ئەمشەو، تۆفانێکی تویتێری بۆ پشتگیری لە سەعید شێرزاد و چەند بەندکراوی تری سیاسی لە ئێران، بەڕێوە دەچێ

0
958

مرۆڤایەتی: سەعید شێرزاد، چالاکی مافی منداڵان و بەندکراوی سیاسیی کورد کە ٣٧ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە، لە دۆخێکی نالەبار دایە و لە لێواری مەرگ و ژیان وێستاوە و بەو حاڵەشەوە ئامادە نیە مان لە خواردن بگرێ.

بەپێی زانیارییەکان، دۆینێ پێنج شەممە، سەعید شێرزاد، ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی کراوە و دوکتورەکان ویستوویانە بە زۆر سیرۆمی لێ بدەن و لێوەکانی بکەنەوە، بەو حاڵەشەوە سەعید ڕێگری لێکردوون و ئیزنی نەداوە.

سەعید شێرزاد، بەشێکی زۆر لە کێشی خۆی لە دەست داوە و لەشێکی سارد و کەم گیانی لێ ماوەتەوە.

بڕیارە کاتژمێر ٢٢ی ئەمشەو، هەینی، ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، تۆفانێکی تویتێری بە مەبەستی پشتگیری لە سەعید شێرزاد و چەند بەندکراوی تری سیاسی لە تویتێر، بەڕێوە بچێت. لە هەمان کاتدا، چالاکانی سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داوای ئازادکرانی سەعید شێرزاد دەکەن.

سەعید شێرزاد، بەندکراوی سیاسیی کوردی چالاکی لە بواری مافی منداڵان و چالاکی کرێکاری،  لە ١٧ی سەرماوەزەوە مانی لە خواردن گرتووە و لێوی خۆی درووەتەوە.

سەعید شیرزاد، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان و لە ئەندامانی کۆمەڵی بەرگری لە منداڵانی شەقام و منداڵانی کارە و ١٨ ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٣ دەستبەسەر کراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسیی کوردە، ڕایگەیاندووە تا کاتی دەستەبسەربوونی داواکارییەکانی، لێوی خۆی ناکاتەوە و مانگرتنەکەی ناشکێنێ و  تا ئێستا ئیزنی نەداوە بەڕێ بکرێت بۆ بێهداری و ئیزنیشی نەداوە سێرۆمی لێ بدرێت.

سەعید شێرزاد، لە نامەیەکدا کە بۆ بەرپرسانی بەندیخانەی نووسیوە، گوتوویەتی: “بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر، دۆخی نالەباری بەندکراوانی نەخۆشی گرتووخانەی ڕەجایی شار و نەبوونی تەناهی بۆ گیراوانی عەقیدەتی و بێ ڕێزی کردنی بەردەوام بە بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی و لێدان و ئەشکەنجەیان لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوەو ناردنی زۆرەملییان بۆ دادگا، مانی لە خواردن گرت و لێوی خۆی درووە.

شیرزاد هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دەنگی زنیدانیانی گرتووخانەی ڕەجایی شار بگاتە گوێی ناوەندی مافی مرۆڤییر جیهانییەکان، پاش ٣٠ ڕۆژ لە مانگرتن، مانگرتنەکەی دەشکێنێت.

دادگایی کرانی ئەو چالاکە سیاسییە کوردی، ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی قازی سەلەواتی و دوای تێپەڕبوونی ١٥ مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانەکەیدا، بەڕێوە چوو و لە ئەنجامدا بەتاوانی “کۆبوونەوە و هاوفکری بەنیازی تێکدانی تەناهیی ئێران”، ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپا.

بۆ بەشداریکردن لەو دەنگدانە لێرە کلیک بکەن