عەشیرەی مەنگوڕ

0
952

لە نێوان عەشیرەکانی کورد لە ئێران وتورکیە هەر وەها ئەو کەسانەی کە وەدوای دیاری کردنی رەچەی نەتەوەکانن ، عەشیرەی ” مەنگوڕ ” جێگای سرنجە و تایبەتمەندی خۆی هەیە ،چون ئەو عەشیرەیە سەدان ساڵە لە ژێر دەستی بیانیدا ژیاون و بە شێوەیەکی باش وئەرێنی کولتورو کردەوەی خۆیان پاراستووە لە تەواوی کوردوستاندا بۆتە مەتەڵ کە دەڵێن : وەکو مەنگوڕان نە ترس بە . ئەو گوتەیە حاشای لێ ناکرێ وبۆ دەسەڵاتدارانی ئێران وتورکیە دەرکەوتوە وجێگای شانازیە . مەنگوڕەکان لە بواری جەستەییدا ساغ و بە هێزن رەنگی پێستیان لە رەنگی پێستی جیرانە کان روونترە . کوردەکانی دەوروبەری ئەوان رەنگی پێستیان وەکی رەنگی گەنمە دەنا جیاوازیەکی ئەو تۆیان لە گەڵ کوردەکان نیە .
شوێنی ژیانیان راستەوخۆ لە ناوچەی باشوری ساوجبڵاغی مکری لە مەحاڵی موکریانەوە دەست پێدەکا هەتا زنجیرە کێوەکانی ” وەزنێ ” کە بڵیندن ولە درێژایی مەودای ساڵدا بە بەفرداپۆشراون ،درێژەی هەیە . لەلای رۆژئاوا لە گەڵ عەشیرەی ” مامەش ” هاوسنورن کە لە کاتی خۆیدا ناوچەیەک لە گۆڕەپانی شەڕی ئێران وتورکیە بووە .
مەنگوڕەکان بە زمانی کوردی وبە زاراوەیەکی سادە ورەوانی موکری دەدوێن کە ئەو زمانە توانیوەتی بە باشی خۆی لە کاریگەری زمانەکانی تورکی و عەڕەبی بپارێزێ . هێندێک دەستەواژە لە گوتنی واندا هەیە کە لە زمانی ” ئەرمەنی ” نزیکترە هەر بۆیە ئەرمەنیەکان مەنگوڕەکان بە تایفەی خۆیان دەحەسپێنن .
دەگوترێ لە رۆژگارانی دێریندا مەنگوڕەکان چیاکانی ” ئەرمەنستانیان ” بە جێ هێشتووە لە شوێنی ئەوڕۆکەیان گیرساونەوە . هەڵبەتە ئەوە بۆچوونە تەنیا خەیاڵێکە کە جێگای باوەڕ نیە .بەڵام خودی مەنگوڕەکان لە سەر ئەو باوەڕەن کە ڕەچەو نیژادی ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ سەر رۆستەم کە فردۆسی لە شانامەدا قسەی لێ کردووە ئەوەش خەیاڵە لە گەڵ راستیەکان ناگونجێ .
نزیک حەفتا ساڵ پێش مەنگوڕەکان تەنیا عەشیرەیەک بون کە تەنیا ” کادەروێش (سەرۆک عەشیرە) بەر پرسیایەتی وانی دەکرد کە ناوی ” باپیر ئاغا ” دەبێ . بەڵام لەو سەردەمەدا مەنگوڕەکان ٢١ بەش یا تیرەن هەر بەشێک کادەروێشی تایبەت بە خۆی هەیە . بەڵام هەر کەسێک بەرپرسی یەکەمی عەشیرە بێ هەر ٢١ کادەروێش دەکەونە ژێرفەرمانی وی ودەبێتە خاوەنی ناوێکی مەزن هەروەهاحوکومەتی ئێران باجی ساڵانەی خۆی لەو ٢١ کادەروێشە وەردەگرێ وکاری بەوە نیە کە کێ هەژارەو کێ دەوڵەمەند هەرکام دەبێ مالیاتی خۆی بدا .
لە سەر دەمی دەسەڵاتی سەفەویدا هەتا ئەو ڕۆ عەشیرەی مانگوڕجار جار بونە هۆی ئاڵۆزی بۆ دەسەڵاتی ناوەندی ئێران . بە زۆری چەکو هێرشی نیزامی نەتوانرا بکرێنە ژێردەستە هەر بۆیە لە رێگای فێڵ وتەڵەکە ویستویانە لاوازیان بکەن . دەمهەوێ بۆ روون کردنەوەی مێژووی ئەو عشیرەیە بگەڕێمەوە ” سەدەی نۆزدەی میلادی “. لە سەرەتای سەدەی نۆزدە دا ” ئەحمەد خان ” کە لە عەشیرەی ، موقەدەمە ولە عەشیرەیەکی تورکە لەسەر ناوی حوکومەتی ئێران بابی ، باپیرئاغای مەنگوڕ ، بانگ دەکا بۆ موڕاسمی جەژنی زەماوەند .ئەویش وێڕای سوارەکانی وخزمەکانی خۆی دەچێتە شاری مەراغە. بەر پرسی عەشیرەی مەنگوڕ لە کاتی خۆیدا دەگەنە مەراغە وسەر جەم ٢٠٠ سوار دەبن . پێشوازیەکی گەرمیان لێ دەکرێ و لە ناو شاردا دابەش دەکرێن ودەبنە میوانی ماڵەکان .
کاتی شەو مەنگوڕەکان دەکەونە بەرهێرشی خاوەن ماڵەکان و سەرۆک عەشیرە وچەند کەسی لە هاورێیانی دەکوژرێن . چەند کەسێک توانیان لەو کوشتارە دەباز بن وئەو رووداوە تاڵە بە عەشیرەی مەنگوڕ بگەیەنن . مەنگوڕەکان ئەو کات لە بار ودۆخێکدا نەبون کە بتوانن تۆڵەی خۆیان وەگرنەوە.” هەمزاغای کوڕی باپیرئاغا ” تەنیا کەسێک بووەکە چاوەڕوان دەکرا بتوانێ تۆڵەی ئەو کارە وەربگرێتەوە .هەر بۆیە پەیوەندی بە ” شێخ عوبێدوللا” وە دەگرێ وچۆنیەتی هێرشی وی بە ئێران بە گونجاو دەزانێ .
لە ساڵی ١٨٨٠ ی ، ز ،شان بەشانی کوڕی شێخ عوبێدللا کە ناوی ” شێخ عوبدولقادرە ” (ئێستێی لە شاری ئیستامبوڵ) دەژی بەشداری شەڕدەبێ لە دژی ئێران ومەبەستی هەر دووکیان ئەوە بووە کە دەست بە سەر ئێراندا بگرن وشێخ عەبدولقادر ببێتە شای ئێران .هەر بۆیە مەنگوڕەکان زۆر بێ بەزەییانە ناوچەی ئازەربایجان دەخەنە بەر هێرشی خۆیان ولە کوشتن و تاڵان خۆ نابوێرن . لە ماوەیەکی کورتدا شاری میاندواوشاری بناو داگیر دەکەن و دانیشتوانی ئەو ناوچەوە دەکەونە بەر رقێکی کۆن و بێ رەحمانە .
دەسەڵات داران لە ئێران روبەرووی سەرهەڵدانێک ببونەوە کە وێنەی ئاژاوەگێڕیەکانی ، ئەفغانستان ، دەچوو لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەویدا . ناسرەدین شای قاجار لە زووتری کاتدا هەتا ئەو جێگایەی بۆی دەکرا هێزی بۆ بەرەنگار بوونەوەی کوردەکان رەوانە کرد بەڵام بەو شێوەیە رووداوەکان چارەسەر نەدەبون وکوردەکانیش لە داخوازی خۆیان پاشگەز نەدەبونەوە.
” هەمزاغا ” لە حاڵێکدا نەیتوانی بە ئامانج بگا بەرەو چیاکان پاشەکشەی کرد . دوای ساڵێک ، ئەمیر نیزام گەڕوسی ، کە لە رابوردوودا نوێنەری ئێران وهیندێک لە پاتەختەکانی ئورووپی بووە کرایە حاکمی ساوجبڵاغی موکری . ناوبراو نوێنەرێکی ناردە لای سەرۆک عەشیرەتی مەنگوڕ تا دەستی دۆستایەتی بداتێ . حاکمی ساوجبڵاغی موکری سوێندی بە قوڕعان خوارد تا زیندوویە موویەک لە سەری هەمزاغا کەم نەبێتەوە . ئەو لەبەر ئەوەی کە درۆی نەکردبێ پەنای بردە کڵاوی شەرعی ، بەو شێوەیە لە ژێر باڵتۆکەی ” چۆلەکەیەکی ” شاردبۆوە. کاتێک بەو شێوەیە دەستی گەیشتە هەمزاغا سەرەتا چۆلەکەکەی کوشت وپاشان دەستوری تیرئەندازی بۆ سەر چادرەکەی هەمزە ئاغای دا. سەری هەمزاغای بڕی و بۆ دیاری ناردی بۆ تاران بۆ شای ئێران .بەڵام یادی ئەو قارەمانە لە کوردوستان بە زیندوویی ماوەتەوە.
داستانی قارەمانیەتی هەمزاغا بە دەنگی پڕ لە سۆزی بەیت بێژان بە شێوەیەکی زارەکی یا گوتن سنگ بە سنگ راگیراوە وبیستنی ئەو بەیتە سۆزدارانە مووچوڕک لە لەشی مرۆو دروست دەکا . لەو سەردەمەشدا بایزئاغا سەرۆکی عەشیرەتی مەنگوڕ لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عوسمانی لایەنگری لە عوسمانیەکان کردوە وناز ناوی ، پاشای ، پێدراوە.
مەنگوڕەکان لەو سەر دەمەشدا بە شێوەکی کۆچەری ژیان بەسەر دەبن وسنوری ژیانیان بۆ گەرمێن وکوێستان دەگەڕێنەوە . زستانان جار جار لە گوند هاوینان بەرەو بەرزایی چیاکان کە بەفری لێیە لە ناو چادردا دەژین لەو شوێنە خۆشانەدا مەزراو لەوەڕی زۆر باشی هەیە کە جوانترین ناوچەی شاخاوی و هاوکات بەرەنگاری لە گەڵ رشتە کێوەکانی ، ئاڵپ،دا دەکەن .ئەو سروشتە جوان و دڵرفێنە کارێکی وای کردوە کە خەڵک خاوەنی لەشێکی ساغ وبە دوور لە نەخۆشی بن و هاوکات تەمەنی ژیانیان درێژتر ببێتەوە کەمتر خەریکی کشت وکاڵ دەبن چون کاری ئاژەڵداری پیشەی سەرەکی وانە .هاوینان خەریکی لەوەڕاندنی مەڕ وماڵات وپاشکۆ کردنی تفاقی زستانی دەبن بۆ ئاژەڵەکانیان .لە وەرزی بەهار وپاییزدا بەرهەمی شیر وماست ورەژی بۆ فرۆش دەبەنە شار وپاەری دەستکەوتو بۆ کڕینی پارچەی جل وبەرگ وپێداوستیەکانی دیکە بەکار دێنن تەنانەت بۆ ئاڵوگۆڕی ژەمێک خواردن ئەوی پێویست بێ دەیکڕن .
یاسا ونەریتی تایبەتی عەشیرەگەری بە شێوەیەکی توند بەڕێوە دەچێ تەنانەت لەم بوارەشدا کێ بەرکێ وەبەرچاوان دێ .بەر پرسی گەورەو سەرۆک عاشیرە لە کەسانێکی بەساڵا چوو ودەمارگرژ پێک دێ ئەو کەسە خڵک هەڵینابژێرێ بەڵکو لە لایان دەسەڵاتدارانی ناوەندی ئێران یا عوسمانی هەڵدەبژێردرێن . سەرەڕای ئەوەش ئەگەر سەرۆک عەشیرەکانی دیکە دانی پێدا نەنێن خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک نابێ .نیشانەش بۆ قەبوڵکردنی ئەو کەسە لە لایان ئەوانی دیکەوە ئەوەیە: بە پێی دابونەریت سەرۆک عەشیرەکانی کورد دەچنەلای وبۆ ئەوەی پێی بڵێن ئێمە تۆمان پێ کەسێکی باشە ولە هەمان کاتدا دیاریشی بۆدەبەن .
بەرپرسی عەشیرەکان شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە بەرپرسیایەتی مەزنیش دەکەوێتە ئەستۆی وان هەروەها دەوڵەتیش چاوەڕوانی لەوان زۆرە .کۆکردنەوەو رادەست کردنی ماڵیات ، رادەستکردنی کەسانی لاسار وجێی گومان ، بەرقەرارکردنی ئاسایش وئارامی لە ناوچەکەدا ئەرکی سەرۆک عەشیرەیە .هەروەها بۆ شەڕ یا ئاشتی لەگەڵ هۆزەکانی دیکە پێویستە لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی هاوفکر بێ وگوێی رایەڵی لەوان بکا .
ژیانی هەر تاکێک لە عەشیرەی مەنگوڕ ئاوێتەی ئەسپ سواری وتفەنگ وتیر هاوێژیە .لە تەمەنی دە ساڵیداخۆیان لە زینی ئەسپ دەبەستنەوە وهاوکات لە کاتی غارغارێن وهەڵبەز دابەزدا ئەسپەکە ئەوەندە ماندوو دەکەن کە رادەوەستێ لە حاڵیکدا ئەوانی دیش ئاگایان لێیە کەلە پشتی ئەسپەکە دێتە خوارێ وترسی سوار کاری گەنج هێدی هێدی لە ناو دەچێ وسوار کار هێزی خۆی بەسەر ئەسپەکەدا دەسەپێنێ و لە پشت ئەسپەکە دێتە خوارێ .
لە کاتی شەڕدا دەبێ هەر هۆزێک لە ژێر ئاڵای هۆزی خۆیدا بچێ بۆ شەڕ،تفەنگی دەستیان (زۆرترماوزەری ئاڵمانیە) دەمانچەو خەنجەرە وچەند ریز فیشەک کە لێی جودا نابنەوە.جار جار ژنانی عەشیرەی مەنگوڕ بەشداری شەڕ دەبن ئەوە ژنانە لەچاو ژنی دیکە هەتاڕادەیەک ئازاترن و شێوەی جلو بەرگیشیان جیاوازە چارشێوورووسەری و…..لە بەر ناکەن .جار جار شەڕ لە نێوان دوو عەشیرە روودەداوشەڕی دەستبەیەخەی دوو سەرۆک عەشترە درووست دەبێ .هەر وەکو شەڕی نێوان دوو سەرۆک عەشیرەی ، مەنگوڕ و مامەش کە هەردوو رووبەرووی یەکتر بونەوە ویەکتریان کوشت و ببێ ئەوەی شەڕ یەکلایی بێتەوە کۆتایی پێ هات .ئەو کەسانەی کە لە شەڕدا دەکوژرێن دەبنە حورمەتێکی زۆر بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی کەلە تەمەنی پیریو نەخۆشیدا گیانلەدەست دەدەن ودەمرن هەر بۆیە ژنان بۆی رەشپۆش نابن.
وێک چوونێکی ئەو داب ونەریتە لەگەڵ بارو دۆخی ژیانی ” ئەرمەنیەکای دێرین ” منی (مەبەست جەنابی موحەممەد سەمەدیە) بە شێوەیەکی سەیەر خستە ژێر کاریگەری خۆی . لەبواری ئایینیدا مەنگوڕەکان وەکی وشکە سوننە بە ئەژمار دێنوباوەڕێکی زۆریان بە قوڕعان هەیە وداب ونەریتی خۆیان پاراستووە .بۆ چارەسەرکردنی گیر وگرفتی کۆمەڵایەتی پایبەندی یاسای دینی ئیسلام و شەریعەتن. لەکاتی روودانی ناکۆکیەک لەجیاتی بچنە لای یاسا ودادوەر هەر کام کەسێکی بەساڵاچوووڕدێن سپی هەڵدەبژێرن و دەچنەلای دەنا دەچنە لای سەرۆک عەشیرە وقسەکان وبیرو ڕای ئەوکەسە وەکی بەڵگە دەسەلمێنن تەنانەت کاتی شەڕ وهەڵلاشدا قسەی ئەو وەردەگرن .هەرچەند عەشیرەی مەنگوڕ کۆچبەرن بەڵام تامو چێژێکی تایبەت لە زانست وەردەگرن و زانیاری ئایینی لەناو مزگەوتەکاندا وەکی وانە دەگوترێتەوە دەکرێ بگوترێ داهاتوویەکی باش چاوەڕوانی وانە .

سەر چاوە : مێژووی مهاباد لە نوسینی ، جەنابی سەید موحەممەد سەمەدی
وەرگێڕانەوە بۆ هەنگوین زمانی کوردی : جەعفەر/ سەرکەوت کەریمی

  • ھەمزاغای مەنگوڕ و شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری ، بەشێکی لە کتێبی ناسیۆنالیزمی کورد و ڕۆژهەڵات لە ن: جەماڵ پوورکەریم وەرگیراوە

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری وەکوو یەکەم سەکردەی نەتەوەخواز ناوی ھاتووە بۆ دامەزراندنی ویلایەتێکی سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد، لە ساڵانی ١٨٨٠ زایینی شۆڕشێکی بە دژی داگیرکەرانی کوردستان ڕێکخست و هاوکات لە گەڵ هەر دوو سوپای عوسمانی و قاجاڕ شەڕی کرد و پانتایی شۆڕشەکەی شەمزینان و هەکاری واتە باکووری کوردستان بوو ، هەر لەو سەردەمە دا ھەمزاغای مەنگوڕ یارمەتی شۆڕشەکەی دا و هەر بۆیە پانتایی شۆڕشەکە شاری مەهاباد و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.

ھەمزاغای مەنگوڕ  ڕێبەری ھۆزی مەنگۆڕ و لە یارمەتیدەران و فەرماندەکانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری بوو.

ھەمزەی باپیر ئاغای دووھەم سەرۆکی ھۆزی مەنگوڕ، ڕێکەوتی لەدایکبوونی لە دەستدا نییە، لە دەورانی عوسمانیدا لە ئەستەمبووڵ بۆ ماوەی چەند ساڵێک زیندانی کراوە ھەروەھا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی ئێرانیش لە ژێر زەخت و زۆردا بووە. بە ھۆی شوێنی ستراتێژیکی لە نێوان سنووری دەستکردی دوو وڵاتی داگیرکەری ئێران و دەوڵەتی عوسمانی، ھۆزی مەنگوڕ ھەمیشە لە ژێر ھەرەشە و پەلامارەکانی سپاکانی دەوڵەتی عوسمانی و شای ئێران بوو. لە کاتی بەر پا بوونی شۆرشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری ڕۆلی بەرچاوی گێڕاوە و لەگەل ٥٠٠٠ شەڕوانی دلێری خۆی ھاتە ھانای شێخەوە و لەگەڵ شێخ عبدولقادر (کوری شێخ عوبەیدوڵڵا) وەک فەرماندەری ھێزی چەکداری کورد لە قۆلی موکریان دیاری کراوە. ھێزی چەکداری کورد نەیانتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بپارێزن و بوو بەھۆی تێکشکانی ئەو ڕاپەرینە و کشانەوەی ھێزەکانیان، لە ئاکامدا ھێزەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا بەرەرو سنورەکانی عوسمانی گەرانەوە. ھەندێک لە شەڕوانەکان خەیانەتیان کرد بە شێخ و پاڵیان دا بە ھێزەکانی دوژمنەوە. بەڵام ھەمزە ئاغا ھەتا کۆتایی لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵا مایەوە. ھەمزاغاش بەھۆی فێڵی حسەن عەلی خان ناسراو بە ئەمیر نیزامی گەڕووسی لە ڕێکەوتی ٣٠-٠٧-١٨٨١ لە شاری مەھاباد شەهید کرا.

هۆزی مەنگوڕ و پێکهاتەکەی:

بەشێک لە وتووێژی هیدایەت جان لە گەڵ خەبات مەنگوڕی

هۆزی مەنگوڕ پێك هاتووە لە شەش عەشیرەت، سەرۆكی پینج لەو عەشیرەتانە ژنن، واتا عەشیرەتی “مروەت ، ئامان ، زێڕن ، شەم ، زێن ، خدر” و تا ئێستەیش لەناو ئەو عەشیرەتانەدا ژن پێگەی سەرۆك و بڕیاردەری كۆتای خێزانی هەیە، بەناوكردنی پێنج عەشیرەت كە گەورەترینیان عەشیرەتی “مروەت”ـە، بەناوی ژن، پێشاندەری بەها و پێگەی بەرزی ژنە لەناو هۆزی مەنگوڕ و بەهۆی ئەوەی ژنان بەڕێوەبەری پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانن، لەناو مەنگوڕدا كۆمەڵێك دیاردەی وەك كوشتن لەسەر نامووس و بەزۆر بەشوودان و ژن بە ژن، زۆر بە دەگمەن رووی داوە.

ئەگەرچی بەدرێژایی مێژوو پیاو سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی خێزان بووە، بەڵام بڕیاری خەرجكردن و داهاتی خێزان لای ژنانی مەنگوڕ بووە و ئەوەیش رەنگدانەوەی لەسەر كاریزمای ژن بووە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە. خەبات مەنگوڕی، تویژەری كۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتی كوردستان پێی وایە هەر ئەو نەریتەی بڕیاری خستووەتە دەست ژن، لە خێزاندا بووە بە پارێزەری بەها مرۆیییەكانی لە كۆمەڵگەدا.

 لەناو ئەو كۆمەڵانەی تیایاندا پیاوسالاری هەیە، ژن وەك خاڵی لاواز دەردەكەوێت و پێگەی پیاو ئەوەندە بەهێزە كە لەكاتی گاڵتە یاخود شەڕكردندا، رووی جنێوەكان دەكرێتە سەرۆكی خێزان، واتا باوك، بەڵام ئەگەر ئەو سووكایەتییە رووبەڕووی دایك ببێتەوە، بە چەندان هۆكار كەسی بەرامبەر كاردانەوەی توندی دەبێت، هۆكاری هەرە سەرەكی ئەوەیە كەسەكە هەمیشە دایك بە ستەم لێكراو دەبینێت لەناو خێزان و لە دەرەوە قبووڵی ناكات ئەو سووكایەتییەی بەرامبەر دووبارە بكریتەوە.

“بەڵام لەناو عەشیرەتی مەنگوڕ ئەو هاوكێشەیە جیاوازە و ئەگەرچی باوك بە روواڵەت گەورەی ماڵە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی لە دایك كەمتر نەبێت، زیاتر نییە و هەمیشە ئەو هێڵە سوورەی لە كۆمەڵەی تردا بۆ دایك هەبووە، لەناو مەنگوڕدا بۆ باوك دروستە و هێندەی سووكایەتی بە دایك یان كچ لە تیكهەڵپڕژانی دەرەوەی خێزان بۆ پیاوێك ئاسایییە، ئەوەندە بۆ باوك هێڵی سوورە”،
هاوسەرگیری
بڕیاردان لەسەر هاوسەرگیری لەناو هۆزی مەنگوڕدا، دوای رەزامەندی كچ و كوڕ، لە دەستی دایكدایە و هەردوو دایكی كچ و كوڕەكە بەیەكەوە بڕیار لەسەر چۆنیەتیی هاوسەرگیری و بڕی مارەیی دەدەن و لە رێوڕەسمی خوازبێنیدا، ئەو بڕیارانە لەلایەن باوكی هەردوولاوە رادەگەیەندرێت كە پێشتر بڕاوەتەوە و پەسند كراوە.
 رەنگە هەندێك جار دایكی كوڕ یان كچ رازی نەبن بە هاوسەرگیری، بەڵام زۆر بەدەگمەن بڕیاری بەزۆر بەشوودان بەسەر كچدا سەپاوە و ئەوەی كە ئێستە لە پێناسە كۆمەڵایەتییەكاندا بەجۆرێك توندوتیژی دژی ژنان هەژمار دەكرێت، لە ڕاستیدا دەشێ بڵێین توندوتیژییەكە لەلایەن خودی ژنەوە بووە و پیاو كەمترین رۆڵی تیادا بینیوە.
ژیانی شارنشینی و شێوانی كولتوور

كۆی ئەو بەها و دابونەریتانەی وای كردووە ژن پێگەیەكی لەو شێوەیەی لەناو هۆزی مەنگوڕدا هەبێت، لەژێر كارتێكەری هیچ شارستانییەتێكی دەرەكی و یاسا و رێسایەكی میریدا شكڵی نەگرتووە، بەڵام لە دەیەی رابردووەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی خوێندەواری و ژیانی شارنشینی، ئەو بەها كۆمەڵایەتییانە بەرەو كاڵبوونەوە دەچن.

 ئەو مەنگوڕانەی ناوچەی مەنگوڕایەتییان بەجێ هێشتووە و لەناو شارەكان نیشتەجێن، بەڕواڵەت ئەو بەها و دەورەیان بۆ ژن هێشتووەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو داونەریتانە لەلایان بەرەو كاڵبوونەوە رۆیشتووە و پێ دەچێ ئەوەیش بەهۆی كارتێكەری ئەو ژینگەیە بێت كە تیایدا دەژین.

هۆزی مەنگوڕ یەكێكە لە هۆزە كوردەكانی موكریان كە لە نێوان سەردەشت، پیرانشار، میراوە، ڕەبەت، مەهاباد، قەڵادزێ و حاجیاوا لە ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان نیشتەجێن و ئەو ناوچانەی مەنگوڕەكانی تیادان، بە مەنگوڕایەتی دەناسرێن.

بەیتی هەمزاغای مەنگوڕ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.