ڕۆژی کورد: مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکەی گوندی گونده‌ژۆر، ڕووداوەکە بە دەستدرێژی و ستەملێکردن لە خەڵکی ئەو دەڤەرە ناودەبات و ڕایشیدەگەیەنێت کە بێدەنگ نابێت.
یەکیەتی هەروەها ئاماژە دەکات: “ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه به‌زووترین كات دادگایی بكرێن و وه‌ك تاوانبار سزای سه‌رپێچی و تاوانه‌كانیان وه‌ربگرن و ئه‌م كێشه‌یه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر بكرێ”، هەڵبەت لە ڕاگەیاندنەکەدا باس لەوە نەکراوە کە مەبەست لەوە کە یەکێتی “بێدەنگ نابێت” و مەبەست لە چارەسەریی بنەڕەتی چییە و یەکێتی چ ڕێکار و ڕێگاچارەیەک پێشنیار دەکات بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت!.
پێدەچێ مەبەست لە چارەسەی لەلایەن یەکێتییەوە هەمان ئەو باسە بێ کە لوقمان وەردی، لە لێدوانی خۆی لەگەڵ ئێن ئار تی ورووژاندوویە و دەڵێ دەبێ پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و مەقەر و بنکەکانیان بە یەکجاری لەو ناوچە نەمێنن.
لە هەمان کاتدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار و فەرمانبەر لە کومیتەی یەکێتی لە چۆمان بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاندووە، سووتاندنی مەقەڕی حیزبەکان و بنکەکانیان لە کومیتەی یەکێتی لە چۆمان پلانی بۆ داڕێژراوە و هەر لەوێش کەسانێک ڕێنمایی کراون تا پێشمەرگە بە دیل بگرن و بیکەن بە بارمتە و مەرجی پاشەکشەی یەکجارەکیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لەو ناوچەیە و ئەو کەسانەش کە پێشمەرگەکانیان بە بارمتە گرتووە،ئەمڕۆ لانیکەم دە جار لە ڕێگای جیاجیاوە لەلایەن لوقمان وەردی و کەسانی ترەوە، ڕێنمایی کراون.
لە هەمان کاتدا، ڕاگەیاندنەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کاتێکدا کە چاوەڕوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی لە حیزبەکانی کوردستانی باشوور و بەتایبەتی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک یەکێک لە حیزبە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان، ئەوەیە کە حیزبەکانی باشووری کوردستان دەبێت لە ئاراستەی هێورکردنەوەی دۆخەکە هەنگاوی کاریگەر هەڵبگرێ و بە ئەقڵییەتێکی کوردانەوە ئاوڕ لەو پرسە بداتەوە و هەوێنی ڕاگەیاندنەکە لەسەر بنەمای ڕۆحێکی کوردانە و نیشتمانپەروەرانە بێت نەک ئەوەی دەمارگرژانە و بە ئەقڵییەتی پارچەگەرا ئاوڕ لەو پرسە بدنەوە، مخابن بەپێچەوانە تەواو بووەتە پەرەپێدەری ئاژاوەکە کە پێدەچێ ڕق ڕشتن لەهەمبەر پارتی دێموکراتی کوردستان و سەربەخۆیی بێت تا حیزبەکانی رۆژهەڵات.
پێدەچێ نووسەرانی بەیاننامەکەی یەکێتی لەبیریان نەبێ کە لە بنەڕەتداخەڵکی ئەو ناوچەیە لە باشوور و خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هیچ چەشنێک چۆکیان لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەجیندای خواستەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا دانەنەواندووە و سەرەڕای هەبوونی سنوور لە نێوانیاندا قەت لە یەک دانەبڕاون و بەوپەڕی لەخۆبوردووییەوە یارمەتیدەری یەکتر بوون؛ لە ئامێزگرتنی بە کۆمەڵی خەڵکی باشووری کوردستان لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە کاتی کوڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١دا و دەیان نموونەی دیکە بەڵگەی سەلمێنەرن بۆ ئەوەی کە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بەردەوام بە دەم یەکترەوە بوون و دوور لە لۆژیکی داگیرکەران و پارچەگەرا بەدەم یەکەوە چوون و یارمەتیدەری یەکدی بوون.
لە ڕاگەیاندنەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیدا، پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە چەکدار ناوبراون و لە درێژەدا ئاماژە بە ڕۆلی نەرێنیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە و دەڵێ: “پێمانوایه ئه‌مجۆره ڕه‌وشه عه‌سكه‌ریه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌شه‌كانی كوردستانه‌وه، له‌خزمه‌تی ئاشته‌وایی نیه و له‌گه‌ڵ دۆخی سیاسی و ئیقلیمی باشووری كوردستاندا ناگونجێ”.
چالاکانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا لە بەرانبەردا لایان وایە، حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی باشووری کوردستان، بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە زیاتر لە ٢٠ ساڵە بۆ پاراستی دەستکەوتەکانی کوردستانی باشوور لە ناوچە سنوورییەکان دوور کەوتوونەتەوە و خۆیان لە خەباتی چەکداری پاراستووە، هەروەها کادر، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە کۆڵەکەکانی سەقامگیری باشووری کوردستان بوون و لە هەڕەشەکان بۆ سەر باشووری کوردستان و شەڕی داعیشدا بە کردەوە ئەوەیان سەلماندوو؛ جگە لەمەش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستکەوتەکانی کورد لە باشووری کوردستانیان بە دەستکەوتێکی نیشتمانیی زانیوە، هەربۆیە ئێستاکە یەکێتی نیشتمانی و حیزبەکانی دیکەی باشووری کوردستان دەبێت ئاگاداری پیلانەکانی داگیرکەران و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی بن و نابێت بە خوێندنەوەیەکی کاڵفامانە و دەمارگرژانە ئاوڕ لە ڕووداوەکەی گوندی گوندەژوور بدەنەوە.
تا ئێستا هیچ کام لە ڕاگەیێندنەکانی هەرێم، نە شوێنی داربڕینەوەکە نیشان دەدەن و نە ئامادەشن لەگەڵ ئەو برایەی کە زیندوویە قسە بکەن و لێدوانی لێوەربگرن، ئەوە لە کاتێکدایە کە لوقمان وەردی لە جیاتی بڕینی دار و باخ باس لە بڕینی ڕەز دەکات و سەرچاوەیەکی ئاگاداریش باس لە شڵەژانی دەروونیی برای ئەو دوو کەسە کوژراوە دەکات و دەڵێ بەردەوام دووپاتەی دەکاتەوە کە من براکانی خۆم کوشتووە.
دەقی ڕاگەیاندنەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه…
ئێواره‌ی دوێنێ (25/8/2017) له گوندی (گونده‌ژوور)ی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی، له‌رووداوێكی نه‌خوازراودا، دوو هه‌ڤاڵی یه‌كێتی به‌ناوه‌كانی (فه‌رمان و لوقمان ئه‌سكه‌نده‌ر) له‌ناو باخ و ڕه‌زی خۆیاندا به‌هۆی هه‌ڵه‌شه‌یی و پابه‌ندنه‌بوون به‌یاساوه له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌ناهه‌ق شه‌هیدكران و دوو برای تریشیان برینداركران.
له‌كاتێكدا پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی (عومه‌ر ئاغای گونده‌ژووری) ده‌كه‌ین، كه له‌بنه‌ماڵه تێكۆشهرو نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی-ین، به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه ده‌كه‌ین و به‌ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری یاسا و مافی هاووڵاتیانی كوردستانی ده‌زانین.
ناوچه‌ی باڵهكایەتی، كه هه‌میشه له شۆڕشه‌كانی گه‌لی كوردستاندا پێشه‌نگ بووه له قوربانیدان و خه‌بات، دوو ساڵه به‌هۆی بوونی باره‌گای ئه‌و هێزه چه‌كدارانه‌وه گوندنیشن و جوتیاره‌كانی ڕووبه‌ڕووی بۆردومان بوونه‌ته‌وه‌و ڕه‌زو باخه‌كانیان سووتاوه‌و زیانی زۆریان پێگه‌یشتووه.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌ستدرێژی و سته‌مكردنێك له‌هه‌ڤاڵه‌كانی بێده‌نگ نابێت و ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه به‌زووترین كات دادگایی بكرێن و وه‌ك تاوانبار سزای سه‌رپێچی و تاوانه‌كانیان وه‌ربگرن و ئه‌م كێشه‌یه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر بكرێ.
پێمانوایه ئه‌مجۆره ره‌وشه عه‌سكه‌ریه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌شه‌كانی كوردستانه‌وه، له‌خزمه‌تی ئاشته‌وایی نیه و له‌گه‌ڵ دۆخی سیاسی و ئیقلیمی باشووری كوردستاندا ناگونجێ.
راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
26/8/2017
http://www.gksat.tv/details.aspx?jimare=45122&cor=Kurdistan