بوڵه‌نت گوندوز، ده‌رهێنه‌ری كوردی باكووری كوردستان، خه‌ڵاتی فیستیڤاڵی فیلمی له‌نده‌نی بۆ باشترین فیلمی بێگانه ره‌تكرده‌وه.
له لێدوانێك دا بوڵه‌نت رایگه‌یاند: له‌به‌ر بێده‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌تی وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا له به‌رامبه‌ر كوشتاری كوردان، خه‌ڵاته‌كه‌ی ره‌تكردۆته‌وه.
بوڵه‌نت له دایكبووی ١٩٧٩ی باكووری كوردستانه و له ساڵی ٢٠٠١ه‌وه به‌هۆی كێشه‌ی سیاسییه‌وه ئاوارەی فەڕەنسا بوە و ئێستا له پاریس نیشته‌جێیه.
ئه‌مساڵ به فلمی (كوردستان كوردستان) به‌شداری “فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فلمی له‌نده‌ن”ی كرد.
فلمه‌كه باس لە چیرۆكی مۆسیقاژه‌نێكی كورد دەکات كه دوای ٢٠ ساڵ له په‌ناخوازی له ئه‌ورووپاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه باكووری كوردستان.
ئه‌و ده‌رهێنه‌ره وتی “ئێمه‌ی كورد كه نه‌ته‌وه‌یه‌كی ٤٠ ملیۆنین، تاكه نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه بێده‌وڵه‌تین و به‌ڕاستیش شه‌ڕی سه‌رسه‌ختترین دوژمنی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ین كه داعشه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به جدی پشتگیری كورد ناكات، به‌تایبه‌ت ئه‌ورووپا و به تایبه‌تتریش وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا بێده‌نگ له‌به‌رامبه‌ر كوشتاره‌كانی باكور”
پێشتر ئه‌و ده‌رهێنه‌ره چه‌ندین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه، له ساڵی ٢٠١٠ه‌وه وه‌كو ده‌رهێنه‌ر كار ده‌كات و یه‌كه‌م فیلمیشی به‌ناوی” evdalê zeynikê” بووه و خه‌ڵاتی نیویۆركی وه‌ك باشترین ده‌رهێنه‌ر پێدراوه.
فیلمی دووه‌می له‌سه‌ر كاره‌ساتی رۆبۆسكی باكووری كوردستان بووه، به‌ناوی” roboski mon amour-رۆبۆسكی خۆشه‌ویستم” كه باس له بۆمبارانی فڕۆكه‌كانی توركیا ده‌كات كه ده‌بێته هۆی شه‌هیدبوونی ٣٤ هاوڵاتی مه‌ده‌نی كورد له‌و گونده‌ی باكوری كوردستان.
ساڵی ٢٠١٥ش فیلمی “كوردستان كوردستان”ی ده‌رهێناوه و لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ دوو خه‌ڵاتی له فیستیڤاڵی لۆس ئه‌نجلس برده‌وه، یه‌كه‌میان وه‌ك باشترین فیلم و دووه‌میش وه‌كو باشترین گۆرانی ئۆرجیناڵ له فیلمه‌كه‌دا.
رۆژی شه‌ممه له فیستیڤالی له‌نده‌ن ئه‌و فلمه خه‌ڵاتی باشترین فلمی بێگانه‌ی پێدرا، به‌ڵام بوڵه‌نت خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رنه‌گرت وه‌ك ناره‌زایه‌تی بێده‌نگبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر كوشتاری كوردان.