کۆڵبەرێکی لاوی بانەیی بە دەستیهێزەکانی ڕژیم کوژرا

0
1390

مرۆڤایەتی: لە درێژەی کوشتاری بێ سنووری کۆڵبەرانی کورد، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، لە سنوورەکانی بانە، کۆڵبەرێکی لاوی کورد کوژرا.

هەواڵنێری مرۆڤایەتی، شوناسی ئەو کۆڵبەرە لاوە کوردەی “جەمیل عەبدووڵانەژاد”، کوڕی ساڵح و تەمەن 21 ساڵان ڕاگەیاند.

یەکێک لە نزیکانی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە وتووێژێکی تایبەت بە “مرۆڤایەتی” گوتی: “ڕۆژی پێنج شەممە 1ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، لە خاڵە سنوورییەکانی بانە، هێزەکانی ڕژیم تەقەیان لە جەمیل کر و لە ئەنجامدا لە لای سینگ و ڕان ـیەوە پێکرا”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتیشێ: “هێزەکانی ڕژیم بێ هیچ هۆشداری و داوای ڕاوەستانێک، تەقەیان کردووە و لە ئەنجامدا جەمیل گیانی لە دەست دا”.

بەپێی سەرچاوەکەی “مرۆڤایەتی”، هێزەکانی ڕژیم، دەستیان بەسەر سەرجەم کەلوپەلەکانی ئەو کۆڵبەرە لاوە کوردە کە بریتی بووە لە کەل و پەلی کارەبایی، داگرتووە و تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە، تەرمی ناوبراویان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووە.