بەرپرسایەتیی وتووێژی ئەمریکا لە گەڵ ئێران لە ئەستۆی کێیە؟ و. جەماڵ پوورکەریم

0
8666

پێشەکی:

سێرکیس نعووم رۆژنامەنووسی بەناوبانگی لوبنانی و سەروتارنووسی رۆژنامەی ئەلنەهار وەک یەکێک لە کۆنترین و گرینگترین رۆژنامەکانی ئەو وڵاتەیە.

نعووم پێوەندیی نزیکی لە گەڵ کەسایەتییە سیاسییە کاریگەرەکان لە سەر ڕەوتی کاروباری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست هەیە و ساڵێ جارێک سەردانی ئەمریکا دەکا و لە گەڵ بەرپرسانی ئەو ولاتە چاوپێکەوتن دەکا. ئەنجام و ئاکامی ئەو چاوپێکەوتنانە لە خولێکی سێ حەوتوویی لە چوارچێوەی بابەت و وتار لە رۆژنامەی ئەلنەهار بڵاو دەکرێتەوە. دەقی ژێرەوە ، بەشی چوارەمی ئەو شێوە چالاکیانەی نعوومە لەم ساڵی زایینیدا کە تایبەتە بە ئێران.

دیدارەکانی خۆم لە گەڵ بەرپرسێکی پایەبەرزی پێشووی ئەمریکا دەستپێکرد کە رۆڵێکی گرینگی لە دۆسیە جۆربەجۆرەکانی رۆژهەلاتی ناڤیندا گێڕاوە و سەرەرای تەمەنی زۆری، هێستاش چالاکە. لە بارەی ئێرانی ئیسلامی و پێوەندیی نێوان ئەو ولاتە و ئەمریکا و ئەگەرەکانی داهاتوو پرسیارم لێکرد ، گوتی : (( ئێمە دەمانەوێ لە گەڵ ئێران وتووێژ بکەین، بەلام نازانین دەبێ لە گەڵ کێ و چۆن قسە بکەین . نازانین کێ ڕێبەرایەتی ڕاستەقینەی بە دەستەوەیە و لەو بارەوە بڕیار دەدا. بێگومان ئەحمەدی نەژاد ناتوانێ ئەو کەسە بێ . لە بارەی خامنەیی (ڕێبەری رژیمی ئێران ) ئاگامان لە ئاستی زانیاری و چۆنیەتیی بڕیاردانی نییە. بۆ وینە ئەو دەڵێ کە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی لە بواری ئیسلامیەوە حەرام و قەدەغەیە. چۆن وەها شتێک ئیمکانی هەیە ؟ سپای پاسداران بە هێزە ، بەڵام زانیاریی پێویستمان لە سەر شێوە ڕوانینی ناوخۆیی سپا نییە .))

پێم گوت:(( مەحموودی ئەحمەدی نەژاد بە تایبەتی لەو بوارەدا شانسی خۆی  لە لای ڕێبەری ئێران  لە دەست داوە،چونکە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ لە رادەبەدەر خۆی گرینگ نیشاندا. ئەو لە سەرۆک کۆماریدا تەنیا بەو هۆیەوە مایەوە کە دەرفەتی گەیشتن بە پلەی کاریزمایی پێنەدرێ . ئەو دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە و تەنانەت ڕێژەی دەسەلاتی لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆشیدا نییە.

سپای پاسداران لەو کاتەوە کە خامنەیی بوو بە جێگری خومەینی ، ئەوی لە ژێر چەتری خۆی گرتووە و چونکە ئاستی زانستیی پێویستی بۆ ڕێبەریی ئێران نەبوو،  سپا لە بەرامبەر هێرشی ڕەخنەگران بەردەوام پشتیوانی لێکردووە، خامنەیی مەرجەع تەقلیدی زۆرینەی سپای پاسدارانە و ڕێزی لێدەگرن . سەرەڕای ئەوانە ، هیچ کەس ڕاستییەکانی ناوخۆیی سپای پاسداران نازانێ و زانیاریی لە سەر ئەوە نییە کە سەرەڕای ئەوەی خامن7ەیی لە لای سپا ڕێزی لێدەگیرێ ، ئایا سپا لە ئاست ئەو تووشی دوو دەستەیی بووە یان نا . هەروەها هیچ کەس نازانێ باشترین ڕێگەی هەڵسوکەوتی بیانیەکان لە گەڵ ئێران چییە . ))

بەرپرسە ئەمریکایەکە وڵامی داوە و گوتی: (( ئەوەی گوتتان ، ڕاستە . ئێمە دەزانین کە خاوەنی کۆمپانیا و بازرگانی زۆر ، بۆ باشبوون و ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە هەوڵ دان. تەنانەت جارێک ڕێککەوتنێک لە ڕێگەی ناوبژیوانیی سووئیس هاتە پێش تاکوو بەرپرسانی دوو وڵات بە شێوەی ڕاستەوخۆ چاویان بەیەک بکەوێ؛ بەڵام لە دوایین ساتەکاندا ئێرانیەکان بڕیاری خۆیان گۆڕی. وا پێدەچێ کە ئێران حەزی لە وتووێژ لە گەڵ ئەمریکا نەبێ. ئێمە خوازیاری گۆڕینی ڕژیم لە ئێران نین، بەڵام بە دواداچوون بۆ پێویستیی گۆڕان بە سەر  کردوەی ئەو ڕژیمە دا دەکەین . ئێمە و ولاتانی جیهان ڕەنگە ئیزن بە ئێران بدەین کە بە ڕێژەیەکی سەرووتر کاری پیتاندنی ئۆرانیۆم بکا و یان تەنانەت ئامادەین لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی ، ئۆرانیۆمی پیتێندراوی پێویست بۆ چالاکییی ئاشتیخوازانە بە نرخێکی کەم بخەینە ژێر دەستی ئێران. مەبەستی من لە وڵاتانی دیکەی جیهان ، بە شێوەی تایبەت رووسیە، چین و ئورووپایە. سەرەڕای هەموو ئەوانە ئێمە تا ئێستاش ڕێگەی گەیشتن ونزیکبوونەوە  بە ئێرانیەکان نازانین . ))

ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە زۆر بە ڕاشکاوی گوتی :(( ئەمریکا هیچ کات وبە هیچ شێوەیەک ئێرانێکی ئەتۆمی قەبووڵ ناکا.))

من لە درێژە دا گوتم:(( شایەد ئێران بیهەوێ وەک ژاپۆن بێ، واتە زانست و تێکنۆلۆژی و کەرەستەی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێ کە ئەگەر مەترسییەکی گەورە هەرەشەی لێکرد، بتوانێ لە ماوەی چەند مانگێکدا بۆ بەرگری لە خۆی ، بۆمبی ناوکی بەرهەم بێنێ.))

ئەو گوتی:(( ئەمریکا هیچ کات لە گەل ئەم ڕووداوە رەزامەندی دەرنابڕێ. ئێمە بە باشی دەزانین کە ئێران لە ناوچەیەکی پڕ لە کیشە و لە نێوان وڵاتانێک هەڵکەوتووە کە ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە لە داهاتوو دا ببنە دوژمنی ئەو ڕژیمە.

فەرهەنگی ئێرانیش لە گەڵ فەرهەنگی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە جیاوازە . لە ڕاستیدا هەم فەرهەنگی شیعەگەری ئێران لە بەرانبەر فەرهەنگی سوننییەکان راوەستاوە و هەم فەرهەنگی فارس لە بەرانبەر عەڕەبدا؛ بەڵام وتووێژ و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمنیەتی لە گەڵ ئەمریکا، کۆمەلگەی جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە، تەنیا ڕێگەیەکە کە ئاسایش بۆ هەموان دەستەبەر دەکا و مەترسیەکە دوور دەکاتەوە.

دەستراگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی ، هیچ کات نابێتە هۆکار بۆ بەهێز بوونی ئەو وڵاتە و کیشە و گرفتەکانی تاران لە گەڵ دوژمنانی دەرەکی چارەسەر ناکا. جگە لەوەش وەها ڕووداوێک دەبێتە هۆی درووست بوونی پێشبڕکێیەکی ناوکی لە ناوچەکە دا. عەڕەبستانی سەعوودی ئێستا ئارەزووی بەرزەفڕی هەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی ناوکی و میسر و ئۆردۆن و تاقمێکی دیکە لە ولاتە عەڕەبیەکانیش لەو رێڕەوە دان و بەم شێوەیە تەواوی ناوچەکە دەچێتە ژێر مەترسیەوە.))

لەو بەرپرسە ئەمریکاییەم پرسی کە چارەنووس و پرسی بژاردەی نیزامی بە دژی ئێران چی بە سەر دێ؟

گوتی: (( باراک ئۆباما خوازیاری هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران نییە و تا ئەو کاتەی کوێرە ڕێیەک بۆ ڕازی کردنی ئاشتیخوازانە لە گەڵ ئێران لە سەر گۆڕان لە چالاکییە ناوکییەکانی بوونی هەبێ؛ بە لای وەها بژاردەیەکدا ناچێ، بەڵام ئێمە ئەمریکاییەکان نازانین کە تا چەند ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە ئیسرائیل دەست بداتە وەها هێرشێک بە دژی ئیران. ئەگەر ئیسرائیل بەو ئەنجامە بگا کە ئێران بۆی بۆتە هەڕەشەیەکی جیددیی ناوکی ، دوور نییە لە هەر کاتێکی گونجاودا کە بۆی بلوێ هێرشی نیزامی بە دژی ئێران دەست پێ بکا . ئیسرائیل گورزی یەکەم دەوەشێنێ ؛ چونکە دەزانێ درێژەی عەمەلیاتەکە تا کۆتایی بێگومان دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا . ))

نووسینی : سێرکیس نعووم

وەرگێڕانی : جەماڵ پوورکەریم

ئەو بابەتە لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکان بڵاو بۆتەوە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.