سەعید شێرزاد، بەندکراوی سیاسیی کورد، ٢٢ ڕۆژە، لەسەر مانگرتنەکەی بەردەوامە

0
1388

مرۆڤایەتی: سەعید شێرزاد، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان ٢٢ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و زەختی خوێنی دابەزیوە و لێدانی دڵی بەرز بووەتەوە و لاواز بووە و گورچیلەکانی ئازاری دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی چەند سەرچاوەیەکی مافی مرۆڤی، سەعید شێرزاد، بەندکراوی سیاسیی کوردی چالاکی لە بواری مافی منداڵان و چالاکی کرێکاری،  لە ١٧ی سەرماوەزەوە مانی لە خواردن گرتووە و لێوی خۆی درووەتەوە.

سەعید شیرزاد، زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان و لە ئەندامانی کۆمەڵی بەرگری لە منداڵانی شەقام و منداڵانی کارە و ١٨ ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٣ دەستبەسەر کراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسیی کوردە، ڕایگەیاندووە تا کاتی دەستەبسەربوونی داواکارییەکانی، لێوی خۆی ناکاتەوە و مانگرتنەکەی ناشکێنێ و  تا ئێستا ئیزنی نەداوە بەڕێ بکرێت بۆ بێهداری و ئیزنیشی نەداوە سێرۆمی لێ بدرێت.

سەعید شێرزاد، لە منامەیەکدا کە بۆ بەرپرسانی بەندیخانەی نووسیوە، گوتوویەتی: “بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر، دۆخی نالەباری بەندکراوانی نەخۆشی گرتووخانەی ڕەجایی شار و نەبوونی تەناهی بۆ گیراوانی عەقیدەتی و بێ ڕێزی کردنی بەردەوام بە بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی و لێدان و ئەشکەنجەیان لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوەو ناردنی زۆرەملییان بۆ دادگا، مانی لە خواردن گرت و لێوی خۆی درووە.

شیرزاد هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دەنگی زنیدانیانی گرتووخانەی ڕەجایی شار بگاتە گوێی ناوەندی مافی مرۆڤییر جیهانییەکان، پاش ٣٠ ڕۆژ لە مانگرتن، مانگرتنەکەی دەشکێنێت.

دادگایی کرانی ئەو چالاکە سیاسییە کوردی، ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی قازی سەلەواتی و دوای تێپەڕبوونی ١٥ مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانەکەیدا، بەڕێوە چوو و لە ئەنجامدا بەتاوانی “کۆبوونەوە و هاوفکری بەنیازی تێکدانی تەناهیی ئێران”، ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپا.