مامۆستایەکی زانکۆی مەریوان لە مافی وانەوتنەوە بێبەش کرا

0
2272

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری مرۆڤایەتی لە باژێڕی مەریوان، مامۆستایەکی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان دوای چەبد ساڵ وانەوتنەوە لەو زانکۆیە، مافی وانەوتنەوەی لێ ئەستێندراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە یەکەم ڕۆژی وانەوتنەوە، لە وانەکانی تێرمی پاییزیی ئەمساڵ، بەرپرسانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، ڕێگرییان لە دوکتور حامید کۆنەپۆشی، مامۆستای وانەبێژی ئەو زانکۆیە کردووە و سەرەڕای ئامادە بوونی خوێندکارەکان، پێی ڕاگەیێندراوە کە لەگەڵ ئەوەیدا کە بە مامۆستایەکی خوێندەوار و ڕێک و پێک و گونجاو دەزاندرێت، بەڵام ئیزنی وانەوتنەوەی پێ نادرێت.

دوکتور حامید کۆنەپۆشی، هەڵگری بڕوانامەی دوکتورا لە بواری کۆمەڵناسیی ئابووری و پەرەپێدان و بەرپرسی ناوەندی ڤەژین لە باژێڕی مەریوانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەواڵنێری مرۆڤایەتی گوت: “دوکتور حامید کۆنەپۆشی، مامۆستایەکی خۆشەویست و جێگای ڕێزی خوێندکارانە هەر بۆیە پێدەچێ هۆکاری ڕێگری کران لە وانەوتنەوەی لەو زانکۆیە بگەڕێتەوە بۆ قسەکردنی ناوبراو لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مەریوان لە هەمبەر کێشەی ڕێگاوبان و هاتووچووی تانکەرەکانی مەرگ”.