر دەستە ناکەن کە چی دیکە بەژێر دەستەیی نەمێننەوە.

هاوار:-زۆر جار دابونەریتی كۆمەڵگه‌ به‌ رێگر و كۆسپی به‌رده‌م بەرەوپێشچوونی ئافرەتان داده‌نرێ، چۆن ده‌كرێ به‌سه‌ر ئه‌و نه‌ریتانه‌دا زاڵ ببن؟

عەبدی: یەکەم شت بۆ دەرباز بوون و زاڵ بوون بەسەر نەریتەکانی کۆمەڵگا ئەوەیە کە دەبێ حەول بدرێت یاسای ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای دێمۆکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و بەرابەریی ژن و پیاو دابمەزرێت و بەیاسایی بکرێت ، واتە کۆمەڵگاکە ببێت بە کۆمەڵگایەکی چەپ و سێکۆلار، دەنا لە ژێر یاسای ئیسلامدا هەر ئەوەیە کە دەبیندرێ.

هاوار:نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێ كه‌ زۆرینه‌ی میدیای كوردی بایه‌خیان به‌ مافه‌كانی ئافره‌ت داوه‌ و كه‌م و تا زۆر كاریان له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ڵام بۆچی تا ئێستا خۆكوشتنی ئافرەتان بەردەوامە؟

عەبدی: بە بڕوای من میدیا سەرەڕای ئەوەی کە جار و بار و لەبۆنەکاندا بایەخی بە ژن داوە ، چالاکی ژنان باسی لێوەکراوە ، بەڵام با لەبیرمان نەچێت کە هەموو میدیاکان بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان میدیای حیزبین و میدیای سەربەخۆ بوونی نییە ، هەموو مافی ژنان لە روانگەی سیاسەتی حیزبەکەیانەوە دەبینن و بۆیان دادەڕێژرێ کە تا چ ئاستێک گرینگی بە بواری مافەکانی ژنان بدەن ، باشە حیزبێکی سیاسی کە بۆ بانگەشەی سیاسی و هەڵبژاردنی نوێنەرانی لە پارلمان بنەمای خزمەتگوزاریی و پیاوچاکی نوێنەرەکەی لەسەر ئەوە هەڵدەسەنگێنێت کە فڵان کاندیداتۆرمان قوڕئان خوێنی نێودەوڵەتییە !! چۆن دەتوانێ لە میدیاکەیەوە مافی ژنان ڕەچاو بکات . دەسەڵاتێک کە لە پەڕلەمان یاسای فرەژنی پەسەند دەکات چۆن دەتوانێت مافی ژنان دەستەبەر بکات، هەربۆیە ژنان رۆژانە دەچەوسێنەوە و تەحەدایان دەکرێتە سەر و بە پێی شەریعەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەکۆمەڵگایەکی پیاوسالاریش دا کە پاساوی ئایینی هەیە نابێ لەوە زیاتر چاوەڕوانیت لێی هەبێت و  بۆیە رێژەی خۆکوژی ژنان زۆر جێی نیگەرانییە .

هەربۆیە من پێموایە هەموو حیزبەکان تەنیا لە بۆنەکانی وەک ٨ ی مارس و لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ژنانیان بیر دەکەوێتەوە و دواتر هەموو کپ دەکرێتەوە ، هەمو لایەنە سیاسیەکان تەنیا لە کاتی تەنگانە و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بیریان دەکەوێتەوە کە ژن نیوەی کۆمەڵگایە .

هاوار:به‌ڕای تۆ ئەو میكانیزمانە چین كە توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان كه‌م ده‌كاته‌وه‌؟

عەبدی: تەنیا و تەنیا رۆشنگەریی کۆمەڵایەتی کە بە یاساکرابێت و دەرهێنانی بنەمای ئایین لە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا دەتوانێ ئەو توند و تیژیانە کەم بکاتەوە،

لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم عەداڵەتی کۆمەڵایەتیی ومافەکانی ژنان تەنیا لە کۆمەڵگا سێکۆلارەکان و دێمۆکراتەکاندا بەدیی دێت ، نموونەش وڵاتانی رۆژئاوایی ، بەپێچەوانە دێمۆکراسی و مافی بەرابەریی ژن و پیاو لە وڵاتانێک بەدیی نایە کە لەسەر ئەساسی ئایین و شەریعەت بنیاد نرابێ ، نموونەش وڵاتە ئیسلامییەکان کە رۆژانە ژن دەچەوسێتەوە ، دەکووژرێ، سەنگسار دەکرێ، بێڕێزیی پێ دەکرێ،دەست درێژی دەکرێتە سەر و وەک کاڵا بازەرگانی پێوەدەکرێت و دەکرێتە کۆیلە و دەفرۆشرێت وەک کچانی ئێزدیی.

سازدان: هیوا مەولان نیا

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here