زانیاریی ورد لەمەڕ هاتنی هێزەکانی ئێران بۆ ناو خاکی کوردستانی باشوور

0
1001

ڕۆژی کورد: هەروەک لە هەواڵەکانی ئەمڕۆی ناوەندی ڕۆژی کورددا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی دیسامبر بەرانبەر لەگەڵ ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، نزیک بە ٢٠ کەس لە هێزەکانی ڕژیمی ئێران بە جلی سەربازی و بە ترۆمبیلی تایبەت بە هەنگی سنووریی سەردەشت، هاتوونە ناو شاری قەڵادزێ.

دەگوترێ، ئەو هاتووچوویەی ئێران و هێزەکانی کە هیچ پێوەرێکی دیپلۆماتیکی تێدا نیە، درێژەی هەوڵی ئێران بۆ نزیک بوونەوە لە مەقەڕی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە کە لە سەرەدەمی دەست درێژی کردن بۆ سەر کوردستانی باشوور لە دوای ١٦ی نوامبری ٢٠١٧ داویەتی و تا ن اوچەی شیواشۆک و ٥ کیلۆمیتریی حیزبەکان هاتبوون.

بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ لەمبارەوە بە ڕاگەیاندنەکانی گوتووە: ئه‌مرۆ دوشەممە، بەرپرسانی پاسەوانی سنوری هەرێم‌و پۆلیسی سنوری‌ ئێران کۆبونەوەو دوای کۆبونەوەكه‌ش پۆلیسی سنوری ئێران بەناو بازاڕی قەڵادزێدا رۆیشتون‌و چونەتەوە مەرزی کێلێ‌و بۆ سنورەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە.
زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد و ئاماژەکان، بەپێچەوانەی لیدوانی قایمقامی قەڵادزێ، ئاماژە بە پیلانێککی مەترسیدار لەمبارەوە دەکەن.
بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، هێزەکانی ڕژیم کە ڕێژەیان زیاتر لە ١٠٠ کەسە، لە ڕۆژی ڕابردووەوە، لە حاجیاوای سەر بە ڕانیە جێگیر بوون.
لەو هێزە، چەند کەسێکیان کە ٤ ژنیشیان لەگەڵ بووە، دوای سەردانی ڕانیە، چوون بۆ قەڵادزێ.
ئەو کەسانە لە کاتژمێر ۲:۳۰خولەکی دوانیوەڕۆ تا ۳:۵ خولەکی ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە ناو بازاڕی قەڵادزێ بوون و لە کەبابخانەی قەڵادزێ نانیان خواردووە، کەمێکیش پیاسەیان لەناو بازاڕ کردووە و لەگەڵ خەڵک دواون.
بەپێی لێدوانی دەزگا ئاسیشیەکانی قەڵادزێ، ئەوانەی ئەمڕۆی بەشێکن لە (ھەنگی سنووریی سەردەشت) و لەگەڵ (پاسەوانی سنووری ھەرێم) کۆبوونەتەوە و سەبارەت بە چۆنییەتی پاراستنی سنوورەکانی نێوانیان قسەیان کردووە.
ئەوان دەڵێن لەوماوەیەدا فەرماندەی (هەنگی سنووریی سەردەشت) گۆڕاوە. پێشتر کەسێک بە ناوی (ڕەحمەتووڵا شەریفی)بووە و ئەوەی ئێستا ناوی سسەرهەنگ بەهرام کیانی ـیە.
بەڵام زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن، کە پیلانێکی مەترسیدار لە ئارا دایە.
ئەو ژنانەش کە لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم بوون و ژومارەیان ٤ کەس بووە، کورد بوون و نەزاندراوە ناویان چیە و خەڵکی کوێن.
سەرچاوەکەی ڕۆژی کورد باس لەوە دەکا کە هیزەکانی ڕژیم، ئێستا لە ناوچەی حاجیاوای سەر بە ڕانیە جێگیرن و ڕوونیش نیە پیلان و پلانیان چیە.
شەماڵ مامزادە بۆکانی ـیش لەمبارەوە لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووکدا نوسیویەتی: “لە قەلادزێ هاتنە بەر چاوی خەڵک و کامێراکانی موبایل بۆ ئەوە بوو ، ئەوهێزە نهێنیەی بە جلوبەرگی مەدەنی و پێشمەرگەوە بە چاوساغی گروپی خیانەت چوونەتە ناوچەی (تەق تەق و کۆیە ) کەس هەستیان پێنەکات .”
چاوەدێرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات، بە سرنجدان بە ئەزموونی تاڵی ڕابردوو و هێنانی هێزەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەیبە سوڵتانی کۆیە، هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن و دەڵێن، گیانی پێشمەرگە و خەباتی ڕۆژهەڵات لە مەترسیدایە.
هاوکات، ڕۆژی ڕابردوو، ئەندامێکی حدکا بە شۆرەتی غەفاری، دوای سێ ڕۆژ دەستبەسەرکران لەلایەن دەزگا ئاسایشیەکانی سلێمانی، بەردراوە و دەشگوترێ، مەترسیی ڕادەست کرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.
سەرچاوەیەکی سەربازیی ئاگادار، داوای لە ناوەندی ڕۆژی کورد کردووە، سەرجەم کوردانی ڕۆژهەڵاتی دانیشتووی زۆنی سەوز، ئاگادار بکەنەوە کە مەترسیی دەستبەسەرکران و ڕادەست کرانەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.
پێشتریش، بێهزاد خۆشحاڵی، نووسەر، لێکۆڵەر و چاوەدێری سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات، بە تاوانی ساختە و ناڕاستی “کێشان و هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر”. ماوەی ١٨ مانگ، بە بێ دادگایی کردن و لێکۆڵینەوە، لە بەندیخانەدا بووە.
هەندێک سەرچاوەی ئاگادار باس لەوە دەکەن، کە ئەو کات، یەکێتیی نیشتمانی ٣ جار هەوڵی مامەڵە پێکردن و ڕادەست کردنەوەی ئەو نووسەرە کوردەی بە ئێران داوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.