سیمۆن دوبوڤوار و شۆڕشی فێمێنیزم

0
1477

شەهید کەوڵۆسی
“سیمۆن دوبوڤار” و شۆڕشەکەی دەربارەی” فێمێنیزم ” تا ئەمڕۆکە مۆدێلێکی بەرگری و جەوهەرێکی دیکەی دروست کردنەوەی “ژن” بوونە بە مانا ئارکیۆلۆژی و ناتیورێل و گەردونیەکەی.

سیمۆن دوبوڤار لە کتێبی رەگەزی دووەمدا دەڵێت ‘ ژن وەک ژن لە دایک نابێت بەڵکە وەک نەتیجەی ئەو ئاراستە کلتوری و ئایدیۆلۆژی و ئاینیانە دەبێتە ژن کە فۆرمێکی گونجاو بۆ ڕەگەزی مێینە دەدۆزێتەوە کە لەگەڵ خواست و ئارەزەو و هەیمەنەی پیاودا یەکانگیربێت. لێرەوە ڕەگەزی دوەم کە “ژنە” لە سەرەتاوە بە پرۆسەیەکی ژن بون و خود شوناسییەکی سروشتیدا تێناپەڕێت، بەڵکە وەک کەرەسەیەکی خاو کاری لەسەر دەکرێت و دواجار بڕیار دەدرێت کە دەبێت چی بێت و چۆن خەلقێک بێت؟ دوبوڤوار لە تێزەکەیدا کە دەربارەی سروشتی ژن نوسیویەتی لە کتێبی ڕەگەزی دووەمدا دەڵیت: ‘ هیچ خوێندنەوەیەکی زانستی و، تیگەشتنێکی بیۆلۆژی و شیکاریەکی پسیکۆلۆژیمان نیە کە لە ڕێگای ئارگیومۆنت و تیزە زانستیەکانیانەوە پێمان بڵێن کە ژن لەبەر لاوازی و کەم هۆشییە سروشتیەکەی، دەبێت وەک رەگەزی دووەمی ژێرەوە تەماشا بکرێت، بەڵکە مێژویەکی بەربەریمان هەیە کە بە وردی ئیشی کردووە لەسەر بە کەم زانین و چاوپۆشی کردن لەسەر توانا عەقڵی و جەسەدیەکانی ژن، لە سەرو هەمویانەوە مێژویی شارستانیەتەکان کە بە تۆخی ئیشی لەسەر دەستەمۆکردن و زەلیل کردنی ژن کردووە. لە لایەکی دیکەوە ژیانی ژن کە لە هەمان کاتدا لەو ئاراستە کلتوری و مێژوییەوە دێتە دەرەوە دەبێتە ئەو جێگایەی کە دەبێت ژن بەم شێوەیە بێت، واتە لە ناو خیزان و قوڵایی کۆمەڵگاکاندا ژنێک دروست دەکرێت کە هیچی لەو ژنە سروشتی و ناتیورێلە ناچێت کە گەردون پێی بەخشیووە.

لە راستیا رەگەزی دووەم هەر لە مناڵیەوە وەک ژنێک وەها دروست دەکرێت کە هیچ یەک لەو شتانە بە هی خۆی نەزانێت کە دەبێت هی ئەویش بن، ئەو مناڵە کە هێشتا لە قۆناغی هۆشیاریدا نیەو نایئاوزێ تەنانەت بزانێت چی خەلقێکەو چۆن هاتۆتە بوون، کلتوری کۆمەڵگاکان وەهای رادێنن کە هیچ شتێک لێرە مایەی سەربەرزی و شەرەفی ئەو نیە، واتە چەندە ژن دەبێتە سامانی رەمزی و شەرەف و بەهای بە کەڵکی پیاو بەهەمان ئەندازە ژن لەسەر ئەوە پەروەردە دەکرێت کە هیچ شتێک وەک بەهای ژن لێرە و بۆ ئەو لێرە نیە ، ژن خاوەنی تەنانەت رەگەزی سیکسی خۆشی نیە ، لە دەرەوەی هەڵبژاردن و خواستی بە دەست هێناندایە، کۆمەڵگای پیاوسالاری لە کوێدا برسی بێت کچەکانی خۆی دەکوژێت بە هۆکاری هەژاری. دوبوڤوار دەیەوێت بڵێت کە ژیانی ژن وەک خاوەندارێتی پیاو ئیسپاتکراوە، واتە ئەوە پیاوە بڕیار دەدات ژن کەی دەبێت بژی و کەیش دەبێت بمرێت.

ئەم قەدەرە تاڵەی ژن چەندە لە ڕووی مێژوییەوە جێگەی شەرەف و سەربەرزی پیاو بووە، ئەوەندەش لە ڕوی کلتوری و کۆمەلایەتیەوە مایەی ئاسایش و زامن کردنی هەواو ئارەزوی پیاوان بووە، ئەگەر مێژوو دەستی هەبوبێت لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگاکان بۆ ئەوەی ژن وەک تەنها ئۆبژیەک تەماشا بکەن ئەوە لە ڕوی کلتوریەوە شاندادان لەسەر فاکتە مێژویەکان بەرزترین هەرەمی پیاوسالاریبووە.

ئەوە شاراوە نیە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ژنان خواست و ویستێکی زۆریان بۆ بونە پزیشکی هەبووە، لەبەر ئەوەی دەربارەی گژوگیا و جارەسەرە سروشتیەکان زانیاری زۆریان کۆکردۆتەوە و ئەمەش لەڕوی مێژویەوە پشتراست کراوەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو جارەسەرانەی کە ژنان لە سەدەکانی ناوەڕاستا دۆزیانەوە و بەکاریان هێناوە نەتیجەی زۆر باشی لە چارەسەری نەخۆشیەکان داوەبەدەستەوە، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا ئەم دەسەلاتەی ژنان لە ڕوی پزیشکیەوە لەلایەن پیاوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و ژنان لەوبوارەدا دور دەخرینەوە بە بیانوی ئەوەی کە دەبێت لە بەرزترین خویندنگەکانی پزیشکیدا بخوێنن و دیپلۆمی پزیشکی بە دەستبهێنن، بە هۆکاری نەبونی دپلۆمی باڵا خانمان لەبواری پزیشکیدا پەکدەخەن و بەشێکی زۆری ژنانی پزیشک دەخرێنە زیندانەکانەوە و بە جۆرەها شیوە ئەشکەنجە دەرێن، لە دۆخێکدا لە زۆربەی خوێندنگە باڵاکاندا ژنان تەنانەت مافی ئەوەیان نەبووە بخوێنن ، “سیمۆن دوبوڤار” دەڵێت’ لەگەڵ ئەوەدا ئیرادەیەکی بەهیزی حەزکردن و فیربون و یەکسانکردنەوەی دەسەڵاتی نیوان ژن پیاو لای ژنان هەمیشە لە ئارادا بووە، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی دەسەڵاتێکی پیاوسالاری هەوەسباز هەموو دەسەڵات و کەرەسەکانی بەڕیوەبردنی لای خۆی هێشتۆتەوە ژنان هەرگیز نەیانتوانیوە لە دەستکاری کردنی وێنەی خۆیان لە زیهن و هۆشیاری پیاواندا نزیک ببنەوە بۆ یەکسانکردنەوەی توانایی و بەهاو بەهرە مەزنەکانی خۆیان.

“سیمۆن دوبوڤوار” دەربارەی بچوک کردنەوەی ڕٶڵی ژن و بە دەستی کەم تەماشا کردنی رەگەزی دووەم دەڵیت ‘ کاتێک دایک مناڵە کچەکەی شیردەدات بە هەمان ئەو ڕێگەیە شیری ناداتێ کە دەیدات بە کورەکەی، واتە پرۆسەی دروست کردن و نەخشەڕێژکردنی کەسایەتی و سایکۆلژیای رەگەزی دووەم لە ئەوەڵین ساتی مەمک گرتنی دایکەوە دەست پێدەکات و کۆتاییەکەی دەبێتە ئۆبژێەک بە دەستی پیاوەوە دەبێتە ئێکسیسوار و سەروەتێکی رەمزی پیاو ، کاتێک کوڕێکی مناڵ خواستی سەربەخۆیی تێدا دروست دەبێت کاتێک دەیەوێت بچێتە دەرەوە، کاتێک مەیلی ئەوە دەکات تەنانەت یاری لەگەڵ هاورێکانی بکات لە دەرەوە، بە دڵ خۆشییەوە لە لایەن دەوروبەرەوە هاوکاری دەکرێت و پاڵیپێوە دەنرێت بۆ ئەوەی خۆی وەک پیاوێکی بەهێز بونیاد بنێت ، بەڵام پرۆسەکە بۆ کچان پێچەوانە دەبێتەوە، کچان دەشکێنرێن و بەردەوام ئەوەی بیردەهێنرێتەوە کە ئەو چیەو دەبێت چی بکات و لە شوێنی خۆی بیدەنگ دەکرێت، لە ڕاستیا هەموو کەرەسەکانی بیدەنگکردنی ژنان جگە لە سامانی وەحشیەتگەری رەگەزی یەکەم کە پیاوانن شتێکی دیکە نیە ، واتە هەموو ئەو کەرەسانەی بۆ شەڕ و بیدەنگ کردن و کوشن پیاو بە دەستی هێناون ، ژن دەبێتە یەک لەو کەرەسانەی بیدەنگ کردن لێدان و تێکشکاندن ، هەندێک جار رەگەزی مێینە وەک ئەسلەحەی جەنگی بەکار دەبرێت و، هەندێک جاری دیکە دەبێتە سەنگەری بەرگری و دەبێتە ئەو سەرمایە رەمزیەی پیاو کە نابێت بیدات بە دەستەوەو ، بە مانایەکی دیکە ڕێگا بۆ کوڕان دەکرێتەوە خۆیان دروست بکەن و هەموو کەرەسەیەکی خۆ بونیادنانیان دەخرێتە بەر دەستیان، بەڵام بۆ کچان بێدەنگ کردن و هۆشیار کردنەوەیان لەسەر ئەوەی کە ئەوان پیشتر دروست کراون، پیشتر کەسایەتی و ئیشەکەیان بۆ بونیاد نراوە دەبێت بوەستێنرێن.

گرفتی جەوهەری لەوەدایە کە ئەوە ژنانن مناڵەکانی خۆیان پەروەردە دەکەن، ئەوە خانمانن لەو قوڕە خاوە کەسایەتی و خواست و خولیا لە مناڵەکانیاندا دروست دەکەن، کەواتە بۆچی خانمان خۆیان دەستیان لە تێکشاکاندن و ویران کردن و دەستەمۆکردنی کچاندا هەیە؟ بۆ خانمان فەزڵی کوڕان دەدەن بەسەر کچاندا و کوڕان لەسەر شێوەی باوک پەروەردە دەکەن و کچانیش لەسەر فۆرمی خۆیان ؟ سیمۆن دوبوڤوار دەلیت ‘ ژنان بونەتە ئەو پرۆسە مێژویە کۆنتیونیتێرەی کە باسم کرد، ژنان ئەو ماشینە کلتورییە پاسیڤەن کە دروست کراون بۆ چاپ کردن و دروست کردنەوەی ژن لەسەر هەمان ڕیتم و نۆرم، ژنان لەوەدا گویڕایەڵ نین کە دایکن ، بەڵکە لەوەدا گوێرایەڵن ئەو شتەبن کە کلتورو مێژویی شارستانیەتەکان دروستی کردون، لادان لەم فاکتە کلتوریە تاوانێکە و پشت کردنە ئەم ئاسڕاستە مێژوویە لە دروست کردنی شتێکی دیکەی غەیری ئەم مەخلوقە بێدەنگ و بێ خواست و ناچیزەی کە پێی دەوترێت رەگەزی دووەم سزایەکی ئەبەدی و هەندێک جار مەرگ و کوشتنیش لەگەڵ خۆی دەهێنێت، ژن لەبەر ئەوەی هۆشیاریەکی دیاری کراوی پێدراوە، لەبەر ئەوەی ئەکتێکی فامیلیال و پەیمانێکی کلتوریە لە بنەرەتدا و ئەمەشی وەک هۆشیاری تییدا چەسپێنراوە، ناتوانێت لەو دۆخە دەرونی و تۆزە هۆشیاریە بچێتە دەرەوە کە بەشیدراوە لە لایەن پیاوانەوە..

بوڤوار دەڵێت ‘ئەگەرچی ژنان وەک پیاو دەیانتوانی پیشەی شاوانکاری و جوتیاری و زۆر کاری دێکەش ئەنجامبدەن ، بەڵام ئەمە لە لایەن پیاوانەوە قبوڵ کراو نەبووە تەنها لە حاڵێکدا نەبێت کە بێ بەرامبەر و بێ بونی داهاتێک و پاداشتێک بەو ئەرکانە هەستن ، واتە ژنان نابێت خاوەنی دەسەڵاتی ئێکۆنۆمی خۆیان بن، نابێت هیج سەرچاوەیەکی ئابوریان بخرێتە بەردەست ئەوە نەبێت کە پیاو وەک فەزیلەتی خۆی بەشیدەدات و پێاندەبەخشێت.

لێرەوە جێگەی ژنان دەبێتە ماڵەوەو هەمیشەش ژنان بەوە شکێنراون کە “زەعیف”ەو توانای کاری قورسیان نیە ، دیسکورێکی دوفاق دەبێتە وەزیفەی کلتوری پیاو سالاری لە ئاڕاستە کردنی ژناندا، لەلایەک ناهێڵێت بچێتە دەرەوە و هەموو سەرچاوەکانی مەعیشەتی لێ زەوت دەکات و لە لایەکی دیکەوە ئەم جۆرە لە مانەوە لە ماڵەوە وەک سزایەک بۆ مەخلوقێکی ترسنۆک بێهێز خەواڵوو بەکار دەهێنێتەوە..

ژنان لەبەر ئەوەی لە لایەک خاوەنی هۆشیاریەکی بەرز نەبوون بەرامبەر بەو دۆخە تراژیدیەی تێیکەوتون لە لایەکی دیکەوە ئەگەر لە دەرەوەی ئەو هەلومەرجەی پیاوان بۆیان دیاری کردون بەرخوردیان بکردایە ئەوە کۆمەڵگاکان بە تەواوی هەلدەوەشانەوە و ئەو خیزانە تێکدەچوو کە ژنان لەسەر خواستی پیاو بەڕیوەیان دەبرد، “سیمۆن دوبوڤوارر” لە ڕێگای خوێندنەوەی خۆی بۆ جارەسەری کێشەی ژنان لە کۆمەڵگای پیاو سالاریدا تەنها ڕێگای چارەسەری بەوە دەبینێ کە دەبێت هیزێکی “فێمێنیستی” دروست بکرێت و چالاکەوانی ژنان بە جدی کاری تێدا بکەن و بکەونە ململانێی قوڵی ئەو پێدراوە کلتوریی و مێژویەکانەوە کە ئیشیان لەسەر دروست کردنی ڕەگەزی بێ فەڕ، ڕەگەزی بێ کەڵکی دووەم کردوە کە “مێینەیە”، بوڤوار تەنانەت باسی شۆڕشی فێمێنیستیش دەکات دەربارەی بەگژاچونەوەی سیستەمی پیاو سالاری، لای بوڤوار مەحاڵە بکرێت گۆڕانکاری ڕیشەیی بێتەدی تەنانەت لە ڕێگای شۆڕشیشەوە ئەگەر بێت و پێش هەموو شت لە ڕێگای چالاکەوانانی فێمێنیستیەوە هەوڵنەدرێت بۆ گۆڕینی ڕیشەی هۆشیاری و روانینی کۆمەڵگا لەسەر ژنان.

واتە چەندە گرنگە ژنان هەوڵبدەن بۆ ئەوەی وەک ژن مێژووی خۆیان بە یەکسانی لەگەڵ پیاواندا بنوسنەوە و تەواوی ئەو مافە سروشتی و گەردونیانەوە وەر بگرنەوە کە بەهۆی رەگەزی دووەمەوە لێیان زەوت کراوە کە پیاوانن لە جەوهەری کلتوردا، بەڵکە دەبێت شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی مەزنیش سەر ڕێگا بخەن بۆ ئەوەی هۆشیاری کۆمەڵگاکان دەستکاری بکەن و گۆرانکاری زیهنی ڕیشەیی دەربارەی هەموو شت بەتایبەت بونی ژنان وەک هەبویەکی سروشتی و گەردونی دروست بکەن، بوڤار ئەم هەوڵە تەنها بە ئەرکی سەر شانی ژنان دەزانێت، واتە لەبەر ئەوەی ژنان لە پەروەردە کردن و ئاراستەکردنی مناڵان و تەنانەت کۆمەڵگاشدا ئەرکی گرنگیان لەسەرشانە ، دەبێت لێرەوە ئەو ئەرکە وەک ئەرکێکی ژنانە تەماشابکرێت نەک وەک پەیامێکی مێژووی، مادام یەک لە بەهرەکانی ژنان بریتی بێت لە قسەکردن و بە هۆی هەلومەرجە کلتوریەکانەوە کە بۆ ژنان دروست کراوە کە بە داخەوە ئەم جۆرە گفتوگۆیەی ژنان تەنها لە ماڵەوەو لە نیوان یەکتریدا ڕودەدات، کەواتە دەبێت ئەم جۆرە لە وتووێژ لە پێناو دروست کردنی ئەو جۆڵانەوە فێمێنسیتیەدابێت کە دەتوانێت هەموو ماڵێک بێتە جێگای باسکردنی لێبراڵیزمی فێمێنیستی، تەنها ژنان دەزانن ئازاری ئەوەن جەندە سەخت و دژوارە، ژنان هەست بەو جیاوازییە قوڵەی نیوان ماف و ئەرکی ئەوان و پیاوان دەبینن،دەبێت ئەم جۆرە لە هۆشیاری فێمێنیزم بەرامبەر بەو دۆخە تراژیدیەی کە ژنی تێدایە وەرگێڕێتە سەر شۆڕشێکی فێمێنیستی بەهێزو لە ئاوەژوو کردنەوەی مێژووی پیاوسالاری و هەستانەوەی رەگەزی دومی کۆمەڵگادا دەوری کاری گەرو جارەنوسساز بگێڕێت.

لە هەناو و هۆشیاری هیچ ژنێکدا نیە خواستێک نەبێت بۆ ئازادی و بۆ یەکسان بونەوەی سروشتی نیوان ژن و پیاو، هیچ پیاوێک ناتوانێت ئەوەندەی خانمان خەونی گۆرانکاری و، دروست کردنی کۆمەڵگایەک ببینێت کەتێیدا یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان وەک یەک بێت..

بوڤار ئەوە ناشارێتەوە کە لەلایەن هیزە سیاسیەکانەوە هەندێک جار پێشنیاری ئەوە کراوە کە ژنان تێکەڵی شۆڕش و گۆرانکاریە ڕیشەیەکان بکەن و وەک هیزێکی گەورەی جەماوەری بەکاریان بهێنن، بوڤار ئەمجۆرە لە چارەسەر دەربارەی کێشەکانی فیمینیزم ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە ژنان نابێت بەشداری هیچ پرۆسەیەکی گۆرانکاری بکەن ئەگەر پرۆسەکە لەلایەن فێمینیستەکانەوە بەڕیوەنەچێت، واتە دەبێت خانمان خاوەنی شۆڕشێکی ڕیشەیی فیێمێنیستی بەربڵاو بن لە پێناو تەنها دۆخی ژناندا وەک هەنگاوی یەکەم نەک لەگەڵ پیاوان لە یەک بەرەدابن بۆ گۆرانکاری کلتوری و، سیاسی و، کۆمەلایەتی سیمۆن دوبوڤار بانگەشەی پیاوان بۆ شۆڕش و ئازادی کلتوری و ریفۆرمی سیاسی بە جۆرێک لە فریوی سیاسی و بە مۆدێلێک لە جاوبەستی کلتوری پیاوسالاری تەماشادەکات کە نایەوێت ژنان تەنانەت خاوەنی شۆڕشێکی فێمێنیستی خۆیان بن و لەوێوە لە ململانیدابن لەگەڵ رەگەزی یەکەمدا کە پیاوە، ژنان نابێت چاوەڕیی ئەوە بن حکومەت لە ریگای بڕیاری سیاسی و تەسمیمی حکومرانیەوە ئاڕاستەی خانمان بکات و شۆڕش و داواکاریەکانیان ڕێکبخات، کە لە کۆتایدا ئەوجۆرە لە بڕیاری سیاسی و ئەو فۆرمە لە تەسمیمی حکومڕانی لە هەرکاتێکدا دەتوانێت بکەوێت و پشتبکاتەوە خواست و ئامانجەکانی ژنان.

لە شۆڕشی 1968 ی فەرەنسادا بینیمان کە ژنانی چەپ کە هاوبەشیەکی بەرچاویان کردبوو لە دروست کردنی شۆڕشدا لە فەرەنسا، بەڵام ئەوەی لەبەردەم جەماوەردا گوتاری دەخوێندەوە پیاوانبوون ، ئەوەی ڕێکەوتنی سیاسی و هاوپەیمانێتی دەبەست دیسان پیاوان بوون، ژنان بون قاوەیان بۆ پیاوان ئامادە دەکرد و هۆڵی کۆبونەوە و وتووێژەکانیان بۆ ئامادەدەکردن. پیاوان و شۆڕش بە ئاسانی پشتیان لە بەڵینەکانی خۆیان کردو ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیسم هەموو دەستکەوتەکانی لە دەستی پیاواندا هێشتەوە..

ئیدی ئەم جۆرە لە شۆڕش لەلایەن ژنانەوە قابیلی قبوڵ نیە. لە راستیا شۆڕشی فیمێنیزم ئەرکێکی دیکەو ئامانجێکی باڵاتر و خەونێکی دیکەی گۆرانکاری هەیە کە سەرەتاکەی لە گۆڕینی روانینی پیاوان بۆ ژنانەوە دەست پێدەکات و کۆتاییەکەشی بریتی دەبێت لە روانینێکی هاوبەش و یەکسان بۆ مرۆڤ و ژیان و ماف و ئەرکە هاوبەشەکانی ڕۆیفۆرمی سیاسی و کۆمەلایەتی و کلتوری و ئێکۆنۆمی تەواوی بوارەکانی دیکە .

لە باسینیوزەوە وەرگیراوە

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here