چارە نووسی سێ هاووڵاتیی دەسبەسەر کراوی کورد ناڕوون و جێگای نیگەرانییە.

0
1225

چارەنووسی دوو هاووڵاتیەکی دانیشتووی شاری سنە و هاووڵاتیەکی شاری مەهاباد کە لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا دەست بەسەر کراون، هەتا ئێستا ناڕوونە و جێگای نیگەرانییە.
سەرەڕای گیان لە دەستدانی ڕێژەیەکی زۆری هاوشارییانی کورد له ژێر ئەشکەنجەکاندا، گیانی ئەو سێ هاوشارییە بەندکراوەش لە مەترسیدان.

مرۆڤایەتی: سێ شارومەندی کورد بە ناوەکانی “عێرفان ساعەدپەنا”، “یەدوڵڵا مەحەممەدی” و “بێهزاد خزری” کە لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لە شارەکانی سنە و مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەر کراون، هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوون و جێگای نیگەرانییە.

عیرفان ساعەدپەنا، خەڵکی شاری سنەیە و خوێندکاری دەورانی کارناسی باڵایی زانستی سیاسییە لە زانکۆی خاڕەزمی تاران کە ڕۆژی دوو شەممە ۲۸ی ڕەشەمەی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەر لەگەڵ ۱۹ی مارسی ۲۰۱۸ی زایینی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە دەسبەسەر کرا.

هەروەها “بێهزاد خزری” شارومەندێکی مەدەنی شاری مەهاباد بە هۆکاری ئەوەی کە لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆر لە لاوانی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات و شاری مەهاباد، سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی ئەو شارەیان کرد، لە ڕۆژی پێنجشەممە ۹ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەرە لەگەڵ ۲۹ی مارسی ۲۰۱۸ی زایینی، دەست بەسەر کراوە و هەتا ئێستا زانیاری لە سەر ناوبراو لە بەر دەستدا نییە و ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار حازری وڵامدانەوە بنەماڵەی ئەو بەند کراوە نین.

بەپێ ڕاپۆرتێ کە بە دەستمان گەیشتووە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات سەرەتا بەڵگەنامەی ئۆتۆمۆبێلەکەی لێ وەر گیراوە و پاشان خۆی دەست بەسەر کراوە و بۆ بەندیخانە گوێزرایەوە.

هۆکاری دەسبەسەر و بەندر کردنی ناوبراو، نوێ کردنەوە پەیمان لەگەڵ پێشەوا قازی مەحەممەد و شەهیدانی کوردستان ڕاگەیێندراوە.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژی پێنج شەممە ۹ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەرە لەگەڵ ۲۹ی مارسی ۲۰۱۸ی زایینی شارومەندێکی سنەیی بە ناوی ” یەدوڵڵا مەحەممەدی ” خەڵکی شاری سنە، بە هۆکاری خوێندنێکی کاتی، سروودی شۆڕشگێڕی ” کوردستانەکەم مایەیی حەیاتم…پێشمەرگایەتی ڕێگای نەجاتم ” لە سەر پەهەنگی ژەنیارەکانەوە لە باغچەی ئاویەر ( لایەن حکوومەتەوە ناودێر کراوە بە پارکی ۲۸ دەی)ی ئەو شارە، لە لایەن هێزەکانی حیفازەتی ئیتڵاعات دەست بەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.

ڕاپۆرتی هەواڵنێری مرۆڤایەتی باس لەوە دەکات کە گۆرانیی بێژی ئەو ڕێوڕەسمە بە ناوی ” عەلیڕەزا مەحموودی ” و ئەو گرووپە موسیقایە کە لەگەڵ ناوبراودا بوون و تەنانەت جێگری سەرۆکی شارەوانی شاری سنەش بە تۆمەتی ” هاڕا بوون بۆ خوێندنی ئەو سروودە ” بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە لایەن هێزەکانی حیفازەتی ئیتڵاعاتی شاری سنە بەند و پشکنین کران.

هەتا ئێستا چارە نووسی ئەو سێ شارومەندە کوردە ناڕوونە، چالاکانی مافی مرۆڤی کورد باس مەترسی گیان لە دەست دانی ئەو بەند کراوانە لە ژێر ئەشکەنجەدا دەکەن.

دوا بە دوای ناڕەزایەتییەکانی دژە حکوومەتی لە سەرانسەری ئێراندا، لانیکەم هەشت کەس لە شارومەندانی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئێسلامی ئێراندا کۆژراون.