ڕۆژی کورد: دوای بوومەلەرزەی شەوی شەممەی حەوتووی ڕابردوو و دەربازبوونی ٩ ڕۆژ لە بوومەلەرزە ماڵوێرانکەر کە بەشی زۆرینەی ئێران و بەشێک لە هەرێمی کوردستانی باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و چەند شوێنێکی تری ناوچەکەی گرتەوە و زیاترین خەساری لە پارێزگای کرماشان دا و بوو بە هۆکاری گیان لەدەست دانی زیاتر لە ٣ هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١١ هەزار کەس، نێچیروان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی باشوور، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی نوامبر بەرانبەر بە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کۆنفراانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، دوای سەرەخۆشی کردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور، بێ ئەوەی ناوی کوردستانی ڕۆژئاوا بێنێ، سەەخۆشی لە ئێران کرد.
نێچیروان بارزانی، لە وتەکانیدا گوتی: “هەروەها سەرەخۆشی لەو دیوی سنوور، لە ئێران دەکەین”.
لێدوانەکانی نێچیروان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە چاوەڕوان دەکرا، وەک حکموەتی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی خەڵکی پارێزگای کوردستانیی کرماشان و زیان بەرکەوتووانی ئەو پارێزگایە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بکات.
چالاکانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو لێدوانەی نێچیروان بارزانی و شێوەی قسەکانی بە هەبوونی ترس لە ئێران و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵ دان بۆ نزیک بوونەوە لە ئێران پێناسە دەکەن.
نێچیروان بارزانی، هاوکات باسی لە چارەسەریی کێشەکان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی ئێراقدا کرد.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی بڕیاری دادگای ئێراقی فیدراڵ، دەبێ گشتپرسسی هەڵوەشێتەوە و ئەنجا دەست بە دان و ستان لەگەڵ بەغدا بکرێتەوە.
کارناسی پرسسە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەندی ڕۆژی کورد لەمبارەوە دەڵێ: “قسەکانی بەڕێز نێچیروان بارزانی لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا، بەتەواوی پشتڕاست کەرەوەی ڕاپۆرتی شەرقولئەوسەتە کە باس لە پێکهاتنی هەرێم و بەغدا لەسەر لەباربردنی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی مانگی سیپتامبر دەکات”.
کارناسی ناوەندی ڕۆژی کورد لە درێژەدا گوتی: “هەرێمی کوردستان، لە ناو خۆیدا هەم لە پارتی و هەم لە یەکیەتی، تووشی گرفت و لێک ترازان بووە، هەڵبەت دەکرێ بشڵێین کە خودی بەڕێز مەسعوود بارزانیش هەر لە سەرەوەتا ئەو جیدیەتەی لەسەر پرسی سەربەخۆیی نەبوو، وەک لە پرێس کۆنفرانسی خۆی، بەر لە ئەنجامدانی گشتپرسسی گوتی “ئاڵای ئێراق بۆ هەمیشە لە پشت سەری من دەمێنێتەوە”، ئەوە بە واتای خۆ بە ئێراقی زانین و جیدی نەبوونە لەسەر پرسی سەربەخۆیی.
لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور لە ئێراق کە ڕۆژی ٢٥ی سیپتامبری ٢٠١٧ بەڕێوە چوو، سەدا ٧٠ی خەڵکی کوردستانی باشوور بەشدار بوون و ڕێژەی نزیک بە سەدا ٩٣ لە خەڵکی بەشداربوو، دەنگی “ئەرێ”ـیان بە سەربەخۆیی دا، ئەو ڕێژە لە دەنگدان لە زۆنی سەوز کەمتر بوو و سلێمانی کەمترین رێژەی دەنگی “ئەرێ”ـی تۆمار کرد.
ڕێکەوتی ١٦ی ئۆکتۆبر، میلیشیا شیعەکانی ئێراق لە ژێر فەرمانی قاسم سلێمانی و بە هاووکاریی تۆپخانەی ئێران، هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شاری کەرکووک، بەڵام کوردەکان هیچ بەرگرییەکیان نیشان نەدا، ئەو پاشەکشەی کوردەکان لە ئێراق، پێدەچێ لە کۆبوونەوەی ڕۆژێک پێش لە هێرشەکە لە شاری دووکان، لەلایەن هەموو حیزبەکانەوە، هاوڕایی لەسەر کرابێ.
لەو کۆبوونەوەیەدا، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوو بەڵام تا سێ ڕۆژ دوای ئەو کۆبوونەوەیە و دوو ڕۆژ دوای هێرشەکە، هیچ لێدوانێکی بۆ کوردستان نەدا و دوور لە چاوی ڕاگەیێندنەکان ماوە.
ڕۆژی ٢٥ی سیپتامبری ٢٠١٧ و دوای سەرکەوتنی گشتپرسی، خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات، ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆشیی خۆیان بەو بۆنەیە دەربڕی. لە هەمان ڕۆژەوە تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە هاووڵاتیانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستبەسەر کراون کە چارەنووسی بەشێکیان تا ئێستا ناڕوونە.
ڕۆژنامەی جیهانیی شەرقولئەوسەت، لە هەواڵێکدا باس لەوە دەکات کە چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەرێمی کوردستانی باشوور، پێیان ڕاگەیاندووە کە هەرێمی کوردستانی باشوور و ئێراق لەمەڕ بەتاڵ کردنەوەی گشتپرسی و چارەسەرکردنی کێشەکان، پێکەوە ڕێککەوتوون.
بەپێی ئەو هەواڵەی شەرقولئەوسەت، بەرپرسانی هەرێم، گوتوویانە، بڕیاری دادگای ئێراق لەمەڕ گشتپرسیی هەرێمیان قەبووڵە و ڕێزی لێدەگرن.
پێشتریش هەندێ سەرچاوە ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردۆتەوە و لێدوانی ئەو دواییانەی نێچیروان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە.
شەرقولئەوسەت هەروەها نووسیویەتی: “کارناسێکی مافناسیی کورد پێداگری کردۆتەوە کە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەڕەشەکانی دەسەڵاتی ناوەندی و گوشاری خەڵکی کورد لە ناوخۆی کوردستان کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گشتپرسیە بە بێ ڕێزی بە خۆیان دەزانن، ماوەتەوە”.
ئەو کارناسە هەروەها گوتووشیەتی: “بڕیاری دادگای، حکومەتی هەرێم لەو دۆخ ناڕوونیە دێنێتە دەر و لە هەمان کاتیشدا داواکاریەکانی دەوڵەتی ناوەندی بەدی دێنێ”.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتووشیەتی: “سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە گشتپرسیدا دەوریان هەبووە، بەڵێنیان داوە کە هەڵیوەشێننەوە و یاسای هەڵوەشاندنەوەکەی واژۆ دەکەن بەڵام بڕیار دراوە ئەو بابەتە بەمیدیایی نەکرێت.
بە وتەی شەرقولئەوسەت، ئەو زانیاریانە، هاوکات لەگەڵ سەفەری لەپڕی ڕێکس تەیلێرسۆن بۆ بەغدا بڵاو کراونەتەوە.
بڕیاریش وایە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، چاوەدێری بەسەر دانوستانەکانی بەغدا و هەولێردا بکات.