ئاوڕێك لە بیر و هزری نەتەوەیی و شۆرشگێڕانەی مامۆستا سەید جەلال حسەینی

0
2044

ئاماده‌ كردنی : عه‌لی به‌هرامی

٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی كۆچی خۆری، یادی ١٠یەمین ساڵرۆژی كۆچی دوایی مامۆستا سەید جەلال حسەینی یەكێك لە رێبەران و پێشرەوانی كوردایەتی لە كوردستانی ئێران و دامەزرێنەری سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانە. مامۆستا سەید جەلال لە ساڵی ١٣٢٤ی كۆچی خۆری لە سەردەمی گشتگیربوونەوەی چالاكیە رێكخراوەییەكانی كۆمەڵەی ژێكاف، لە حەمامیانی بۆكان سوێندی ئەندامەتی دەخوات و بە فەرمی دەست دەكات بە چالاكی و خزمەت بە نەتەوەكەی. لە دوای وەلانانی كۆمەڵە و سەپاندنی حیزبی دیموكرات و دامەزرانی كۆماری كوردستان لە شاری مەهاباد، مامۆستا لەگەڵ ئەوەی نابێتە ئەندامی ئەو حیزبە، بەڵام وەك تاكێكی كوردی نیشتمانپەروەر و دڵخۆش بە دامەزرانی كۆمارێكی كوردی، بە دڵگەرمی و هەست بە بەرپرسایەتی دەست دەكا بەنووسین بۆ رۆژنامەی كوردستان. لەدوای كۆمار و لەسێدارەدانی پێشەوای كوردان، مامۆستا وەكوو كوردێكی نیشتمانپەروەر لە بەرەی گەلدا دەمێنێتەوەو بە شێعر و پەخشان و وتاری جۆراوجۆر هەستی خۆی بۆ نیشتمان و ئازادی و سەربەستی نیشتمانەكەی دەردەبڕێ. لەو ماوەدا و هەتا پێش راپەرینە جەماوەریەكان دژ بە رژیمی پاشایەتی، لە هەر شوێن و ناوچەیەكی كوردستان جوڵانەوەیەك هاتبێتە پێش مامۆستا بێ سێ و دوو پشتیوانی لێ كردووە و هەوڵی داوە ئەو جوڵانەوەیە سەربگرێ.

بە یەكەم چەخماخەكانی راپەرینی جەماوەری دژ بە دەسەڵاتی پەهلەوی لە ئێران، شاری بانەیش بە پێشەنگایەتی مامۆستا كڵپەی دەهات و بەرێزیان كەوتە رێكخستنی جەماوەری ئامادەو نارازی شار و لەو ماوەدا بەردەوام كۆڕ و كۆبوونەوە و میتینگی جەماوەری بەرێوەدەبرد و بەو شێوە كورەی شۆرشی نێڵ دەدا. رێبەرایەتی كردنی نارەزایەتی و راپەرینە جەماوەریەكانی شاری بانە لەلایەن مامۆستاوە، بووە هۆی پەرەگرتنی هەستی شۆرشگێڕی و نارەزایەتیەكان چوونە قۆناغێكی تایبەت و دامودەزگاكانی دەسەڵاتی شا بە هیچ شێویەك نەیانتوانی زاڵبن بە سەریدا و كونترۆڵی بكەن. ئەوە لە كاتێكدا بوو مامۆستا لەپااڵ راگرتنی نارەزایەتیەكانی بانە كەوتە پشتیوانی لە شارەكانی دیكەو ئەو حەماسەت و فیداكاریانەی بانەییەكانی دەگەیاندە ئەو شارانە و بە وتاری ئاگرین و حەماسی دژ بە رژیمی پاشایەتی، خەڵكی زیاتر هان دەدا بۆ هاتنە مەیدان و سەرخستنی ئەو راپەرینە و كۆتایی هاتنی زوڵم و زۆری ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆر و دژە كوردە لە ئێران. بە سەركەوتنی راپەرینە جەماوەریەكان و روخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، مامۆستا سەید جەلال پێی وابوو كە هەتا بە بەرنامە و پلانی رژیمی تازەی تاران نەزانرێ و بەتەواوی لێی حاڵی نەبن و مافەكانی كورد لە قانوون و یاسای نوێدا نەچەسپێ، ریزی خەڵكی ئامادە و راپەڕیو بەسەر ئەحزابی جیاجیادا دابەش نەكرێ و پارێزگاری لەو یەكریزی و یەكسەنگەریەی جەماوەری كوردستان بكرێ. لەسەر زیانباربوونی ئەو دابەشبوونە دەیفەرموو: پێش هاتنەوەی خومەینی لەبانەوە چووینە سنە بۆ ئەوەی هانی خەڵك بدەین بۆ كوردایەتی و راپەرینی زیاتر، بینیمان خەڵكی ئەو شارە بەسەر ئیسلامیەكان و چەپەكاندا دابەش ببوو وە هیچ كەس خەتی ئەوەی دیكەی نەدەخوێندەوە. ئەوە لەلایەك و لەلایەكی دیكە بەردەوام هەوڵی ئەوە بوو كە نوێنەرانی نەتەوەی كورد بۆ وتووێژ لەگەڵ رژیمی نوێ كە لە كۆبوونەوەی سەرەتای بەهاری ١٣٥٨ لە مەهاباد دیاری كرا و مامۆستا شێخ عزەدین بە سەرۆكایەتی ئەو هەیئەتە داندرابوو، هەر ئەو هەیئەتە دەمراست و بریاردەر بن و هەر كەس بۆ خۆی نەكەوێتە وتووێژ لە گەڵ رژیم و بەوە كەلێن لە نێو ریزی كورد بە قازانجی رژیم ساز نەكرێ. بۆ وێنە كاتێك هەیئەتی رژیم بەناوی “هەیئەتی حوسنینیەت” بۆ دیدار و بینینی مامۆستا چوونە شاری بانە بۆ ئەوەی لەسەر پرسی نەتەوەی كورد قسەی لەگەڵ بكەن، ئامادە نەبوو بیان بینێ و رایسپاردبوو كە لازم نیە ئەوان شارەو شار بگەرێن نوێنەرانی كورد لە شاری مەهابادن، با بچن لەگەڵ ئەوان قسە بكەن و ساخ بنەوە.

مامۆستای نەمر هەر زوو رژیمی ئاخوندانی ناسی و ساڵی ١٣٥٨ كەوتە ئامادەكردنی هێزی جەماوەر و پێشمەرگە بۆ دیفاع لە نیشتمان. هەر بۆیە سەردانی بەشێكی بەرچاو لە شارەكانی باشووری كوردستانی ئێران وەكوو سەقز، سنە، كامیاران، روانسەر، جوانرۆ، پاوە، نەوسود و مەریوانی كرد. لەو شارانەدا كە كۆبوونەوەو میتینگی جۆراوجۆری بەرێوەبرد بە خەڵكی وت رژیمی نوێ ئامادە نیە مافی كورد بدات و بیانوو دەگەڕێ بۆ پەلاماری كوردستان، هەر بۆیە پێویستە پشتیوانی لە هەیئەتی نوێنەرایەتی كورد بكەین و ئامادەبین و رێگە نەدەین بەری رەنجی خەبات و شۆرشەكەمان لەلایەن كۆمەڵێك ئاخوندی لووتبەرزەوە بەفیرۆ بچێ و خاكەكەمان جارێكی دیكە بكەوێتەوە ژێر پۆستاڵی داگیركەرانەوە. لە رووداوەكانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دا، مامۆستا سەید جەلال بەو هێزی پێشمەرگەی لە ژێر ناوی دەفتەری مامۆستا شێخ عزەدین دا رێكیخستبوو، ئەوندەی بۆی كرا لەلایەك لە بەرمبەر هێزەكانی رژیم دا بەربەرەكانێی دەكرد و لەلایەكی دیكەوە هەوڵی چارەسەری كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی وەك كێشەی ئاغا و رەعیەتەكانی ناوچە جۆراوجۆرەكانی دەدا كە لەلایەن ئەحزابی كورت بین و نامۆ بە كۆمەڵگەی كوردستان، ساز كرابوون. هاوكات هەر ئەو ساڵە لەگەڵ مامۆستا شێخ عزەدین و مامۆستا عەبدولرەحمانی زەبیحی و حامید بەگی جاف و چەندین كەسایەتی خۆش ناوی دیكەی كوردستان هەوڵی پێكهێنانەوە و سازكردنەوەی كۆمەڵەی ژێكافی دا، چونكە پێی وابوو تەنیا كۆمەڵەی ژێكافە دەتوانێ كۆكەرەوەی هێز و پوتانسیەلێكی نەتەوەیی ئەوتۆ بێ كە ریزی گەل یەكبخات و بەراستی هەوڵ بۆ پرسە نەتەوەییەكەی كورد بدات. لە دوای فەرمان و فتوای نارەوای خومەینی بۆ سەر كوردستان، مامۆستا سەركردایەتی هێزی پێشمەرگەی دەفتەری كرد و لە چەندین شار و ناوچەی كوردستان لەبەرامبەر هێزی پاسدار و بەكرێگیراوی ئاخونداندا وێستانەوە و زەربەی گورچ و بڕی لێ وەشاندن. هاوكات لەگەڵ بڕیاری دیفاع و بەربەرەكانێ مامۆستا پێی وابوو دەبێ لەبەرامبەر هێرشدا خۆراگری بكرێ و بۆ جوابی چارەسەری ئاشتیانەش هیچ دەركەیەك دانەخرێ.

لەدوای ئەوەی هێزەكانی خومەینی لە تاوان و جینایەتدا هەموو سنوورێكیان تێ پەراند و بەشێكی زۆر لە ناوچەكانیان داگیركردەوەو روباری خوێنیان وەڕیخست، خەڵخاڵی جەلاد و قازی شەرعی خومەینی نامەیەكی بۆ مامۆستا نووسی كە واز لە خەبات و بەربەرەكانێ بێنێ و هەرچەندی بیهەوێ ئیمتیازی دەدرێتێ، بەڵام مامۆستا لە وەڵامدا بۆی نووسی ” تۆ كە تا ئەنیشكت لە خوێنی كوڕانی كوردەواریدایە، داوا لە من دەكەی چش لە خوێنی ئەوانە بكەم و بێمە لای تۆ ؟…” ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە دوای ئەوەی مامۆستا شێخ عزەدین حاشای لە بوونی هێزی پێشمەرگە كرد و ئامادە نەبوو بچێتە حیزب و تەشكیلاتێكی تایبەتەوە، مامۆستا سەید جەلال لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێ و هاوباوەڕانی بیری لە تەشكیلاتێكی تایبەت كردەوە كە لەباری فكریەوە جیا بێ لە ئەحزابی چەپ و ماركسیستی كوردستان و كوردایەتی و خەباتی نەتەوەیی بكاتە ئەسڵ و بنەمای كار و چالاكیەكانی خۆی هەر بۆیە لە ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ دا سازمانی خەباتیان پێكهێنا. مامۆستا سەید جەلال پێی وابوو خەباتی نەتەوەی كورد نە پێوەندی بە فكرەی كمونیستی و نە ئیسلامیەوە هەیە بەڵكوو پێویستە خەباتێكی نەتەوەیی بێ و هەموو دانیشتوانی كوردستان بە هەر دین و فكر و ئیدئۆلۆژیەكەوە بەشدار بن لەو خەباتەداو خزمەت بە نەتەوەو نیشتمانەكەیان بكەن. مامۆستای كوردپەروەر و فیداكار لەدوای ئەو زوڵم و نادادپەروەریانەی رژیم لە راست خەڵكی كوردستان، تاوی دا خەبات و بەربەرەكانێی رژیم و دیفاع لە نیشتمان و هەتا دوا هەناسەی لە مەیدانی خەباتی نەتەوەكەیدا مایەوەو هیچ فشار و بەربەست و تەنگ و چەڵەمەیەكی ناوخۆیی و دەرەكی نەیتوانی هەنگاوەكانی بۆ رزگاری گەل و خاكەكەی پێ شل بكا، بەڵكوو لەگەڵ هەر ناخۆشی و ماڵ بەكۆڵی و سەختیەكدا زیاتر دڵخۆش و ئومێدەوار دەبوو بە ئامانجەكانی و رۆژ لە دوای رۆژ بە تەوەژمتر و گەرم و گورتر درێژەی بە خەبات و شۆرش دەدا. مامۆستا سەید جەلال كوردێكی دڵسۆز و فیداكار بوو وە خەباتی نەتەوایەتی بە لاوە ئەولەویەت و زەروور بوو، لە ماوەی ٦٤ ساڵ خەبات و شۆرشی خۆیدا ئەخلاق و راستگۆیی لەگەڵ نەتەوەی كوردی بە زەروورەت و پێویستی دەزانی و ئەو دووەی بە ئەساس و بنەمای كاری سیاسی خۆی دانابوو.
ڕێکه‌وت: 2020-07-04
به‌شی ( سیاسی – ڕامیاری)
عه‌لی به‌هرامی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.