رۆژی كورد: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چاپی دووهه‌می “فه‌رهه‌نگی په‌ندی كوردی” له لایه‌ن ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نیی “مانگ” له کوردستانی رۆژهه‌ڵاتی چاپ و بڵاو كرایه‌وه كه وه‌كوو چاپی یه‌كه‌می له‌گه‌ڵ پێشوازییه‌كی گه‌رمی خه‌مخۆران و هۆگرانی زمانی كوردی به‌ره‌وڕوو بوو. ئەوە یەکەمین جارە ئەو پەرتووکە لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە درێژەی هەوڵە چڕەکانی وەشانخانەی “مانگ” لە بانە، چاوپ و بڵاو کرایەوە.

ئیسماعیل زارعی، کۆکەرەوە و نووسەری ئەو پەرتووکە بەنرخە کوردییە، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد لەمبارەوە گوتی: “بۆ یه‌كه‌مجار ساڵی 1999 بۆ 2000 بیری كۆكردنه‌وه‌ی په‌ندی كوردی له مێشكی مندا چه‌كه‌ره‌ی كرد و له‌بۆیه‌ش ـ ئه‌و كات ته‌مه‌نم كه‌متر له 20 ساڵ بوو و زۆر كه‌م ئەزموون و زۆریش خوێنگه‌رم بووم ـ هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا رمهكی و له‌گۆتره ده‌ستم دایه كۆكردنه‌وه‌ی په‌ندی كوردی. زۆری نه‌گرت هه‌رچی تێنووس و تێنووسۆچكهی هه‌مبوو له په‌ندی كوردی ئاخندران. ئه‌وه وایكرد بیری فه‌رهه‌نگێكی له‌و چه‌شنه به بیرمدا ڕابرێ و له‌وه‌ودوا به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك و وه‌ك ده‌ڵێن سیستماتیك ده‌ستم به كۆكردنه‌وه‌و پۆلێنهكردنی پهندهكان. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌م نه‌كردبێ شتێك نزیك به 13 تێنووسی ئه‌ستوور بوون.”
لەمەڕ ناوئاخنی پەرتووکەکە و ڕێژەی پەندەکان، زارعی گوتی: “دواتر كه پەندەکان چاپ بوون، شتێك له نێوان 30000 بۆ 350000 په‌ندی كوردی له‌خۆگرتبوو. ده‌ڵێن خوا ڕاسته‌و له ڕاستانی خۆش دێ، بۆیه‌ش ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئه‌من شتێك نزیك به 10 ساڵان به‌و به‌رهه‌مه‌وه خه‌ریك بووم، به‌ڵام نه‌ك ئه‌وه‌ی 10 ساڵان هه‌ر دانیشتبم و نان و ئاوم هه‌ر ئه‌و كاره بوو بێ، نا، به‌ڵكوو ڕێ كه‌وتووه به چه‌ند مانگیش به‌لای ئه‌و كاره‌دا نه‌چووم، به‌ڵام واش هه‌بووه دوو و سێ ساڵیش بێ پشوو خه‌ریكی ئه‌و كاره بووم. هه‌روا له لاوه كه سه‌رقاڵی كاروباریتر بووم، جاری وابوو خه‌ریكی كاروباری ئه‌و فهرههنگهش ده‌بووم. به‌ڵام چه‌ند ساڵی یه‌كه‌م و چه‌ند ساڵی كۆتایی یه‌كبین و بێ‌وچان سه‌رم له‌سه‌ری بوو تا ته‌واو بوو. “
زارعی لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد باس لە دەوڵەمەندیی زمانی کوردی کرد و گوتی: “دیاره هه‌روه‌ك پێشتریش و هه‌روه‌ك له پێشه‌كی فهرههنگهكهشدا هاتووه، ئه‌وده‌م زۆرم حه‌ز له كاری وه‌رگێڕان بوو، زۆر جاران له ده‌سته‌واژه و په‌ندێكی زمانی فارسی‌دا ده‌مامه‌وه. نه‌شده‌كرا وەریان گێڕمەوە سه‌ر زمانی مه‌به‌ست، ناچار له‌مم ده‌پرسی، له‌وم ده‌پرسی، ئه‌م فه‌رهه‌نگ و ئه‌و فه‌رهه‌نگم چینه ده‌كرد، مێشكی ئه‌و و ئه‌وم ده‌كۆڵی، به‌ڵام به‌زۆری ده‌ست له چۆكان درێژتر ده‌مامه‌وه. ئه‌وه وایكرد كه له‌وه‌دوا هیچ پهندێكم لـێ قوتار نه‌ده‌بوو، ئه‌وه‌ی په‌ندی پێشینیانم ده‌ست كه‌وتبا ـ چ به فارسی و چ به كوردی ـ له‌سه‌ر یه‌كم داده‌نان. زۆر زوو هه‌ستم به‌وه كرد كه كورد له‌و باره‌وه یه‌كجار ده‌وڵه‌مه‌نده. (ئه‌من زمانی كوردی له‌گه‌ڵ زمانه‌كانیتر به‌راورد ناكه‌م ـكاری منیش ئه‌وه نیهـ به‌ڵام هه‌روه‌ك به سه‌دان جار ڕامگه‌یاندوه كه ئه‌وه ئەزموونی پتر له 10 ساڵی كاری منه له بواری په‌ند و ده‌سته‌واژه‌ی كوردیدا كه زمانی كوردی ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندترین نه‌بێ، یه‌كێكه له‌و ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمانانه‌ی كه مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌خۆیه‌وه بینیوە ـ جا كه وا ده‌ڵێم هیوادارم بۆشم به گوناح نه‌نووسرێ). با ئهوهندۆكهشی بخه‌مه سه‌ر كه ئه‌من فهرههنگێكیتریشم هه‌ر ئاماده كردوه كه به دوو زمانی كوردی و فارسییه و تایبه‌ته به هاوتای پهندهكان له‌و دوو زمانه‌دا و هاوتای پهندهكان له زاراوهكانیتری كوردیدا، به‌ڵام له‌به‌ر هێندێك هۆكار هه‌روا ده‌ستم له چاپكردنی راگرتوه.
لەمەڕ چۆنیەتی یەکەم چاپ و بڵاو کرانەوەی پەرتووکەکەش، نووسەری پەرتووکی “فەرهەنگی پەندی کورد” گوتی: “ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌م زۆر بۆ ئێره‌و ئه‌وێ وه‌بن هه‌نگڵی ده‌دا تا یه‌كێك چاپهكهییم بۆ وه‌ئه‌ستۆ گرێ، كه‌س نه‌بوو. ڕووم له هه‌ر كوێ ده‌نا یان كاتیان نه‌بوو، یان باخه‌ڵیان له با زیاتری تیا نه‌بوو یان له فرۆشتنی ئه‌رخه‌یان نه‌بوون. دواجار ناوه‌ندێك له هه‌ولێر له‌ژێر ناوی ناوه‌ندی كه‌له‌پووری كوردی وه‌ئه‌ستۆیان گرت. ده‌ڵێن زۆر گوتن له قورئان خۆشه، زۆرتان سه‌ر نه‌یه‌شێنم، ئه‌و ناوه‌نده وا به گه‌رمی پێشوازی لێكردم كه ئێستاشم له‌بیره، هه‌تا ماوه‌یه‌ك ئه‌من له‌خۆشیان تهقهڵم له‌سه‌ر یه‌ك نه‌بوون. جارێك و دوو جاریان بانگ كردم، هێنده‌یان پێداههڵگوتم، هێنده‌یان شووتی وه‌بن هه‌نگڵم نا، هه‌ر مه‌پرسه. كتێبه‌كه چاپ بوو. كه چووم كوتیان كاكه كتێبه‌كه چاپ بووه، له بازاڕیشه، به‌ڵام له كڵۆڵی تۆ ناوه‌نده‌كه‌مان ئه‌و ماوه‌یه پاره‌ی نیه. نازانین چۆن حه‌ق ده‌ستی تۆ بده‌ین و له‌و قسانه (وه‌ك قسه بۆ منداڵێكی بكه‌ن و پشه‌كه هه‌موو پووڵه‌كانی دزین و منداڵه‌كه‌ش به قه‌ناعه‌ت بگا، ئه‌وانیش منیان ئاوا هاتبووه به‌رچاو). به هه‌زار قڕه‌قڕ و كێشه، ته‌نیا پووڵی پیتچنینی ئه‌و كتێبه‌یان دامه‌وه ـ یه‌كه‌م جارم بوو خه‌می مافخوارنم له‌لایه‌ن هاووڵاتییه‌كی خۆمه‌وه كوڵی گریانی هه‌ستاندم و كه گه‌یشتمه‌وه ژووره سارد و سڕهكهم له كۆیه باوه‌شم به‌و 10 نوسخه فه‌رهه‌نگه‌دا كردبوو كه وه‌ك دیاری دابوویانم و فرمێسكم ده‌ڕژاند ـ مه‌گین ئه‌و ڕۆژه‌ی گڵم به‌چاویدا كه‌ن، ده‌نا قه‌ت ئه‌و مافخوارهنهم له‌بیر ناچێته‌وه).
لەمەڕ دووبارە چاپ بوونەوەی پەرتووکە و هۆکاری لەچاپ دانەوەشی، زارعی گوتی: “دیاره با ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌وان ناوی كتێبهكهشیان له “فه‌رهه‌نگی په‌ندی كوردی”یه‌وه بۆ “فه‌رهه‌نگی په‌ندی پێشینیان” گۆڕیبوو كه تا چاپ نه‌بوو نه‌مدی. ئێستا ئه‌وه 6 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌دا تێده‌په‌ڕێ. به پێی یاسا له باشووری كوردستان من مافی ئه‌وه‌م هه‌بوو پاش 5 ساڵان سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم ئه‌و فه‌رهه‌نگه چاپ بكه‌مه‌وه. بۆیه ئه‌مساڵ به یارمه‌تی چه‌ند هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویست په‌یوه‌ندیم به ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی مانگ له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه گرت و ئه‌وان زۆر خه‌مخۆرانه و بهمشوورهوه په‌یسه‌ری چاپی كتێبه‌كه بوون. خه‌مخۆری ئه‌و برایانه و به‌تایبه‌تی كاك حامید كۆنه‌پۆشی، كاك فاتیح سه‌عیدی و كاك سەعید سوله‌یمانی له چاپی ئه‌مجاره‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌دا منه‌تێكی زۆری هه‌بوو. ماڵیان ئاوه‌دان. هه‌روه‌ك ده‌شبینن ناوی كتێبه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ناوه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆی و له‌وه‌شدا زۆر ئه‌مانه‌تدار بوون.”
لەمەڕ نرخ و بایەخی ئەو پەرتووکە بۆ کورد و فەرهەنگی کوردی، زارعی گوتی: “ئه‌و فه‌رهه‌نگه شتێك نزیك به 30000 بۆ 35000 په‌ندی كوردی به هه‌موو زاراوه‌كانی كوردستان له‌خۆ گرتووه. وه‌ك ده‌ڵێن گه‌وره‌ترین فه‌رهه‌نگی په‌ندی پێشینیانه له زمانی كوردیدا (خۆ من شتی وام له زمانی فارسی و زمانهكانیتریشدا هه‌ر نه‌دیوه)، تێكه‌ڵاوێكه له هه‌موو زاراوه‌كان، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌ره‌تان و ده‌رفه‌ت هێندێك له زاراوه‌كان كه‌متر ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به گشتی هه‌وڵ دراوه په‌ندی هه‌موو زاراوه‌كانی كوردستانی تێ تهپێندرێ. بۆیه‌ش من دڵنیام كورد لانیكه‌م چه‌ند هێندیتریشی په‌ندی كوردی هه‌یه كه من وێڕانهگهیشتووم له‌و فه‌رهه‌نگه‌یان بئاخنم، یان وه‌به‌ر گوێن نه‌كه‌وتوون یان له بن ده‌ستم قووتار بوون. ئاواتم ئه‌وه‌یه ڕۆژێك ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئیمكانه بۆ كه‌سانیتر بڕه‌خسێ كه بتوانن په‌ندی هه‌موو ئه‌و ناوچه و زاراوانه كۆ بكه‌نه‌وه. تا بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وێ كه زمانی كوردی له‌و باره‌وه یه‌كجار یه‌كجار تێر و پڕه. “
ئیسماعیل زارعی لە کۆتاییدا ئاماژەی بە هەندێ کەس دا کە لە کاری نووسینی ئەو پەرتووکەدا یارمەتیان داوە و گوتی: “ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ زۆر كه‌س له ته‌واوكردنی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌دا یارمه‌تیان داوم، خۆ ئه‌گه‌ر گوتنی په‌ندێك یان ڕاستكردنه‌وه‌ی په‌ندێكیش بووبێ، به‌ڵام یارمه‌تی و جێ په‌نجه‌ی چه‌ند كه‌سێك له هه‌مووان پتر به‌و فه‌رهه‌نگه‌وه دیاره. له‌واندا مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده و كاك جه‌لیل گادانی زۆر به‌خه‌مه‌وه بوون و پێشنیار و ڕاسپارده‌ی زۆر به‌نرخیان ده‌دامێ. دیسانه‌كه لێره‌وه سپاسیان ده‌كه‌م و هیوای له‌شساغی و ته‌مه‌ندرێژیان بۆ ده‌خوازم.”