تەقینەوەی مین لە قەسری شیرین سەربازێکی پیرانشاری کردە قوربانی.

0
1510

پاشماوەی مین ـە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە کوردستان هەنووکەش هەڵنەگیراونەتەوە و ڕۆژانە هاووڵاتیانی کورد بە هۆی تەقینەوی ئەو مینانەوە دەبنە قوربانی، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای تیرۆریستی پاسداران خەریکی چاندنی مینی نوێیە لە ناوچەکانی کوردستان.

مرۆڤایەتی: بەپێ ڕاپۆرتیک کە بە دەستی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات، گەیشتووە، سەربازێکی کورد بە ناوی “ع.مەحموودی” خەڵکی گوندی “دربکە” سەر بە شاری پیرانشار، بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان بووە قوربانی.

ناوبراوە تەنیا دوو مانگ بە کۆتایی هاتنی سەربازییەکەی مابوو کە بە هۆی تەقینەوەی مین بووە قوربانی و گیانی خۆی لە دەست دا.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە هێشتا بڕیارنامەی “ئوتاوا”ی واژۆ نەکردووە. بڕیارنامەی “ئوتاوا” لە لایەن ۱٤٦ وڵاتەوە بۆ قەدەغە کردنی مینی دژە نەفەر واژۆ کراوە.

بە هۆی تەقینەوەی مین، کوردستان زۆرترین ئاماری قوربانی و زیانی ماڵی لە ئێراندا هەیە.

بەپێ ئەو ڕاپۆرت و بەڵگانەی کە لەبەر دەستی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ژنێڤ دان، بۆ هەر دوو کەس لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یەک مین لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چێندراوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێژێ ئەو مینە چێندراوانە پاشماوەی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێرانە.

هەڵمەت مەعرووفی، بەرپرسی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات، لەم بارەوەیە ڕایگەیاند، چەند بەڵگەی سەلمێنەرم لە بەردەستدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای شەڕی نێوان عێراق و ئێران، بەتایبەت لە سێ ساڵی ڕابردوودا، لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، پیرانشار و بانە مینی نوێی چاندووە.

بەپێ وتەکانی هەڵمەت مەعرووفی، ئەو مینانەی کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا چێندراون جۆرێکی نوێن و لەگەڵ پاشماوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران جیاوازێکی زۆریان هەیە.

ئەو ئامارانەی کە لە بەردەستدان سەلمێنەری ئەوەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ٤ میلیون و ۲۰۰ هەزار هێکتاری خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی، زیاتر لە ۲۰ میلیون مینی نوێی چاندووە