
… پووکانه‌وه‌ی تاوێره‌کان …
شاعیر: عه‌زیز ناســـری
هه‌ڵه‌یه‌کی چه‌توونه شه‌و
له ده‌سته‌کانی ئاگردا
پاشگهزێکی نه‌گونجاوه
خه‌و له هه‌ناسه‌ی ئاخردا
.
تا ههڵۆتر باڵنده بی،
خه‌می فڕین قورستره
تا هه‌ورێکی نهزۆکتر بی،
ڕووته‌نی بێ ترستره
.
له جێگۆڕکێی وه‌رزه‌کاندا
له‌گه‌ڵ سروشت نابییه هه‌ڤاڵ
تا لات وابێ ناسڕێته‌وه
ده‌قی بهفرێنیت به شه‌ماڵ
.
هه‌تا نسێ داگیرت کا
باوه‌ڕێکی سارده هه‌تاو
تا گۆرانی تینوو مابێ
وێنه‌یه‌کی زه‌ینییه ئاو
.
هه‌وراز ده‌بێ ته‌زوویه‌ک بێ
له خهونوچکهی ده‌شتاییدا
مرۆڤ ده‌بێ ڕووداوێک بێ
له چۆنییه‌تیی ئاوایی‌دا…
.
هه‌تاوه‌کوو نه‌توێیه‌وه
به کووره‌ی قاڵی ڕێگه‌وه،
دروشمێکی شه‌کاوه نیت
به سه‌ر به‌یداخی پێگه‌وه
.
لـه ئـابڵـۆقهی وڕاوهدا
نابێ چ ده‌نگێک بدوێنی
له گه‌مارۆی تارماییدا
پێویسته تاریک بنوێنی!
.
قهقنهسم و گه‌ر به دونده‌وه
له دووکه‌ڵی خۆم دههاڵێم،
تمـهز لـه نـاو بـڵـێـسـهدا
بەستەی ژیـنێکی تـر دەڵێم
.
نه‌شته‌ر کاتێک جه‌رگ دڕه
هه‌ڵمه‌تت بۆ نه‌بردبێ
گه‌وه کاتێک پشوو بڕه
ده‌ست نیشانت نه‌کردبێ
* * *
نمه نمه… ده‌خۆمه‌وه
له‌م شه‌وگاره و له‌م باده‌یه
منی سه‌ر له به‌ر کاول و
ئه‌م ته‌نیاییه ئاماده‌یه
.
فیدای بزه‌ی مه‌ستانه‌ت بم
ساقی هه‌میشه مه‌یزه‌ده
گه‌ر تۆ نه‌بی، کێ ڕوو ده‌دا
به شه‌ونشینی سه‌رزه‌ده؟!
.
مشته‌رییه‌کان کردیان به شه‌و
به‌ڵام ته‌نیاییه زه‌رده‌که‌م!
ئه‌وا تازه من خه‌ریکم
چێژێک له سه‌رمه‌ستی ده‌که‌م
.
گه‌ر تاقه‌تی هه‌ستانم بێ
نه‌کا جێت بێڵم به‌م شه‌وه
ده‌ی… تا قه‌تم تاقه‌ت نه‌بێ
پێکم له په‌ستا پڕ که‌وه!
.
نمه نمه… ده‌خۆمه‌وه
له خۆمان و له‌م باده‌یه
منی بنگه‌ی دڵه‌ڕاوکێ و
ئه‌م خه‌یاڵه بێوادهیه
.
که له‌مێژه ده‌خۆینه‌وه
به تینوێتیی سه‌ری یه‌کتر
له‌مێژه به ده‌م نسکۆوه
له دانه‌چیڕه پێ‌داگر
.
که له‌مێژه ده‌خۆینه‌وه
له به‌رداوی خه‌فه‌ته شاخ
له خۆڵاوی پاییزه به‌ش
له چڵاوی ناسۆره باخ
.
له ناکهساوی سیخوڕی
تاریکاوی ڕۆژپهرۆشی
خهنجێراوی دووبه‌ره‌کی
له ڕه‌شاوی شهوفرۆشی…
* * *
گوێ ڕاگره بۆ ئازارم
ئه‌ی ته‌نیایی شه‌وی مه‌ستی
ئه‌ی تۆ که ئه‌مشه‌و هاوپێکی
شاعیرێکی ناسک هه‌ستی
.
ئه‌م شاعیره منداڵێکه
لایه‌لایه لێی دڵگیره
به‌ره‌و نوستن نایبه‌نه‌وه
چیرۆکه‌کانی داپیره!
.
بادهوهکانی نهێنیی
ئاسمانه‌کان ناخوێننه‌وه
جاڕهگهنمهکان له ته‌کیا
بووکه باران ناڵێنه‌وه
.
ئه‌م شاعیره منداڵێکه
قاشوولهکانی دزراوه
کهلاکانی لێ ون بووه
یارییه‌کانی زڕاوه
.
ئه‌م شاعیره ژیانێکه
له شۆره‌کات داده‌بارێ
ئه‌م شاعیره باڵدارێکه
جریوه‌ی خۆی دایدهشارێ
.
مامزێکه ده‌مه‌و نێچیر
به سیله‌ی مه‌رگا هه‌ڵگه‌ڕاو
گوڵه گه‌نمی ژه‌نگاوییه و
بوومه‌لێڵی خه‌و داگه‌ڕاو
.
«بڕۆ بڕۆ، پێشێل مه‌که
یاریگه‌کانی منداڵیت
به‌م پێڵاوه زه‌لامانه و
هه‌ڵسوکه‌وتی گه‌وره‌ساڵیت
.
ئێسته‌ش هه‌ر کاتێک دیواری
قوتابخانه سه‌یر ده‌که‌ی
سه‌ر له به‌ر بۆت ئه‌گێڕنه‌وه
باسی “بابا” و “نان داد”ه‌که‌ی
.
کتێب ده‌گرمه ژێر باخه‌ڵ
بۆ قوتابخانه ده‌چمه‌وه
چڵم ده‌سڕم به سه‌ر ده‌ستم
فێری منداڵی ده‌بمه‌وه»:
.
ــ ئه‌رێ دایه تۆ حه‌ز ناکه‌ی
له جلوبه‌رگی سه‌وز و سوور؟
ئه‌رێ دایه تۆ له‌به‌ر چی
هه‌میشه چاو ئهبڕیته دوور؟!
.
ئه‌رێ دایه تۆی سه‌ربورده‌ی
چه‌وسانه‌وه و قات وقڕی
چۆنت بیر بۆ ئازادی چوو
ئه‌م وشه‌یه‌ت بۆ دابڕی؟!
.
ئه‌رێ دایه شه‌و و به‌فر
تۆ وه‌بیر چی ده‌خاته‌وه؟
ئه‌رێ دایه ده‌نگی ده‌هۆڵ
تۆ به‌ره‌و کوێ ده‌باته‌وه؟
.
ئه‌رێ دایه خه‌ونی گشت که‌س
وه‌ک خه‌ونی ئێمه ئاڵۆزه؟
ئه‌رێ دایه وشه‌ی شه‌هید
لای هه‌موو که‌سێک پیرۆزه؟
.
ئه‌رێ دایه نابێ نه‌مری؟
ــ ڕۆڵه مردن به ده‌ست خوایه…!
«خوا دایکی که‌سی نهدهمراند
ئه‌گه‌ر خۆی دایکی هه‌بوایه!»
.
ــ ئه‌رێ دایه مردن چۆنه؟
ــ لایلایه ڕۆڵه لایلایه…
«چی پێ بڵێم به‌م مناڵه؟!
من حه‌ماسه‌ی ژینم لایه!»
.
لایلایه شیرینم لایه …
ناتبهسمهوه به ده‌سرازه
با کۆیله بار نه‌یا ڕۆڵه‌ی
ئه‌م گه‌له ڕزگاریخوازه
.
لایلایه هه‌ور لایلایه …
نهگرمێنی به نیوه‌شه‌و
با له کۆرپه‌ی هێلانه‌دا
خۆش بسره‌وێ کۆتری خه‌و
.
لایلایه کۆڵان لایلایه …
ده‌ست هه‌ڵگره له ژاوه‌ژاو
به‌ڵکوو ــ ئه‌یش ــ دۆزیمه‌وه
ده‌نگی ههنگاوێکی ناسیاو!
.
لایلایه ڕووبار لایلایه …
تا که‌ی شه‌پۆلت ناسره‌وێ
ده‌گه‌ڕێم بۆ ته‌رمی به‌ردێک
وه‌به‌ر چاوانم ناکه‌وێ!
.
لایلایه ڕێگه لایلایه…
زرێپۆشه و نابڕێته‌وه
بیره‌وه‌ری حه‌شار ئه‌ده‌م
چه‌کداره و ده‌یدۆزێته‌وه!
.
لایلایه خێرایی زه‌مان
ئه‌م کێلانه دامه‌پۆشه
با بزانن داهاتووان
تووڕه‌ییم بۆچ وا لهجۆشه!
.
لایلایه ک ۆرپهم، ده‌زانم
سبه‌ی تۆیت و ڕێیەکی دوور
سبه‌ی شه‌وێکی گرێگۆڵ
چاوه‌ڕێته خه‌وێکی سوور!
.
لایلایه ئه‌ی گڵۆپی شار
به‌ر پێم ڕووناک ناکرێ پێت
ئه‌من فێرم به نووته‌کی
باوی هه‌نگاوم خۆشتر بێت!
.
لایلایه فرمێسکی به‌خوڕ
هێورترم هه‌ڵوه‌رێنه
زۆر پاییزی ترم ماوه
ئارامترم داوه‌رێنه
.
لایلایه خودا لایلایه…
تۆ هه‌ر بنوو، هه‌ڵمه‌سته‌وه
گێژه‌نێ تر ها به ڕێوه
چۆنم ئه‌ده‌ی به ده‌سته‌وه؟!
.
لایلایه… وا ده‌یگرمه کۆڵ
شارۆی ئاواتی فرچکم
ده‌کاڵێته‌وه باهۆی من
له یاده‌وه‌ری تهرچکم
.
لایلایه ڕقی له به‌ختان
له سه‌ر پێنووسم هه‌ڵکردوو
که هه‌ڵبه‌ستی ناسکی منت
تۆ به‌ره‌و دروشم بردوو!
* * *
ساقیش ئه‌وا ده‌یکا به شه‌و
ئه‌ی هه‌زار جار خۆزگه‌م به خۆی
وا بزانم ئه‌م ساقییه
فه‌رقی هه‌یه شه‌و و ڕۆژ بۆی!
.
ساقیش ئه‌وا ده‌یکا به شه‌و
جا باشه من حه‌قم چییه!
سه‌ر له ژێر به‌فری سه‌رخۆشی
خۆ شه‌و و ڕۆژم بۆ نییه
.
جا باشه من حه‌قم چییه
که بێداری و خه‌وم یه‌که؟
تاریکایی و ڕووناکاییم
که نه‌زۆکی و زهوم یه‌که؟
.
که بێده‌نگی و ئاخاوتنم
فه‌وتان و سهرههڵدانهوهم
مه‌رحه‌بایی و ماڵاواییم
کفر گۆیی و پاڕانه‌وه‌م؟!
.
بڕۆ سا که فه‌رقی نییه
بۆ من دڵخۆشی و په‌رۆشی
ئه‌رێ بڕۆ با ته‌نیا بم
ڕه‌فیقی نیوه سه‌رخۆشی!
* * *
نمه نمه هۆشی بڵاو
به شه‌قامدا ڕێده‌که‌وێ
بزه له لاقی ده‌هاڵێ
گریان له باسکی ده‌نه‌وێ
.
هومێدێک پاشقولی ئه‌دا
کاره‌سات بۆی دادێته‌وه
له مچوڕکێک هه‌ڵده‌نگوێ
خۆی به ئازار ده‌گرێته‌وه
.
قووڵکه ڕووداو دێته به‌ری
خه‌م ده‌یگرێ له په‌ناوه
ڕاسته‌قینه دهیگلێنێ
خه‌یاڵی دێ به هاناوه…
* * *
ئاخر پێکی شه‌وی مه‌ستی
گوێ ڕاگره بۆ ئازارم
که ئه‌وه‌نده داڕووخاوم
به تۆش ناکرێ باشارم
.
که ئه‌وه‌نده ونم، ئێستا
له‌م شاره جێم نابێته‌وه
که ئه‌وه‌نده ڕهنگهوچلهم
به‌فری دڵم ناچێته‌وه
.
که ئه‌وه‌نده پاییزاویم
خاکه‌لێوه سه‌وزم ناکا
ئه‌وه‌نده هیلاکم، مه‌رگیش
ده‌رمانی وه‌نه‌وزم ناکا
.
دوڕگه‌یه‌کی هێند ته‌ریوم
ڕێم پێ نابا زه‌ینی که‌ڵه‌ک
سه‌یر مردووترم له‌وه‌ی
سهماڕێژ بم به ڕه‌شبه‌ڵه‌ک
.
که ئه‌وه‌نده ئێشهڵانم
لێم شین نابێ شه‌تڵه بزه
ئه‌وه‌نده هاواره چۆڕم
ڕۆحی شمشاڵ دێنمه کزه
.
ئه‌وه‌نده شێوه ئێواره‌م
چرکه‌ی به‌ره‌و نشێو چوونم
ئه‌وینداری هه‌موو دنیا
دێنه سه‌یری ئاوا بوونم
.
ئه‌وه‌نده سه‌ره‌و وێرانه‌م
لێم ههڵنانیشێ کونده‌بوو
دره‌ختێکم دووره‌په‌رێز
به باڵنده ئه‌که‌م بێزوو
.
که ئه‌وه‌نده‌م خاوه‌ن هه‌یه
ته‌رمم وه‌به‌ر خۆم ناکه‌وێ
که ئه‌وه‌نده‌م باوک هه‌یه
زۆڵی وه‌ک من ده‌ست ناکه‌وێ…!
* * *
ئاخر پێکی شه‌وی مه‌ستی
لێواولێوم له گه‌وه‌ی ئاخ
له به‌یاننامه‌ی ده‌وڵه‌تان
واده‌ی پاپیۆن و بۆینباخ
.
له ئه‌سته‌مووڵی دووڕوویی
له حهگالهکانی ئه‌نفال
له مه‌ندیلی ڕه‌شه‌کوژی
ئامبوڵانسی خاچ و هیلال
* * *
ئاخر پێلی شه‌وی مه‌ستی
من لێواولێوم، لێواولێو
له گه‌وره پیاوی بچکۆله
له په‌یکه‌ره‌ی شه‌ڕه جنێو
.
له قاچاخچی سه‌وزه بزه
ته‌لانه‌کانی ته‌گه‌ره
له که‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه
ئه‌ژنۆی باوه‌شی جگه‌ره
.
له تووره‌که‌ی سواڵ هه‌ڵگرتن
له کورسی به ت‌س داخستن
زگێک تێر و هه‌زار برسی
ده‌رپێ به شاندا هه‌ڵخستن
.
له سه‌رێک و هه‌زار سه‌ودا
له تیر به تاریکییه‌وه نان
سه‌ر له هه‌رچی کاره ماسین
ناڵ و بزمار وێکڕا کوتان
.
له گوڵۆڵه‌ی به‌ره‌و لێژی
به خۆ نه‌بوونی تڕ و شه‌ڕ
له ده‌رگا به قوون کردنه‌وه
حولله‌سێ و که‌ری نیوه‌زه‌ڕ
.
له بووکی سوور بۆ دابه‌زین
له هه‌رچی شت ڕه‌ش ڕاهاتن
لێفه‌ی هه‌تیو هه‌ڵدانه‌وه
له ده‌ست و لاق تێکه‌ڵهاتن
.
له که‌ڵه‌شێری بڵقاسم
با له به‌ر و پشت که‌نده‌ڵان
له ده‌ستی ده‌ستی پێکردن
گۆچانی له کوێری کوتان
.
لێواولێوم له زگ شێلان
له پشتێن به‌ره‌وخوار مردن
له هه‌زار جار تاسه‌وه چوون
شه‌ڕ به قوونی به‌تاڵ کردن…
.
له‌م ده‌ردانه و هه‌زاری تر
شانهمێشکم لیپاولیپه
بۆیه باشترین به‌رکه‌وتی
سه‌رکوت و گرێی ئۆدیپه!
* * *
ده‌وه‌نی به‌رد په‌نام بده
زریانێکی سه‌رگه‌ردانم
دیواری شه‌و فریام که‌وه
لا خه‌ونێکی ئاوێزانم
.
ڕووباری هه‌ڵچوون بمگره
شه‌پۆلێکی دهستهوئهژنۆم
بوێریی سه‌نگه‌ر بمگه‌یه
شۆڕشێکی به‌ره‌و تاپۆم
.
ئه‌ی پێنووسی ڕووناکایی
تاپۆیه‌کی خوێنهچۆڕم
بمنووسه من ڕادهبمهوه
باوه‌ڕێکی به‌ژن شۆڕم
.
له تراویلکه‌ی تروسکه‌دا
بیابانێکی کوژرانم
له تیسکه ناڵی شکستا
یاڵه شێیه‌ک رقههڵسانم
.
له‌م هه‌ره‌سی ئینسانه‌دا
کۆتاییه‌کی گورچوو بڕم
جه‌رده‌ی وه‌ڵام بمژنهوه
پرسیارێکی کوتوپڕم!
.
ئاخر پێکی شه‌وی مه‌ستی
سا ئه‌منم و ده‌شتی ئازار
ئه‌منم و خۆره‌ی نهحهجمین
من، ده‌وه‌نی چڕی پرسیار…
.
له پشت تێلدڕووی ترسه‌وه
پرسیار له به‌رد و له کانی
له مه‌ڕ جووته‌ی ده‌س له ملانی
ئێستا له یه‌کتر بیانی
.
له‌وبه‌ر هاواری زامه‌وه
پرسیار له خوێناو و له ده‌نگ
له مه‌ڕ ئه‌و تاوێر و گۆمه‌ی
له یه‌کترین هاتوونه جه‌نگ
.
له ناو بازنه‌ی تووڕه‌ییدا
پرسیار له خاک و خۆره‌تاو
له مه‌ڕ ئه‌و خه‌ڵفی باریک و
ئه‌م سه‌د چڵه‌ی لێکدابڕاو
.
له کوچکاوری پیلانه‌وه
پرسیار له هه‌ستی بارۆشه
له مه‌ڕ ئه‌و سکڵه سوورانه‌ی
بۆ ئاگردان ده‌بنه تۆشه…
* * *
هه‌ر پرسیارێکی که ده‌یکه‌م
ڕووبار ئاوڕ ناداته‌وه
به‌ستێن ههڵمدهوێزنێ
تاوێر ده‌نگم ده‌خواته‌وه
.
هه‌ر پرسیارێکی که ده‌یکه‌م
ئاسمان ته‌وێڵ گرژ ده‌کا
با دێ و نه‌بان ڕاده‌بوورێ
زه‌وی چنگی قرژ ده‌کا
.
هه‌ر پرسیارێکی که ده‌یکه‌م
خۆمم زنجیره‌ی له کۆزێ
پڕ به هه‌گبه‌ی دڵنیاییم
دڵه‌ڕاوکێیه دهمدۆزێ
* * *
ئه‌من هه‌تا شه‌قامی شار
ده‌ستی تێکه‌ڵ کاره‌سات بێ
پرسیار ده‌که‌م، پرسیار ده‌که‌م
گه‌ر وه‌ڵامم هه‌ر نه‌هات بێ!
.
ئه‌من هه‌تا په‌ڕاوی خوێن
به‌سه‌رهاتم لێکداته‌وه
پرسیار ده‌که‌م، پرسیار ده‌که‌م
به‌ردیش لام لێ نه‌کاته‌وه
.
ئه‌من هه‌تا سپێدهکان
پاکیی هه‌تاو بسوونهوه
ئه‌من هه‌تا سه‌وزاییه‌کان
گوڵی گه‌نم بدروونه‌وه
.
ئه‌من هه‌تا دیواره‌کان
هه‌ره‌س به مۆره بهێنن
ئه‌من هه‌تا هۆنراوه‌کان
وشه‌ی نه‌زۆک دابچێنن
.
ئه‌من هه‌تا ڕۆخی ده‌ریا
شه‌پۆلی خۆی بخواته‌وه
ئه‌من هه‌تا مه‌رهه‌می زام
برین قووڵتر بکاته‌وه
.
ئه‌من هه‌تا سه‌وڵی ده‌ستم
که‌ڵه‌ک به‌ره‌و دواوه به‌رێ
ئه‌من هه‌تا چاڵمهی ده‌نگم
به تاریکی هه‌ڵبوه‌رێ
.
ئه‌من هه‌تا هه‌ڵه چنێک
وشه‌کانم بسڕێته‌وه
ئه‌من هه‌تا هه‌ڵه ژنێک
وانه‌ی ئه‌وین بڵێته‌وه
.
ئه‌من هه‌تا پێشمه‌رگه‌یه‌ک
کورده‌واریم به شوو بدا
ئه‌من هه‌تا هاوڕێی کاروان
ده‌ستی دزیم له دوو بدا
.
ئه‌من هه‌تا داوڵهکهم
بنهتووم هه‌ڵگرێته‌وه
ئه‌من هه‌تا گهردیلهکهم
خولگهم لێ هه‌ڵچنێته‌وه
.
ئه‌من هه‌تا پێکی شراب
ده‌رگای مه‌ستیم داخاته‌وه
ئه‌من هه‌تا به ده‌رمانان
ئازاره‌که‌م هه‌ڵداته‌وه
.
ئه‌من هه‌تا تیرێژی خۆر
نهێنگاکهم له قاو بدا
ئه‌من هه‌تا سوارۆ بم و
ئه‌جه‌ل ئه‌سپم لێ تاو بدا
.
هه‌ر به‌رده‌وام پرسیار ده‌که‌م
بۆچی سۆزی شمشاڵ سووکه؟
هه‌ر به‌رده‌وام تێدهفکرم
بۆچی مردنم بچووکه…!
.
من ئه‌و کاته‌ی ده‌ربه‌نده‌کان
هاواره‌که‌م ئه‌تک ده‌که‌ن
من ئه‌و کاته‌ی سنووره‌کان
ئاسمانم که‌رتک ده‌که‌ن
.
من ئه‌و کاته‌ی سه‌یرانگاکان
ده‌ست و لاقم لێ ده‌ستێنن
من ئه‌و کاته‌ی چاوه‌کانم
له چوارده‌ورم ڕانامێنن
.
من ئه‌و کاته‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژوور
ڕووناکاییم داده‌دۆشێ
من ئه‌و کاته‌ی شیوهڵووکه
به سێڵاویش ناخرۆشێ
.
من ئه‌و کاته‌ی پۆتینی شه‌و
دێ ده‌مخوات و ده‌ڕواته‌وه
من ئه‌و کاته‌ی هوسکوو به تاو
جێ پێڵاوم ده‌شواته‌وه
.
من ئه‌و کاته‌ی نوێژی پووچه‌ڵ
قیبلهکهم لێ چه‌وت ده‌کا
من ئه‌و کاته‌ی کامووسی ڕه‌ش
خه‌ونی سه‌وزم زه‌وت ده‌کا
.
من ئه‌و کاته‌ی ده‌مامکێک دێ
ڕوخسارهکهم لێ ده‌گۆڕێ
من ئه‌و کاته‌ی بێتاوانیم
به چه‌قۆدا داده‌چۆڕێ
.
من ئه‌و کاته‌ی کاکێشانیش
ئه‌ستێره‌که‌م داده‌شارێ
من ئه‌و کاته‌ی پێشکه‌ش ده‌کرێم
به ده‌سته‌کانی ئێوارێ
.
من ئه‌و کاته‌ی په‌نجه‌ی چڵێس
پرچی نیان ده‌بڕێته‌وه
من ئه‌و کاته‌ی مشتێک پاره
تاوانه‌کان ده‌سڕێته‌وه
.
من ئه‌و کاته‌ی دایه‌نی کوێر
نێوکم ده‌بڕێ به دوێردی کول
من ئه‌و کاته‌ی دهچپێنی
به گوێی نازدا زمانی گول
.
من ئه‌و کاته‌ی گه‌نه‌ی نه‌یار
به کولتوورم وه‌ربوونه‌وه
من ئه‌و کاته‌ی جوامێره‌کان
به خۆدا ناپه‌رموونه‌وه
.
ئیتر هه‌رگیز پرسیار ناکه‌م
بۆچی شمشاڵ وا به‌سۆزه
ببڕای ببڕ تێنافکرم
بۆچی مردنم پیرۆزه!
* * *
چ بچووکه ئه‌و دیواره‌ی
هه‌تا سه‌ر هه‌ر دیوار نییه
چ گه‌وره‌یه ئه‌و دره‌خته‌ی
هه‌ر چوار وه‌رزی به‌هار نییه
.
چ بچووکه ئه‌و هه‌رێمه‌ی
هه‌رگیز به‌ستێنی نه‌دیوه
چ گه‌وره‌یه ئه‌و دوڕگه‌یه‌ی
شه‌پۆل چوار ده‌وری ته‌نیوه
.
چ بچووکه ئه‌و هه‌تاوه‌ی
له نزیکه‌وه ده‌مسووتێنێ
چ گه‌وره‌یه ئه‌و ستێره‌ی
له دوور چاوی ده‌ترووکێنێ
.
چ بچووکه ئه‌و شاڕێیه‌ی
ساکهدهشته و ده‌یبه‌زێنێ
چ گه‌وره‌یه ئه‌و ڕهپێڵهی
ڕه‌وه‌زان به چۆک دادێنێ
.
چ بچووکه ئه‌و فڕۆکه‌ی
خه‌ونی ڕووه‌ک ده‌شه‌مزێنێ
چ گه‌وره‌یه ئه‌و ڕه‌شۆڵه‌ی
ئاسمانێک ده‌هه‌ژێنێ
.
چ بچووکه ئه‌و باژێره‌ی
ئه‌وکم ده‌گرێ به ده په‌نجه‌ی
چ گه‌وره‌یه ئه‌و زیندانه‌ی
پێده‌که‌نم به ئه‌شکه‌نجه‌ی
.
چ بچووکه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی
ده‌مبا بۆ چه‌مکی ته‌ماوی
چ گه‌وره‌یه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی
ده‌مکا به شووره‌ی خوێناوی
.
چ بچووکه ئه‌و هه‌وه‌سه‌ی
ده‌مخاته جێژی خێرایی
چ گه‌وره‌یه ئه‌و ئه‌وینه‌ی
ده‌مکاته شێتی سه‌حرایی
.
چ بچووکه ئه‌و زستانه‌ی
ته‌نیا له ڕه‌نگێک تێده‌گا
چ گه‌وره‌یه ئه‌و په‌پووله‌ی
ئاڵوواڵای تێو ه‌رده‌دا
.
چ بچووکه ئه‌و گیاندانهی
خۆی به نیشانه دامدهکا
چ گه‌وره‌یه ئه‌و مردنه‌ی
هه‌لینگ ئه‌ده‌م بۆی، ڕاده‌کا…
* * *
ئاخر پێکی شه‌وی مه‌ستی
تۆ مه‌ته‌رێزی من نه‌بووی
من هه‌ڵمه‌تی ئه‌م شه‌وه‌م دا و
دۆخی دزێو نهیدام له دووی
.
نێزه‌کێکی که‌م ته‌مه‌نم
مۆرکی تیرێژم پێوه‌یه
بۆ گوێچی نووته‌کی، کێیه
به وردیی من ئه‌نگێوه‌یه؟
.
من ئاماده‌م ڕێگه‌یه‌ک بم
هه‌ر پاش پێچێک کوێر ببمه‌وه
تا ئه‌وه‌ی له درێژه‌دا
بۆسه بۆ خۆم بنێمه‌وه!
.
من ئاماده‌م بسڕێمهوه
به‌ڵام مل نه‌ده‌م به که‌وتن
هه‌تا نه‌کا بۆ دوژمنم
ببم به به‌ڵگه‌ی سه‌رکه‌وتن
* * *
من دڵنیام له ناکاوێک
شه‌وه‌ی پرسیار ده‌مبه‌نه‌وه
که بێ وه‌ڵامی بێ وه‌جاخ
نه‌یانتوانی بمکڕنه‌وه!
.
من دڵنیام پاش مردنیش
پرسیار گۆڕه‌وشارم ده‌که‌ن
خۆره و مێرووی بێوه‌ڵامی
ئه‌وکاتیش هه‌ر زه‌جرم ئه‌ده‌ن
.
زه‌جرم ئه‌ده‌ن به تاوانی
پرسیاره سه‌ره‌ڕۆیه‌کان
داڵده‌ی خه‌رمانێک هاوکێشه و
دهمبزێوییه مارۆیهکان
.
به تاوانی ده‌ستنیشانی
ئه‌و هه‌موو گه‌وره و بچووکه
به تاوانی تیلنیشانی
هه‌رچی نه‌ریتی چرووکه
.
به تاوانی پارێزه‌ری
له‌و شمشاڵهی ده‌نگی سه‌وزه
به تاوانی به‌ره‌ڤانی
له هه‌رچی مه‌رگی پیرۆزه
* * *
ئاخر پێکی شه‌وی مه‌ستی
تکایه تۆ بمپارێزه
له‌م لاتراسکه‌ی یه‌کڕیزی و
داهێزانی مه‌ته‌رێزه
.
تکایه تۆ بمپارێزه
له شوێنهونکێی بێڕایی
له ڕاوێچکهی دڕدۆنگیم و
له داگه‌ڕانی ڕاڕایی
.
تکایه تۆ بمپارێزه
له‌م شێلهگهی ناو زڕانه
داردۆژهنگی دالهقان و
هه‌ڵه‌سوونی دابڕانه
.
وه‌ی له‌و شه‌وه‌ی که‌سێک نه‌بێ
درزی پرسیارێکی تێکا
وه‌ی له‌و زستانه‌ی که‌س نه‌بێ
ئاگری وه‌ڵامێکی وێکا
.
وه‌ی له‌و ده‌شته‌ی به‌ردێک نه‌بێ
خه‌ونێک سه‌ری بکاته سه‌ر
وه‌ی له‌و شاره‌ی ده‌ستێک نه‌بێ
دیوار شانی بداته به‌ر
.
وه‌ی له‌م هه‌موو پشکووتنه
به سه‌ر زڕتوێژی “بریا”وه
وه‌ی له‌م هه‌موو داچۆڕانه
له نێوان ئه‌وکی فریاوه
.
وه‌ی له چرکه‌ی بێده‌رفه‌تی
له مرۆڤی هه‌ره‌س هێناو
له ئه‌جه‌لی سه‌ر هه‌ڵگرتوو
له ته‌وه‌ره‌ی لێک ترازاو
.
وه‌ی له ته‌واویی ناته‌واو
له ته‌بایی ناته‌بایی
له ڕه‌سه‌نیی ناڕهسهنان
له ڕه‌وایی ناڕه‌وایی
.
وه‌ی له گه‌مێی بێ بایه‌وان
له باوێشکی چاودێره‌کان
له بستووی سه‌ر به ده‌شتایی و
پووکانه‌وه‌ی تاوێره‌کان
.
وه‌ی له بێشکه‌ی بێ لایلایه
له ئاشقی بێ گۆرانی
له هه‌یوانی داته‌پیو و
له بانگه‌وازی وێرانی
.
وه‌ی له خزینی کێلوانه
له هه‌ڵپێکانی که‌نده‌ڵان
له هه‌ڵکوتانی ئاوه‌زێ
له داهێڵانی به‌رده‌ڵان
.
وه‌ی له پێنووسی داڕماو
له بروسکه‌ی نه‌گه‌یشتوو
له شایلۆغانی گهردهشه
وه‌ی له شاری شه‌و لێنیشتوو…