دۆخی جەستەیی لاوێن کەریمی، بەندکراوی سیاسیی کورد، نالەبارە

0
1410

مرۆڤایەتی: لاوێن کەریمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خوێندکاری کارناسیی بەڕێوەبەری لە نەدیخانەی هەمەدان، تووشی خوێنڕێژیی میعدە بووە و بەرپرسانی بەندیخانە دژایەتی لەگەڵ ڕاگواستنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە دەکەن.

دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە لەگەڵ ڕاگواستنی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە بۆ دەرەوەی بەندیخانە لە کاتێکدایە کە پزشکانی بەندیخانە پێداگرییان کردووە کە دەبێ بە زوویی لە دەرەوەی نەخۆشخانە، چارەسەری بۆ بکرێت.

لاوێن کەریمی، ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی 1394ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران لە سەقز، بە تاوانی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران، دەستبسەر کراوە و لە دادگا، سزای ٥ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

سزای داسەپاوی ئەو چالاکە سیاسی و خوێندکارییە کوردە تەمەن ٢٦ ساڵانە، دوای دەنگ هەڵبڕینی پارێزەرەکەی، لە لایەن دادگای پێداچوونەوە، بۆ ٣ ساڵ بەندیخانە و ڕاگوازران بۆ هەمەدان، داشکا.

ناوەندی ڕۆژی کورد و ماڵپەڕی مرۆڤایەتی، پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لە دۆخی لاوێن کەریمی کردووە و باسیان لە ئەشکەنجە و ئازاردرانی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە کردبوو کە بە هۆی ئەو ئەشکەنجە لەڕادەبەدەرە، تووشی خوێنڕێژی مێعدە بووە و لە ئازارێکی لەڕادەبەدەر دایە.

 بەرپرسانی بەندیخانە بە لاوێن ـیان گوتووە کە وەزارەتی ئیتلاعات ئامادە نیە تێچووی دەرمان و پێڕاگەیشتنیی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە بۆ دەرەوەی دابین بکات.

لاوێن کەریمی لە ئێستادا لە بەندیخانەی هەمەدان، ماوەی سزای بەسەرداسەپێندراوی تێدەپەڕێنێت.