
لە بەرانبەر کارنامەی پڕ لە سەرکوت و تێرۆر و کوشتاری هاشمی رەفسەنجانیدا، ناوبراو نازناوی “اکبرشاە”ی بەرسەردا بڕاو رۆژ لە گەڵ رۆژ جێگەو پێگەی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا دابەزی. بە جۆرێک کە نەتەنیا لە بەرانبەر مۆرەیەکی بێناونیشان و لاوازی وەک ئەحمەدینژاددا نەیتوانی بۆ جاری سێهەم ببێتەوە بە سەرکۆمار، بەڵکوو لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارلمانیشدا لە شاری تاران، کەمترین دەنگی هێنایەوە کە دواتر بەناچار وازی لە چوونە پارلمانیش هێنا.
بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا لە گەڵ رووبەرووبوونەوەی لە گەڵ عەلی خامنەیی _کە خۆی رۆڵی یەکلاکەرەوەی لە بوونی بە رێبەری نیزامدا گێڕا_ خۆی وەک کەسێکی میانەڕەو دەرخست و لە جەریانی رووبەرووبوونەوەکانی باڵی رێفۆرمخواز و موعتەدل لە گەڵ بەرەی بناژۆخواز و بەیتی رێبەریدا، هاشمی رەفسەنجانی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر نێوانی لە گەڵ بناژۆخوازان و، بەتایبەت خودی عەلی خامنەیی بەرینتر دەبۆوە. بە کورتی ئەم هەڵوێست گۆڕینانە ئاکامەکەی بوو بەوەیکە نازناوی ناوبراو لە “اکبرشا”وە گۆڕدرا بە “امیرکبیر زمان” و پیاوی “مصلحت” و بە میلیونان کەس لە خەڵکی ناوچەجۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە لە رێورەسمی ناشتنی تەرمەکەیدا بەشدار بوون!!.
***
بەم پێشەکییە کورتەوە پێویستە باس لەو هۆکار و عیللەتانە بکرێ کە شوێندانەر بوون لە بیچمدانی ئەم جۆرە لە رەفتار و هەڵوێستی سیاسیی خەڵکی ئێران. بە مانایەکی ساکارتر پێویستە وڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە؛ بۆ کەسێکی وەک رەفسەنجانی کە کارنامەی سەردەمی دەسەڵاتدارێتییەکەی بە نەفرەتی خەڵکەوە، نۆمرەی “ئەکبەرشا” وەردەگرێ، بەڵام هەر ئەم پیاوە دواتر دەبێتە “ئەمیرکەبیری سەردەم”؟!
بێگومان وڵامدانەوە بەم پرسیارە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی چڕی “رەفتارشناسی” هەیە کە لەتاقەتی ئەم وتارەدا نیە. بەڵام دیسانیش هەوڵ دەدەین لە رووی سیاسییەوەو بە هێنانەگۆڕی چەند هۆکارێک، تارادەیەک سەرەداوێکی هۆکار و عیللەتە بنەڕەتییەکانمان بەدەستەوە دابێ.
جیا لەو وڵامە کلیشەیی و کلاسیکییە مێژووییەی کە دەستبەجێ قامک لەسەر “لاوازیی حافزەی تاریخی” خەڵکی ئێران دادەنێ، هەوڵ دەدەین لە پێوەندی لەگەڵ باسەکەدا سەبارەت بە رەفتاری سیاسیی خەڵکی ئێران، ئاماژە بەچەند هۆکارێک بکەین.
تا ئێستایشی لەگەڵدا بێ، نەبوونی ئاڵترناتیڤ گەورەترین کەمایەسی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران و هۆکاری بنەڕەتیی مانەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامییە. کەمایەسییەک کە خەڵکی ناڕازیی ئەم وڵاتەی ناچارکردوە رەفتاری سیاسی خۆی لە چوارچێوەی ناکۆکییەکانی نێو سیستم و نیزامدا تەنزیم و بیچم پێ بدات. یان بەمانایەکی سادەتر؛ مادام [باش]ێک (ئالترناتیڤ)وجوودی نیە، قسە لە هەڵبژاردنی نێوان خراپ و خراپتر دێتە گۆڕێ. واقعیەتێک کە بەداخەوە نزیک بە ٤٠ ساڵە خەڵکی ئەم وڵاتە، بەناچاری رەفتاری لە گەڵ دەکەن.
نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتووی شوێندانەر کە توانیبێتی، یان بتوانێ متمانەی خەڵک وەدەست بێنێ و بزووتنەوەی ئازادیخوازی وەک ئالترناتیڤی نیزامی سەرکوتکەر، قبووڵی بکات، خەڵکی ئێرانی بردۆتەوە نێو دەرفەتە لانیکەمییەکان. دەرفەتگەلێک کە تەنانەت هێندێک جاریش خودی سیستم بۆی دەخوڵقینێ و خەڵک بەهۆی نەبوونی ئالترناتیڤ و غایببوونی رێبەرییەکی متمانە پێکراو، ناچارە حەیاتی سیاسی خۆی بە تەبەعییەت لە “هەڵبژاردنی خراپ لەبەرانبەر خراپتر”دا درێژە پێ بدات.
گەڕانەوە بۆ کاراکتێرەکانی وەک کەڕووبی، مووسەوی و رەفسەنجانی و…. بۆ خەڵکی ئێران راست بە مانای درێژەپێدان بە ژیوار و حەیاتی سیاسی لە دەرفەتە بەرتەسک و لانیکەمەکانە.
ئەم رەفتارەی خەڵکی ئێران لانیکەم تا ئێستا توانیویەتی دوو بەرهەمی تا رادەیەک موسبەتی هەبێ لە بریتین لە؛ دووریکردن لە بێتەفاوەتی، کەمتەرخەمی و بەزیندووهێشتەوەی حەیاتی سیاسیی بزووتنەوەو، هەروەها قوڵترکردنەوەی کەلەبەر و ناکۆکییەکانی نێو باڵ و تەیفەکانی نێو نیزام. یەکەمیان جیا لە کەڵک وەرگرتن لە لانیکەمی دەرفەتەکان بۆ زیندووراگرتنی حەیات و ژیواری سیاسی بزووتنەوەی ناوخۆی وڵات، زۆر هوشیارانە و بە پێچەوانەی ئەو تەحلیل و لێکدانەوانەی کە پێیان وایە “حزوور” جۆرێک شەرعییەتدانە بە سیستم، پوچەڵکردنەوەی پیلانی لە بێتەفاوەتیدا راگرتن و کەمتەرخەم کردنی خەڵک و، لە کۆتاییدا بەربەرەکانی لە گەڵ سیاسەتی داماڵین و خاڵیکردنی بزووتنەوەو جووڵە نارەزایەتییەکانی خەڵکە لە وزە و بیرکردنەوەو بەرەوپێشچوون. قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان باڵ و تەیفەکانی نێو نیزام و هەروەها راکێشانی بەشێک لە کاراکتێرەکانی هەر ئەم نیزامە بۆلای بەرەی خەڵک، یان لانیکەم دوور خستنەوەیان لە توندڕەوی و هاندانیان بۆ میانەڕەوی، ئامانج و دەسکەوتێکی سەرکەوتووی رەفتاری سیاسیی خەڵک بووە.
کاراکتێرەکانی وەک مووسەوی، کەڕوبی، رەفسەنجانی و بە نەوعێکی دیکە، خاتەمی، لەو مۆرە هەرە ئەساسی و شوێندانەرانەی خۆدی نیزام بوون کە هەرکامەیان لە پۆستەکانی دەرەجە دوو و سێی ئەم سیستمەدا رۆڵیان لە سەرکوت و بەرەودواوەگەڕانی ئێران و ئێرانیدا هەبووە. بەڵام ئەوەی ئەم کاراکتەرانە ناچار بە دووریکردن لە باڵی توندڕەو رووکردنە میانەڕەوی کردوە، بۆ رەفتاری خەڵکی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە. ئەم کەسانە ماناو بوونی خۆیان لە نزیکبوونەوە لە خەڵک و لە لەگەڵدابوونی رەوتێدا دەبینەوە کە گومانی تێدا نیە درەنگ یان زوو سەردەکەوێ(ئیرادەی گەل).
***
شۆڕش و سەرهەڵدانی ئەم چەند ساڵەی دوایی گەلانی ناوچەکە بەرانبەر بە دەسەڵاتە سەرەرۆ و دیکتاتۆرەکان، فاکتەرێکی شوێندانەری دیکەیە لە بیچمدانی رەفتاری سیاسیی خەڵکی ئێران لەم چەن ساڵەدا. زۆر باشمان لەبیرە کە زۆرێک لە شرۆڤەکاران و چاودێرانی رووداوەکانی “بەهاری عەرەبی” پێیان وابوو؛ “ئەم شۆڕشانە دەبنە هاندەرێکی بەهێز بۆ خەڵکی ئێران کە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران راپەڕن و کۆتایی بەم سیستەمە بێنن و چارەنووسی رێبەرانی رێژیم لە تارانیش هاوشێوەی چارەنووسی، بن عەلی لە توونس، قەزافی لە لیبی و حوسنی موبارەک لە میسر دەبێ!” بەڵام ئاکام و نەتیجەی ئەم شۆڕشانە کە شەڕی ناوخۆ، کۆدەتا، وێرانی و ئاوارەبوونی بەمیلیۆنان ئینسانی لێکەوتەوە، شوێنەوارێکی پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی کردۆتە سەر رەفتار و هەڵوێستی خەڵکی ئێران.
ئەوەی لەم پێوەندییەدا خەڵکی ئێران وەک پەیام لەم شۆرش و سەرهەڵدان و ئالۆگۆڕانە وەریگرت، بیرکردنەوە لە دوو چەمکی “هەزینە” و “نەتیجە” بوو. بەو مانایە کە؛ “چی وەلا دەنێی و چی وەدەست دێنێ”. ئەگەر زۆریش سادەتری بکەینەوە، خەڵکی هیچکام لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان، شیراز، مەشهەدو تەورێزو… نە پێی خۆشەو نە کار بۆ ئەوەیش دەکات کە؛ خوی و شوێنی ژیان تووشی چارەنووسی رەقەو حەڵەب و خەڵکەکەی بێ. هەر لەم پێوەندییەدا دەزگای تەبلیغیی خودی رێژیم زۆر زیرەکانە بە نیشاندانی لایەنە نەرێنییەکانی ئەم سەرهەڵدانانە لە وڵاتانی عەرەبی(سوننی)، مودیرییەتی نیگەرانی لە دانی هەزینە و هەستی مەزهەبی خەڵکی کرد.
ئەم فاکتەرە دەرکییە جیا لەوەیکە لە رووی نەتیجەو دەسکەوتی شۆرشەکانەوە هیچ پەیامێکی هیوابەخشی بۆ خەڵکی ئێران پێ نەبوو، لە رووی مەزهەبیشەوە، خەڵکی شیعەمەزهەبی ئێرانی تووشی تێفکرینێکی قوڵی دیکە کردو، لە ئاکامدا رەفتاری توندڕەوانەی بەرەی سوننی و لەسەرووی هەموانەوە داعش لە ناوچەکە، کە خۆی وەک نوێنەرو دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی(مەزهەبی سوننی) دەرخست، ئێرانیی شیعەمەزهەبی “لە راستی راستەوە بۆ چەپی چەپ”، بۆ جارێکی دیکە گەڕاندەوە بۆ بیرکردنەوە لە چۆنیەتی تەعاموول لە گەڵ باڵی نەرمی دەسەڵاتی شیعە لە تاران.
تێکەڵکردنی ئەم هەستە(شیعەگەرایی) لە گەڵ هەستی “میهن پرستی”(نەتەوەیی) کە لەنێو تاکی ئێرانیدا رەگێک لە “نژادپەرەستی”یشی تیکەڵە، لە کۆتایی دا هەر هەموویان – بە بێ لەبەرچاوگرتنی بیروبۆچوونی جیاوازی سیاسی – لە ژێر چەتری “پاراستنی تەواویەتی خاکی ئێران”دا لە دەوری یەک کۆ دەکاتەوە. ئەمە بەشێکی دانەبڕاوە لە رەفتار و هەڵوێستی مێژوویی تاکی ئێرانی.
دوا وتە؛
بەسەرنجدان بە هەمووی ئەم ئیدیعا و تێڕوانینانەوە هەر وەک لە جەریانی مردنی هاشمی رەفسەنجانی و زۆر رووداوو و بۆنەی دیکەدا دەرکەوتووە، رەفتاری خەڵکی ئێران بەتایبەت لە گەورەشارەکان، هاوئاراستە لە گەڵ رەفتار و ئامانجی بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئەم چوارچێوە جوغرافیایییەدا نیە.!