ئارمان سەلیم پوور، سەرلەنوێ دەستبەسەرکراوە/ئیتلاعات ڕەتی دەکاتەوە لای ئەوان بێت

0
1066

مرۆڤایەتی: ئارمان سەلیم پوور، کوڕی حەبیب، تەمەن ٢٤ ساڵان و خەڵکی مهاباد و خاوەن پێشەی وێنەگری کە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە ماڵی باوکی دەستبەسەر کرابوو و دوای ٣٤ ڕۆژ دەستبەسەری ئازاد کرابوو، سەرلەنوێ دەستبەسەر کراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری مرۆڤایەتی، ئارمان، ڕۆژی سێ شەممە ٧ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش نازاندرێ لەلایەن کام بنکەی ئاسایشییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ کوێ ڕاگواستراوە.

باوکی ئارمان لە پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ “مرۆڤایەتی” گوتی: “سێ ڕۆژە کوڕەکەم بێسەروشوێنە، بەو حاڵەشەوە، ئیتلاعاتی مهاباد رەتی دەکاتەوە کە ئارمان لەلایەن ئەوانەوە دەستبەسەر کرابێ یان لای ئەوان ڕاگیرابێ، تا ئێستاش نازانین کوڕەکەمان لەلایەن کام بنکەوە دەستبەسەر کراوە و لە چ دۆخێک دایە”.

دەستبەسەرکرانەوەی دووبارەی ئەو لاوە مهابادییە، دوای ٣٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران و ئازادکرانی و خۆبواردنی ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕاگەیاندنی شوێنەکەی و خۆ بێ ئاگا نیشاندان لە دۆخ و شوێنەکەی، دڵەراوکێ و پەشۆکاویی زیاتری بنەماڵەی سەرلیم پووری بەدواوە بووە و لە ئێستادا لە دۆخێکی نالەباری دەروونی دان.

هۆکاری دەستبەسەرکرانەوەی ئارمان سەلیم پوور و شوێنی ڕاگیران و دۆخی دەروونی و جەستەیی ئە ولاوە کوردە، تا ئێستاش ناڕوونە.