جەمال پوورکەریم بۆ باڵكێش كورد نابێت ئایندەی خۆی بە ئێرانەوە گرێ بدات

0
55

تۆڕی میدیایی باڵكێش، هەڤپەیڤینێكی تایبەتی لەگەڵ جەمال پوركەریم، سەرۆکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، دەربارەی دۆخی كورد لە ئێران و ئایندەی كورد لەو وڵاتە ئەنجامداوە و تێیدا باس لەوە دەكات ئێستا دۆخی كورد لە ئێران تا ڕادەیەكی زۆر خراپە و پێویستی دەانێ هەماهەنگیەكی گەورە لە نێوان پارتەكانی كورد لە ئێراندا هەبێت.

باڵكێش: هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی ئێستایی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان چۆنە؟

لەو کاتەوە کە جوگڕافیایەکی دەستکرد و جەعلی بە ناوی ئێران لە سەر خاک و خوێنی نەتەوەکانی غەیرە فارسی وەک کورد، بەلووچ، ئەحوازی، تورکی ئازەری، تورکمان، کاسپیەن و …دروست بووە، ئەو جوگڕافیایە بێ کێشە نەبووە و تا ئەو کاتەش خاکی ئەو نەتەوانە لە داگیرکاریی ئێران دابێ، نەک هەر ئەو ناوچەیە بەڵکوو تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕووی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ.

ئەو دۆخەی ئەمڕۆی ئێران ئاکامی سیاسەتی هەڵە و سەرەڕۆیانەی ئەو ڕژیمەیە لە دەستێوەردان لە کار و باری وڵاتانی ناوچەکە و دروستکردنی شەڕ و ئاژاوە ، هەناردەکردنی تیرۆر و تیرۆریسم لە ئاستی جیهانی و نێونەتەوەییدا.

هەوڵدانی ئەو ڕژیمە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی بۆتە هۆی ئەوەی کە  لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانیەوە گەمارۆی ئابووری و ئابڵۆقەی خراوەتە سەر وئەوەش وایکردووە کە ئەو ڕژیمە لە ئاستی جیهانیدا تەریک بخرێتەوە و ئابووریی داڕماوی ئێران بەرەو ئاستی نەمان و لە ناوچوون بچێ.

خەڵکی ئێستای ئێران لەو پەڕی نەبوونی ئازادی بیر و باوەڕ و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایتەییەکان دا ژیان بە سەر دەبەن و سەرەڕای هەموو ئەوانەش ، گرانی، بێکاری و بێنرخ بوونی پارەی ئێرانی، خەڵکی بە ڕادەیەک لەو سیستم و ڕژیمە بێ هیوا کردووە کە ئەوانەی لە توانایان دایە ناچار وڵات بە جێ دێڵن و چینێکی بێدەسەڵات و گوێڕایەڵ یا کەم دەرامەت بە ناچاری دەمێننەوە و ئەوە بەشێکیشە لە ویست و خواستی ڕژیم.

ئەوەی باسم کرد هەموو ئێران دەگرێتەوە بەڵام لە پێوەندی بە کوردستانی ڕۆژهەڵات ستەم و نابەرابەرییەکە چەندین بەرابەرە.

ڕژیمی ئێرانی وەک خاکێکی داگیرکراو و کۆلۆنی چاو لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکا و بێجگە لە هەموو ئەو کێشە و کۆسپانەی بەرۆکی سەرجەم خەڵکی ئێرانی گرتۆتەوە، ڕەوشێکی ئابووریی نالەبار کوردستانی گرتۆتەوە و کوردستان لە دۆخێکی تەواو نیزامی و ئەمنی و میلیتاریزە کراو دا بەڕێوە دەبردرێ و ڕۆژ نییە چەندین لاوی کورد زیندانی نەکرێن ، لە سێدارە نەدرێن یان لە سنوورەکان نەدرێنە بەر دەستڕێژی گولە .

ڕۆژ نییە دارستان و باغات و ژینگەی کوردستان ئاگر نەدری و ئاسەوارە مێژووییەکانی بە تاڵان نەبردرێ و بە گشتی نەکرێتە ئامانجی هێزەکانی ڕژیم و دووژمنایەتی ئەو ڕژیمە لە گەڵ خاک و خەڵکی کوردستان ڕوون و بەرچاوە

ئێستاش پاش بڵاوبوونەوەی پەتای کڕۆنا، دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەو پەڕی مەترسی دایە و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر تووشی ئەو بەڵایە دەبن و رژیم لە کوردستان سیاسەتی بەرگری و خۆپاراستن ناگرێتە پێش و هیچ چەشنە یارمەتییەکی پزیشکی و ئیمکاناتی دەرمانی و بیهداشتی ناخرێتە خزمەت خەڵک و نەخۆشخانەکانی کوردستانەوە .

بە گشتی ژیان و گوزەرانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە ژێر سایە و چەکمە و پۆتینی داگیرکەری ئێرانیدا لەو پەڕی خراپی دایە.

لە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتیش دا ئەو ڕژیمە وەک مەترسی چاوی لێدەکرێ و کار بۆ ئەوە دەکرێ کە گۆڕانی جیددی بە سەر دابێنن و بە هۆی سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕژیمەوە هەر ئان ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە کە هێرشێکی نیزامی بکرێتە سەر ئەو ڕژیمە و سەرەتاکانی ئەو هێرشەش لەو ماوەیە دا کە چەندین بنکەی ناوکی و نیزامی کراونەتە ئامانج ئاماژە بۆ ئەو خاڵە دەکەن.

باڵكێش: ئێوە چۆن خۆتان ئامادە كردووە بۆ دۆخی دوایی گۆرانكاریەكانی ئێران؟

ئێمە وەک کورد بۆ دۆخی دوای گۆڕانکارییەکان تا ئێستا ئەو ئامادەییەمان تێدا دروست نەبووە و پێویستە هەنگاوی جیددی و بە پەلەی بۆ باوێین، چونکە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووگیانە بە ڕوودانی هەندێ پرس و بابەتی چارەنووسساز بۆ کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە.

پێویستە وەک کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەرجەم حیزبەکان بە بێ وەبەرچاوگرتنی جیاوازیی بیروڕا، لە دەوری یەک مێز کۆببینەوە و کۆدەنگیەکی نیشتمانی لە سەر ئەساسی کوردبون و هاوچارەنووسی پێک بێنین و ئادرەسێکی بە هێز دروست بکەین، بۆ ئەوەی وڵاتانی زلهێز بەو ئادرەسە کورد بناسن و دانوستانی لە گەڵ بکەن و سەنگ و قورسایی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نیشان بدرێ .

تا ئەو کاتەی ناو ماڵی کورد و دواتر نەتەوەکانی دیکەی غەیرە فارسی لە ئێران یەک نەخرێ و ڕێک نەخرێ، ڕووخانی ئەو ڕژیمە نابێتە هۆکار بۆ گەیشتن بە دەستکەوتەکانمان.

پێویستە ئیزن نەدەین جارێکی دیکە مێژووی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٨ دووبارە بێتەوە و لە ئەگەری ڕووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران و هاتنی ڕژیمێکی دیکەی ئێرانی کورد نابێ دەرفەت بە داگیرکەری ئێرانی بدا کە خۆی ڕیک بخاتەوە و دیسان خاکی کوردستان بچێتەوە ژێر چەکمەی داگیرکاری و باشترین هەنگاویش بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاندن و کار کردن و هەوڵدان و خوڵقاندنی بەستێنێکە بۆ ڕێفراندۆمێکی ئازاد بۆ خەڵکی کوردستان تاکوو بۆ خۆی ئازادانە بڕیارلە سەر چارەنووسی خۆی بدا و ئەوەش حاشاهەڵنەگرە کە ویستی نەتەوەی کورد ، سەربەخۆیی و بنیاتنانی وڵات و دەوڵەتی کوردستانە.

باڵكێش: واشنتن گرنگی بە كۆبونەوەی نێوان  لایەنە كوردیەكان و ئۆپۆزسیۆن دەكات لە ئێران چۆن دەرواننە ئەو گرنگیانە.

پرسی کورد نابێ گرێ بدەین بە پرس و ویستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کێشە و خواستی کورد جیاوازە لە گەڵ ویستی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری و فارس.

بۆ فارس و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەوە گرینگ نییە کە ئەوەی دەسەڵات دەگرێتە دەست کورد و باقی نەتەوەکانی غەیرە فارس دەچەوسێنێتەوە یان نا؟ ،شەڕی ئەوان شەڕی مۆرە و کەسەکانە و شەڕی کورسی و دەسەڵاتە، ئەوان دوێنێ شایان نەویست لە بەر ئەوەی خومەینیان پێ باشتر بوو، ئەوڕۆش خامنەییان ناوێ چونکە موجاهیدین یا کوڕی شایان دەوێ و پێیان وایە ئەوانە باشتر دەتوانن ئێرانی یەکپارچەیان بۆ بپارێزن.

کێشە و پرسی ئۆپۆزیسیۆنی فارس و سەراسەری، کێشەی سیاسی نییە، کێشەی قودرەت و بەشداربوونە لە هێز و دەسەڵات دا، بۆئەوان ئێستا گەورەترین گرفت ئەوەیە کە بۆ ڕژیمی ئێران ئیزن نادا خەڵکەکەیان لێچکە لە سەر نەکەن و یان قۆڵیان ڕووت نەکەنەوە و ئەوان زیاتر بیر لە ئازادییە شەخسی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەکەنەوە،بەڵام بۆ ئێمەی کورد جیاوازە و پرسی ئێمە و کێشەی ئێمە ، پرسی داگیرکرانی خاکەکەمان و نەبوونی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ….یە.

بۆ ئەمریکا و وڵاتانیش کە خوازیارن یارمەتیی دژبەرانی ڕژیمی ئێرانی بدەن، هەر وەکوو باسم کرد دەبێ ئادرەسێکی بە هێزیان بدەینێ کە لەڕێگەی ئەو ئادرەسەوە بەدواداچوون بۆ خواست و ویستی گەلی کورد بکەن.

باڵكێش:  ئەگەر گۆرانكاریی ریشەیی لە ئێران بكرێت ئێوە پلان و بەرنامەتان چۆن دەبێـ بۆ قۆناغەكە و دوایی قۆناغەكەش

بەرنامەی ئێمە ڕوونە و پێش ڕووخان و دوای ڕووخانی ئەو ڕژیمە کار بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لە نێوان خەڵک و هێزە سیاسیەکانی کورد دا دەکەن و دەبێ بیر و هزری تاکی کورد بە گشتی بۆ ئەوە ئامادە بکرێ کە ئێمەی کورد ئێرانی نین وئەوەی بە ناوی ئێرانەوە بە سەر ئێمە دا حکوومەت دەکا، داگیرکەرە و دەبێ خاکی کوردستانی لێ پاک بکرێتەوە.

و لە ئەگەری گۆڕانکاریی بنەڕەتی کە بە باوەڕی ئێمە لەو چەند ساڵە دا ڕوو دەدا ، ئێمە تێیدا  کار بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی دەکەین و ئەگەر لە قۆناغی یەکەمیش دا پێی نەگەیشتین و وا ڕەخسا کە حیزبە فیدراڵ خوازەکان توانیان فیدراڵی بۆ کورد مسۆگەر و دەستەبەر بکەن، ئەوە ئێمە پێمان وایە کە ئەو فیدراڵیەش قۆناغی پێش سەربەخۆییە و هەر بۆیە لە هەنگاو نان بەرەو دروستکردن و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پاشگەز نابینەوە و هەنگاوی بۆ داوێین.

بەڵام دیسانیش دووبارەی دەکەمەوە کە فیدراڵی ناتوانێ ئێمەی کورد بە ویست و خواستەکانمان بگەیەنێ و فیدراڵیەکەی کوردستانی باشوور نموونەی هەرە زیندوویە لەو پێوەندییە دا.

وتەیەکی بە نرخ هەیە کە دەڵێ : ماف نادرێ ، ماف دەستێندرێ، بۆیە ئێمەش دەبێ مافی خۆمان بستێنین نە ئەوەی کە ئێستا هەندێک لە حیزبەکان دەیکەن و پێیان وایە ئەوە دەبێ فارسەکان مافێکی فیدراڵیان پێ ڕەوا ببینن و بیان دەنێ . داگیرکەرانی کوردستان نایانهەوێ هیچ مافێک بۆ گەلی کورد دابین بکەن، ئەوان تا ئەو کاتە دان بە هەندێ مافی سەرەتایی گەلانی خاک داگیرکراو دا دەنێن کە لە زەعف و لاوازی دابن و هەر کە هێزیان گرت ئەوە دیسان هێرش دەکەنەوە بۆ سەر هەموو ویست و خواست و بەرژەوەندییەکانی گەلانی بندەست.

بۆیە ئێمە لە یەکەمین ساتەکانی ڕووخانی ڕژیم دا نابێ ئیزن بە ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بدەین کە پێ بخاتەوە ناو خاکی کوردستان.

باڵكێش: دروستكردنی هێزێكی هاوبەشیی كوردیی لە ئاستی رۆژهەڵاتی كوردستان چۆن دەبیین؟

ئێمە وەک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانمانەوە ڕوو لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات رامانگەیاند کە پێویستی مێژوویی و هەلوومەرجی ئەوڕۆیی وا دەخوازێ کە بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنین.

ئەو بەرەیەی ئێمە باسی لێوە دەکەین بریتییە لە دەزگای ڕاگەیاندنی هاوبەش، هێزی نیزامی هاوبەش،ژووری فکری و ستراتیژیی هاوبەش کە سەرجەمیان لە ژێر ناوی کوردبوونەوە لێکمان گرێ بداتەوە.

ئەو هێزە تا هەنووکە پێک نەهاتووە و هەر کام لە لایەنەکان بە جیا ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن هێزی هاوبەش لە ژێرناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ژێر ناوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە ژێر ناوی سوپای میللی کوردستان پێک بێنن، بەڵام تا ئێستا هیچیان نەیانتوانیەوە هەموو هێزەکان لە دەوری یەک مێزی هاوبەش کۆبکەنەوە، لێ لەو باوەڕە دام کە خێرایی گۆڕانکارییەکان ئەوە دەخوازێ و هەموویان بە ناچاریش بێ دەگەنە ئەو قەناعەت و باوەڕە کە دەبێ ئەو هێزە هاوبەشە لە چوارچێوەی بەرەیەک دا پێک بێ ، چونکە ئەگەر زیاتر وەدرەنگی بخەیەن و ئەو پرسە سەر نەگرێ ، بێگومان لە ڕەوتی ڕووداوە خێراکانی جیهانی بە جێ دەمێنین.

باڵكێش : هەماهەنگی نێوان ئێوە و لایەنەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان چۆنە.

هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی لایەنەکان بە داخەوە زۆر بەرچاوتەنگانە و تاکڕەوانەیە.

بۆ نموونە ناوەندێکی هاوکاری دامەزراوە،تەنیا دوو لایەنی حیزبی دێموکرات ودوو لایەنی کۆمەڵە تێیدا بەشدارن،

تەنانەت ناو لێنانی ئەو ناوەندە بۆ خۆی  بەربەستە لە بەردەم کارکردنی هاوبەشی هەموو هێزەکان کە ناوەکەی بریتییە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ئەوە بۆ خۆی لە خۆیدا ڕێگرە بۆ هێزە سەربەخۆییخوازەکان کە خۆیان پێ ئێرانی نییە.

باڵكێش: كورد چی بكات بۆ ئایندەی خۆی لە ئێران

کورد نابێ ئایندەی خۆی بە ئێران و ئێرانی بوونەوە گرێ بداتەوە، هەڵەیەکی کوشندە و مێژووییە ئەگەر پاش ڕووخانی ڕژیمی ئێستای ئێران، کورد کار بۆ ئاوەدانی و گەشەسەندنی وڵاتێک بە ناوی ئێران بکا.

هێزی کوردستانی دەبێ کار لە سەر بیر و هزری تاکی کورد بکا تا بێز لە ئێرانی بوون بکاتەوە ، ئێرانێک کە بەڵا نەما بە سەر نەتەوەی کوردی نەهێنێ و چەک نەما لە سەر کوردی تاقی نەکاتەوە.

ئایندەی کورد و ئێرانی لێک گرێ دراو نییە و لەو باوەڕە دام لە چەند ساڵی داهاتوو دا وڵاتێک بەو شێوەی ئێستا بە ناوی ئێران بوونی نامێنێ و دابەش دەبێ لانی کەم بە سەر پێنج تا شەش وڵاتی،کوردستان،بەلووچستان،ئازەربایجانی باشوور،ئەلئەحواز،فارسستان.

کورد دەبێ یەکەم ناو ماڵی خۆی ڕیکبخا و دووهەم لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەی وەک تورکی ئازەری،بەلووچ، عەڕەبی ئەحوازی،کاسپیەن و تورکمان و … هاوپەیمانی دروست بکا بۆ ئەوەی لە داهاتوو دا پێوەندی باشی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیرانی هەبێ.

و لە نەهایەت دا کورد دەبێ تەنیا خەبات بۆ سەربەخۆیی بکا و تا ئەو کاتەی وڵاتی کوردستان سەربەخۆ نەبێ، کورد بە ئازادی ناگا و فیدراڵی و سیستمەکانی لەو چەشنە تەنیا کورد بە کۆیلەیی و ژێر دەستەیی دەهێڵنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.