
ڕۆژی کورد: دوابەدوای کێشەی دەست تێوەردانی ڕووسیە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەو جارە فەڕانسەش لەمەڕ دەست تێوەردانی ڕووسیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە، هۆشداری دا.
دوای ئەوەی کە هاوکارەکانی ئیمانۆیێل ماکرۆن، یەکێک لە بەربژێرە سەربەخۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی فەڕانسە، ڕووسیەیان بە دەست تێوەردان لە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە و هێرشی سایبێری بۆ سەر ماڵپەڕ و سێروێرەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی فەڕانسە تاوانبار کرد، وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە لەمبارەوە هۆشداری دایە مسکۆ و داوای لێدەکات خۆی لە دەست تێوەردان لە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە بپارێزێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاندووە کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەست تێوەردان لە هەڵبژاردنی وڵاتەکەیان قەبووڵ ناکەن.
ژان مارک ئۆرۆ لەمبارەوە دەڵێ: “ئێمە هیچ چەشنە دەست تێوەردانێک بە هەر شێوەیەک، لە ڕەوتی هەڵبژاردنی وڵاتەکەمان قەبووڵ ناکەین جا چ ڕووسیە بیکات و چ هەر وڵات و لایەنێکی تر”.
ئۆرۆ هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە لە ئەگەری هاتنە ئارای هەوڵێکی ئەوتۆ، ئەوا ئەوانیش هەڵوێستی هاوشێوەیان دەبێتەوە.
بەڵام کۆشکی کرملین، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٧ی ڕێبەندان، ئەنجام دانی هەوڵێکی ئەوتۆی لە لایەن ڕووسیەوە ڕەت کردەوە و ڕاشیگەیاندووە کە سکاڵای ئەوان لەسەر بنکە ئاسایشییەکانی ئەمریکاش هەر لەسەر جێی خۆیەتی.
پێشتریش هەندێک لە بەرپرسەکانی وڵاتی ئاڵمان لەمەڕ خۆتێهەڵقوتاندن و دەست تێوەردان و هێرشی سایبێری لەلایەن ڕووسیە یان لایەنی سەر بە ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ئاڵمان لە ساڵی ٢٠١٧، هۆشدارییان دابوو.