هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی

0
2544
ئەمین خەواله، نووسەر و لێکۆڵەر

رۆژی كورد : فه‌رهه‌نگ و كولتووری هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌شێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ بنیاتی كۆمه‌ڵگا و زیندوو ڕاگرتنی كولتوور و فۆلكلۆره‌كان بۆ نه‌ته‌وه‌ی داهاتوو مافی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی دوا رۆژ به‌ تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ خۆی و ڕابردووی به‌ جوانی بناسێت و بزانێت له‌ كوێ وه‌ هاتووه‌ و خاوه‌نی چه‌ مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كولتوورێكه‌ و هه‌وڵ بدات بۆ پاراستنی و ناساندنی به‌ نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێ و بیانی.

 هه‌ڵپه‌ڕكێ، گۆڤه‌ند، شایی یا دیلان به‌ كومه‌ڵێك جووڵه‌ی ریتمیك ده‌گوترێت كه‌ بۆ ده‌ربڕینی خۆشی و شادی یان بۆ هاوخه‌می یان ده‌ربڕینی بێزاری و ڕق و تۆڵه‌ و بڕێك جاریش بۆ سپاس و شوكرانه‌ به‌ جۆری تاكه‌كه‌سی یان به‌ گشتی ده‌كرێت و له‌ گه‌ڵ گوڕینی ریتم و میوزیك شێوازی ئه‌گوڕدرێت.
سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی هەڵپەڕکێی کوردی باشترین بەڵگە دیاکۆنۆڤ لە کتێبی مێژووی مادەکان باسی دەکات کە دەڵێت لە ساڵی ٦١٢ پێش زایین مادەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئاشورییەکان لە دەشتی نەینەوا و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە کاتێک کە فەرماندەکان گەڕاونەتەوە و باسی شەڕەکەیان بۆ ئیمپراتۆر کردووە نەیانتوانیوە شمشێر بەکاربێنن، لە بری شەمشێر دەسماڵی سوریان بەکارهێناوە وجوڵەکانیان لە شێوەی هەڵپەڕکێی گەڕیان بووە، بۆیە کۆنترین جۆری هەڵپەڕکێ گەڕیانە کە شێوازێکی ئارامی هەیە، پاش بینینی ئەم نواندنە ئیمپراتۆر بڕیار دەدات هەموو ساڵێک ئەم نواندنە لە یادی سەرکەوتنەکەدا بکرێتەوە و ئەمە بووەتە دەستپێکێک بۆ مێژووی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی..
 به‌ گشتی هه‌ڵپه‌ركێی كوردی به ‌پێنج به‌شی سه‌ره‌كی دابه‌ش ئه‌كرێت : هه‌ڵپه‌ڕكێی شایی : بۆ ده‌ربڕینی خۆشی و شادی له‌ كاتی پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌شی خۆشه‌ویستانمان له‌ گه‌ڵ مۆسیقایه‌كی خۆش و ریتمیك و له‌ سه‌ر به‌زمی شاد كومه‌ڵێك كوڕ و كچی گه‌نج به‌ جل و به‌رگی نوێ و زه‌رد و سووری كچان و به‌ شێوازی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك یان تێكه‌لاو چه‌نده‌ها شێوازی جوانی هه‌ڵپه‌ڕكێ پێشكه‌شی بووك و زاوا و دۆستان و ئازیزان ئه‌كه‌ن كه‌ به‌ هۆی پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌شی ئازیزانیان له‌ شوێنێك كۆبوونه‌ته‌وه‌ و به‌ كۆمه‌ڵ خۆشی و ئاهه‌نگ ئه‌گێڕن. هه‌ڵپه‌ڕكێی شیوه‌ن : جورێكی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌یه‌كی تایبه‌تی كوردستان زیاتر له‌ ناوچه‌ی كرماشان و ئیلام به‌ ناوی چه‌مه‌ری یا چه‌مه‌ڕا كه‌ له‌ كاتی‌ كۆچی دوایی و له‌ ده‌س دانی خۆشه‌ویستێك له‌ بنه‌ماڵه‌یان ئه‌یگێڕن و به‌م شێوه‌یه‌ كه‌ به‌ لای چه‌پ دا ده‌سووڕێن و پیاوانی شین گێڕ سۆرانیه‌كانیان له‌ خۆم یان ره‌نگی شین هه‌ڵ ئه‌كێشن و له‌ ملیانی ئه‌كه‌ن و به‌ ڕیتمێكی زۆر خاو به‌ لای چه‌پ دا ئه‌چه‌ن و ژنان به‌ شێوازێكی تایبه‌ت له‌ ناوه‌ڕاستی دایره‌كه‌ دا ده‌ستیان بۆ ده‌ره‌وه‌ پێچ ئه‌یه‌ن و له‌ گه‌ڵ وشه‌ی هه‌ی ڕۆ هه‌ی ڕۆ شین ئه‌گێڕن و هاوخه‌می خۆیان بۆ له‌ ده‌ست دانی كه‌سی كۆچكردوو ده‌رده‌بڕن و شیوه‌ن ئه‌كه‌ن.
 هه‌ڵپه‌ڕكێی سپاس و شوكرانه‌ : جۆرێكی زۆر كۆنی هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌ ئاواییه‌كانی كۆردستان له‌ كاتی به‌رهه‌م هێنانی خه‌له‌ و خه‌رمان بۆ شوكر و سپاسی په‌روه‌ردگاریان به‌ ده‌وری كۆگای خه‌رمان دا ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا و به‌م شێوازه‌ سپاسی خۆیان ده‌ردبڕی و دڵخۆشی خۆیان ده‌رده‌بڕی.
 هه‌ڵپه‌ڕكێی ره‌زم یا شه‌ڕ : جۆرێك له‌ هه‌لپه‌ڕكی له‌ ڕابردوویه‌كی زۆر كۆن ئه‌ڵێن كاتێك سۆپای هێزی كوردی له‌ شه‌ڕ به‌رانبه‌ر ئاشووریه‌كان گه‌رانه‌وه‌ به‌ شێوازێكی زۆر جوان شێواز هێرش بردن بۆ سه‌ر دوژمنیان بۆ سه‌رگه‌وره‌ و فه‌رمانده‌كه‌یان گێڕاوه‌ كه‌ چۆن هێرشیان بردووه‌ و كاتی خۆی چۆن به‌رگریان كردووه‌ و له‌ كاتی هێرشی دوژمن چه‌ تاكتیك گه‌لێكیان به‌ كار بردووه‌.
 هه‌ڵپه‌ڕكێ عیرفانی یان سه‌ما : سه‌ما یان سه‌ماع جورێك هه‌ڵپه‌ڕكێی تایبه‌تی بڕێك له‌ ناوچه‌كانی كوردستان و ته‌ریقه‌ته‌كانی قادری و نه‌قشبه‌ندی و پیرشالیاری هه‌ورامانه‌ كه‌ زیاتر وه‌كوو زیكر له‌ خانقاكان دا به‌ كار براوه‌ و له‌ گه‌ڵ ده‌ف و هه‌لهه‌له‌ی ده‌روێشان جورێك زیكری تایبه‌تی پێ كراوه‌.

به‌ڵام به‌ گشتی هه‌ڵپه‌ركێ یان گۆڤه‌ند له‌ شایی و بۆنه‌ خۆشه‌كانی كۆرده‌واری زیاتر به‌ كار هێنراوه‌ و كوران و كچانی گه‌نج به‌ جل و به‌رگی رازاوه‌ به‌ شێوازی ئه‌ڵقه‌ و ده‌س له‌ ناو ده‌ستی یه‌كتری خۆشی و شادی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ یه‌كه‌م كه‌سی لای ڕاست كه‌ ده‌سره‌ یان ده‌سماڵێك به‌ ده‌ستیه‌وه‌ وه‌كوو رێبه‌ری گرووپه‌كه‌ به‌ ناوی سه‌رچۆپی یان سه‌رچۆپی گێر كه‌ ڕاسته‌وخۆ خۆلی سه‌ره‌كی شێوازه‌كانی گۆڤه‌ندی گێڕاوه‌ و دواین كه‌س كه‌ ئه‌بێته‌ لای چه‌پ گاوانی پێ ئه‌ڵێن و هه‌موویان به‌ رێتمی ساز و دهۆل یان زه‌رب و جوزله‌ و له‌ ئێستا دا به‌ ئورگ و ده‌یان سازی پێشكه‌وتووی نوێ به‌ لای ڕاست دا به‌ شێوازگه‌لی جۆراوجۆر هۆنه‌ر و جوانیه‌كانی خۆیان نمایش ئه‌كه‌ن. پرۆفیسۆر جینۆ ئالفرێد رۆژهه‌ڵات ناس له‌ وه‌سفی هه‌ڵپه‌ڕكێ و گۆڤه‌ندی كوردی ئه‌ڵێت هه‌ڵسووراندنی ده‌سره‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ نیشانه‌ی ئازاد بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌یان ئه‌كات پێ كۆتان به‌ سه‌ر خاك دا نمایش له‌ نیشتمان په‌ره‌ستی و خۆشه‌ویستی خاكی نیشتمان ئه‌كات و تا چه‌ ڕاده‌یك میلله‌تی كورد به‌ستراوه‌ به‌ خاك و خۆڵی نیشتماین خۆیه‌وه‌ جۆری ڕه‌شبه‌ڵه‌ك یان پیاوێك و ژنێك ده‌س له‌ ناو ده‌ستی یه‌كتری یانی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناو میلله‌تی كورد دا ژن و پیاو هیچ جیاوازیه‌كیان نیه‌ و به‌رابه‌رن و ده‌س له‌ ناو ده‌ست و شان به‌ شانی یه‌كدی نیشانه‌ی هاوئاهه‌نگی و ته‌بایی و برایه‌تیان نمایش ئه‌كات به‌ وته‌ی پرۆفیسۆر جینۆ ئالفرێد ئه‌م شێوازه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌ هه‌موو دونیادا بێ وێنه‌ و بێ هاوتایه‌.

هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌ وه‌كوو داب و نه‌ریتێكی جوان پشت له‌ دوای پشت هاتووه‌ و پارێزراوه‌ راسته‌ شێوازه‌ كۆنه‌كان به‌ پێی گوڕینی جل و به‌رگه‌كان گوڕانكاریان به‌ سه‌ر دا هاتووه‌ به‌ڵام گرم و گوڕتر له‌ جاران وه‌كوو بابه‌تێكی به‌ نرخ بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی كورد و چاوترسێن و تۆقاندنی دوژمنان راگیراون و به‌ جوانی ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ده‌م شایی كوردی دوژمن به‌زێن بووه‌ و ویستوویانه‌ هه‌وڵ بۆ له‌ ناوبردنی بده‌ن به‌ڵام به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ و میلله‌تی كورد رۆژ له‌ دوای رۆژ وه‌كوو هه‌ژموونیه‌ك پاراستوویانه‌ و ئاگاداریان لێ كردووه‌ و ته‌نانه‌ت زۆر جار له‌ فێستیڤاڵ و بۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان دا بۆ میلله‌تانی ده‌ره‌ویان نمایش كردووه‌ .
 هه‌ر به‌شێك له‌ نیشتمانه‌كه‌مان چه‌ن جۆری تایبه‌ت به‌ خۆی وه‌كوو داب و نه‌ریتی ئه‌و ناوچه‌ هه‌ڵگرتووه‌ بۆ وێنه‌ له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات جوانترین شێوازه‌كان له‌ شاره‌كانی سنه‌ و مه‌ریوان نمایش ئه‌كرێن شێوازگه‌لێك وه‌كوو گه‌ڕیان – له‌بلان – خانه‌میری – فه‌تاح پاشایی – سێ پێ یان سێ جار – قڕه‌پیرێژن – شه‌لان –  چه‌پی و ڕاستی و ده‌یان جۆری دیكه‌یان هه‌یه‌ له‌ باشووری وڵات چه‌ن شێوازی جوانی وه‌كوو بیلانی و گوڵشینی و شێخانی و ملانی و كوتان و قلیچكی و … زیاتر باوه‌ و له‌ باكووری كوردستانیش شێوازه‌كانی شاری دیاربكر بۆ وێنه‌ ده‌لیلۆ – ئه‌سمه‌رم – چاچان – چه‌پك – دووپێ – مریه‌مۆ – بێری – ته‌شی – پاپۆره‌ و كه‌له‌ك  و له‌شاری وان :  بابله‌كان – بارانه‌ – دلۆ – گوڵێ – سه‌راوان – مه‌یمووكێ – نارێ – سونگوڵ – سنجانێ – كۆچه‌ری – لۆركێ – شیروانێ و مه‌ندۆ و ده‌یان شێوازی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌كه‌یان كه‌ زۆر جار جیاوازییه‌كی به‌رچاوی له‌ گه‌ڵ ئه‌و به‌شانه‌ی دیكه‌ و به‌ تایبه‌ت رۆژهه‌ڵات هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ راستی دا هه‌موویان یه‌ك بنچینه‌ و یه‌ك بنه‌مای تایبه‌تیان هه‌یه‌ و هه‌موویان بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستی به‌شدارانی گۆڤه‌نده‌ به‌رانبه‌ر بینه‌ران و به‌شداربووانی شایی و ئاهه‌نگه‌كه‌ و له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كۆردستان شایی و گۆڤه‌ند هاوكاتی له‌ گه‌ڵ رووی خۆش و ده‌م به‌ بزه‌ و پێكه‌نینی سه‌ما كاران بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی جوانی خۆیان نمایش بكه‌ن. گرووپه‌كانی هه‌ڵپه‌ڕكێی رۆژهه‌ڵات پێكهاتوون له‌ ده‌یان گرووپی جوان و به‌ توانا وه‌كوو گرووپی دوانزه‌ سواره‌ی مه‌ریوان و گرووپی هه‌ڵپه‌ڕكێی مه‌هاباد و گرووپی ئاسۆی سنه‌ و چه‌ن گرووپی گه‌وره‌ی دیكه‌ كه‌ شۆناس و كولتووری كوردیان نه‌ك به‌ ته‌نیا له‌ ئێران به‌ڵكوو له‌ هه‌موو دونیا و به‌ تایبه‌تی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌رز ڕاگرتووه‌ و كولتوور و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان به‌ دونیا ناساندووه‌ و ساڵیانه‌ له‌ ده‌یان فێستیڤاڵ و كارنه‌ڤاڵی جیهانی دا نمایش پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن و چه‌نده‌ها خه‌ڵاتی رێزلێنان و پله‌ی جوانیان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر كردووه‌ و شانازی جوانیان بۆ خۆیان و گه‌لی كورد تۆمار كردووه‌.
 وه‌ك باسی لێكرا چه‌نێك گۆڤه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی دوژمن به‌زێنه‌ جل و به‌رگی جوان و رازاوه‌ی كوردیش به‌ ده‌یان جار هێزێكی وزه‌ به‌خش بۆ گه‌لی كورد و بۆ زیندوو ڕاگرتنی مێژووی كورد و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی هه‌یه‌ و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا زیندوو بوونی گه‌لی كورد بۆ دوژمن ئه‌سه‌ڵمێنێت و چاونه‌ترسی و یه‌كگرتوویی و نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ستی میلله‌ته‌كه‌مان نیشان ئه‌دات جل و به‌رگی زه‌رد و سووری ژنان راسته‌ له‌ گه‌ڵ مێژوو دا گوڕانكاری زۆری به‌ سه‌ر دا هاتووه‌ به‌ڵام نمایش له‌ سه‌رزیندوویی ژنان و ئافره‌تانی گه‌لی كورد ئه‌كات و جل و به‌رگی پیاوان وه‌كوو ڕانك و چۆغه‌ی شاڵ و كڵاشی هه‌ورامی و پووزه‌وان و سۆرانی و په‌سته‌كی هه‌ورامانی نیشان له‌ سه‌ربه‌خۆیی میلله‌تێك ئه‌كات كه‌ گه‌لی ئێمه‌ چه‌ن میلله‌تێكی داهێنه‌ر و پێویستی به‌ یارمه‌تی گه‌لانی بن ده‌ست نیه و له‌ كاتی ته‌نگانه‌ دا ئه‌توانێت خۆی و بنه‌ماڵه‌ ‌كه‌ی پۆشته‌ و په‌رداخ بكات و پێویستی به‌ یارمه‌تی كه‌س نه‌بێت و نیشان له‌ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌كات.
 سروشتی جوانی و سه‌رسه‌وز و ناوچه‌ شاخاویه‌كانی كوردستان له‌ گه‌ڵ به‌روبوومی زۆر و به‌ نه‌رخ ئه‌م ناوچه‌ی له‌ گه‌ڵ هه‌موو ناوچه‌كانی سه‌ر به‌ وڵاتانی ئێران و عێراق و توركیه‌ جیاواز ڕاگرتووه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌توانێت به‌ باشی خۆی بپارێزێت و پێویستی به‌ یارمه‌تی كه‌س نه‌بێت و له‌ كاتی ته‌نگانه‌ دا هه‌موو بژێوی خۆی دابین بكات.
 هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردیش وه‌كوو زۆر داب و نه‌ریتی جوانی دیكه‌ هه‌ر وه‌ك به‌یت و حه‌یران و لاوك و هۆره‌ و سیاچه‌مانه‌ گرێ دراوه‌ به‌ رۆح و ره‌وانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و كولتوور و فولكلوری ئه‌م نه‌ته‌وه‌ی له‌ خۆ ڕا هه‌ڵگرتووه‌ و بۆته‌ هۆی ناساندنی به وڵاتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌ و هۆی له‌ ناونه‌چوونی فه‌رهه‌نگی چه‌ن هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ و گه‌شه‌ كردنی رۆحیه‌ی شاد و زیندووی خه‌ڵكی كوردستان و له‌ لایه‌ك رێزی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ وه‌كوو گه‌لێكی ئازاد و خاوه‌ن مێژووی ره‌سه‌ن و ئه‌و هه‌موو بابه‌ته‌ جوان و به‌ نه‌رخه‌ و فه‌رهه‌نگێكی به‌ نرخ و مێژوویه‌كی جوان كه‌ رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ ئه‌سێنێت و له‌ ناو ناچێت.



سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووبه‌ڕێوه‌چوونی یادی سی ویه‌كه‌مین ساڵرۆژی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفال له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان
بابەتی دواترلافاو له‌ وڵاتی ئێران ٧٦ كوژراو و بڕی ٢٠ هه‌زار ملیار تمه‌ن خه‌ساری لێكه‌وته‌وه‌

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.