ڕۆژنامەنووسانی کورد لە دژی سیاسەتی هەڵاواردن لەلایەن بەشی ئێرانیی هەواڵنێرانی بێ سنوور، نامەیەکی ناڕەزایەتییان بڵاو کردەوە

0
1588

مرۆڤایەتی: بەپێی نامەیەکی واژۆکراو کە لەلایەن هاشم عەلی وەیسی، ڕۆژنامەنووسی کورد نووسراوە و لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسانی کوردی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە واژۆ کراوە و بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات بەڕێکراوە، ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەمبەر سیاسەتی هەڵاواردنی بەشی ئێرانیی هەواڵدەرانی بێ سنوور کە بەرپرسیارەتییەکەی لە ئەستۆی کەسێکە بە ناوی ڕەزا موعینی، هەڵوێستی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

بەپێی ئەو زانیارییە مەیدانییانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات گەیشتوون، بەشی ئێرانیی هەواڵنێرانی بێ سنوور، بە گشتی ڕۆژنامەنووسە کوردەکانی بایکۆت کردووە و خۆ لە پێدانی پشتگیری و یارمەتیی مادی بە ڕۆژنامەنووسە کوردەکان دەبوێرێ و ئەم سیاسەتەش بە هۆی ڕوانگەی دژەکوردانەی ڕەزا موعینی هاتۆتە ئاراوە.

پێشتریش بەشێکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ناڕەزایەتیی خۆیان لەمبارەوە نیشان داوە.

دەقی نامەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:

بەو پێیەی رێکخراوی هەواڵنیرانی بێ سنور کە بە ئینگلیزی (Reporters Without Borders) و بە فەرانسەویی (Reporters sans frontieres) لە ساڵی ١٩٨٥ بە مەبەستی پشتیوانی و پشتگیری لە هەموو ئەو هەواڵنێر و رۆژنامەنووسانەی کە لە هەر کوێی جیهان گیانیان لە مەترسی دابێت، لە وڵاتی فەرانسە دامەزراوە و بنکە سەرەکییەکەی لە شاری پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە هەڵکەوتووە، کار و چالاکیی خۆی دەست پێکردوە، دیارە ئەو رێکخراوەیە بە مەبەستی ئەوەی کە بتوانێت دەستی بە هەموو سەرچاوە و زانیارییەک لە سەر رۆژنامەنووسانی سەر بە وڵات و نەتەوە جیاوازەکان بگات بەشگەلی جیاوازی لە ژێر ناونیشانی ئەو رێکخراوەیە و سەر بە وڵاتانی جیهان کردوەتەوە و کەسانی بەرپرس و شارەزای ئەو بوارەیان داناوە کە لە سەر وڵاتەکەیان سەبارەت بە بارودۆخی رۆژنامە نووسان لێکۆڵینەوە بکەن و بەو رێکخراوە جیهانییەی رابگەیەنن کە ئەوانیش بە پێی راپۆرت و ئەو زانیاری و سەرچاوانەی کە بەردەستیان دەکەوێت ئاماری دروست و رێکوپێکیان لە سەر بارودۆخی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین و چۆنێتیی ئاڵۆگۆڕ کردنی ئازادانەی زانیارییەکان و گواستنەوەی ئەو زانیارییانە بۆ رای گشتی، هەڵوێستیان هەبێت و بتوانن بە پێی ئامارەکان ئەو رۆژنامەنووس و هەواڵنێرانەش کە لە لایەنی وڵاتی خۆیانەوە یان بە هەر هۆکارێکی دیکە گیانیان لە مەترسی دابێت پشتگیریان بکەن، هەروەها رای گشتی و رێکخراوە و ناوەندەکانی دیکەی پێوەندی دار بە رۆژنامەنووسان و مافی مرۆڤی لێ ئاگادار بکەنەوە کە لە پشتی ئەو کەسانە دەر بێن، جا بەو پێیەی کە ئەو کەسانە لە چ بارودۆخ یان هەلومەرجێکی تایبەتی دان ئەو هاوکاری و پشتگیرییانەیان بۆ جێبەجێ بکرێت.

دیارە وڵاتی ئێران، کە وڵاتێکی چەند نەتەوەییە و هاوکات چەندین نەتەوەی جیاواز تێیدا نێشتەجێن و ژیان بەسەر دەبەن یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە بە شێوەی جیاواز سانسۆر و زەخت و گوشار بۆ سەر رۆژنامەنووسان و هەواڵنێران بەڕێوە دەچێت و لەم پێوەندییە دا بە سەردانی ماڵپەڕ و ناوەندگەلی بەرگری لە رۆژنامەنووسان و هەواڵنێران، گرتن و بێ ماف کردنی بەشێکی زۆری رۆژنامەنووس و هەواڵنێران و هەلومەرج و بارودۆخی سەخت و دژواریان لەم وڵاتە دەر دەخات، لەم نێوانەدا ئەوەی مەبەست و بەردەنگی ئەم نووسراوەیە خەڵکانی ئازادی خۆاز و رۆژنامەنووس و هەواڵنێران و بەتایبەتی بەرپرس و هاوکارانی هەواڵنێر و رۆژنامەنووسی “ناوەندی جیهانی هەواڵنێرانی بێ سنوورە”، کە لقی ئێرانی هەواڵنێرانی بێ سنوور کە بەڕێز رەزا موعینی وەکوو بەرپرسی ئەم رێکخراوەیە کار و چالاکی تێدا دەکات لە ماوەی کار و چالاکی ئەم رێکخراوەیە و لە هەڵویستی خۆی دا بەرانبەر بە بەشێک لە رۆژنامەنووسانی کورد، بە پێچەوانەی ئەرک و ئەخلاقی رۆژنامەنووسانەی جووڵاوەتەوە و بە روانگە و تێگەیەکی نابەرپرسانە لە ئاستی ئەو رۆژنامەنووسە کوردانەی کە بە هەر هۆکارێک گیانیان لە لایەنی کۆماری ئیسلامی لە مەترسی دا بووە یان هەڵوێستیان نەبووە یان کار و چالاکییەکانی رۆژنامەنووس و هەواڵنێرانی کوردی پەراوێز خستووە و ئەم ناوەندە بە ئەرکی ئەخلاقی و رۆژنامەنووسانەی خۆی بەرانبەر بەوان هەڵنەستاوە و پێچەوانەکەی هەڵسوکەوتی کردوە.

هەر لەم پێوەندییەدا دەتوانم ئاماژە بە کار و چالاکییەکانی خۆم(هاشم عەلی وەیسی) بکەم کە بە شێوەی بەردەوام بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە رۆژنامە و ماڵپەڕ و گۆڤارە کوردییەکانی رۆژهەڵات و باشوری کوردستان و ئەوروپا ئەنجامم داوە، کە دەتوانم لە چەند خاڵ ئاماژە بە بەشێکی ئەو کار و چالاکییەکانە بکەم کە وەکوو رۆژنامەنووسێکی کورد ئەنجامم داون ؛

١-دەستەی نووسەرانی حەفتەنامەی سۆران لە رۆژهەڵاتی کوردستان

٢- دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هەنگاو لە زانستگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان

٣- دروست کردنی نزیک 14 بەرنامە لە ژێر ناونیشانی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاناڵی ئاسمانی رۆژهەڵات تیڤی و وتووێژی خۆم لە سەر پرسگەلی پێوەندی دار بە رۆژنامەنووس و هەواڵنێران و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران.

٤- کارمەندی فەرمی بەشی هەواڵنێری ئاسۆی رۆژهەڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە باشوری کوردستان.

٥- کار و نووسین لە رۆژنامە و گۆڤارە پسپۆڕانە و ناسراوەکانی وەکوو حەوتەنامەی نسێ، پاشکۆی هزر و هونەر، گۆڤاری رامان، گۆڤاری سەردەم(کە لە لایەن بنکەی سەردەمەوەی دەر دەچێت) و…..

٦- ناوەندی هەواڵنێری و راگەیاندنی نێونەتەوەی رۆژیکورد لە وڵاتی فەرانسا کە ماوەی دوو ساڵ کە لە وڵاتی ئاڵمانیا نیشتەجێم هاوکاری بەردەوامی ئەم ناوەندەم کردوە و بەشێکی زۆری ئەو کارانەی کە لە ماوەی ئەم دووساڵە ئەنجامم داون لە لایەنی ئەم ناوەندەوە بڵاو کراونەتەوە.

بۆیە لە پاش ئەوەی وەکوو رۆژنامەنووسێکی کورد و بە مەبەستی پشتگیری لە لایەن ئەم ناوەندە جیهانییەوە بۆ ماوەی پێنج مانگ پێش ئێستا و بە رێنوێنی و هاوکاری هاوڕێیانی رۆژنامەنووس سەردانی بەشی هەواڵنێرانی بێ سنور لە وڵاتی ئاڵمان و لە شاری بەرلینم کرد لە لایەن بەڕێز Jens-Uwe Thomas رێنوێنی و کاری پێویست لەم پێوەندییەدا ئەنجام درا و بەڕێزیان وتیان کە بەرپرسی بەشی ئێرانی هەواڵنێرانی بێسنور بەڕێز رزا موعینییە، کە بە هاوکاری بەڕێزیان فۆرمی پشتگیری و بەشێکی ئەو کارانەی کە پێویست بوو ئەنجام بدرێت جێبەجێ و لە گەڵ بەشێکی ئەو کار و چالاکییە رۆژنامەنووسیانەی کە پیشانی دەدا لە ئەگەری گەڕانەوەی من بۆ ئێران گیانی خۆم و خێزانەکام لە مەترسی دا دەبێت بۆ رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور (لقی ئێرانییەکەی) بەڕێ کرا، لە پاش نزیک دوو مانگ،  لە وەڵام دا ئەو ناوەندە وتیان کە پێویستە ئێوە دوو کەس لە رۆژنامەنووسانی ناسراو بۆ پشتگیری خۆتان بە ئێمە بناسێنن، کە لە باتی دوو کەس، چوار کەس لە رۆژنامەنووسانی ناسراوی کورد لە ئاستی ئێران بۆ پشتگیری پێیان ناساند، لە پاش نزیک سێ مانگ وەڵامیان ناردوەتەوە کە ئێمە ناتوانین پشتگیری ئێوە بکەین و هاوکارانی ئێمە ئێوەیان وەکوو رۆژنامەنووسێک بۆ پشتگیری قبووڵ نەکردوە و داواکەتان رەت کراوەتەوە، دەتوانن لە پێوەندی بە داوەکەتانەوە سەردانی رێکخراو و ناوەندگەلی بەرگری لە مافی مرۆڤ بکەن.

ئەوەی کە جێگەی هێچ گومان و دوو دڵییەکی بۆ من نەهێشتووەتەوە ئەوەیە کە ئەم ناوەندە لە ئاستی پرۆسەی پێداچوونەوە و خۆێندنەوەی کەیسەکەی من خۆی بواردوە و بە شێوەیەکی زانایانە و بە ئەنقەست کەمتەرخەمی کردوە، پرسیاری خۆم لەو هاوڕێیانە بوو کە لە پاش داوای هەواڵنێرانی بێسنوور(لقی ئێرانی)، وەکوو کەسانی ئاگاداری کار و چالاکییەکانم پێیانم ناساندوە، بە مەبەستی ئەوەی زیاتر لە ئاستی کار و چالاکییەکان ئاگادار و دڵنیا ببنەوە کە لەو پەڕی سەرسووڕمانەوە کە لێیانم پرسی هەر چوار هاوڕێی ئازیز وتیان هیچ پرسێک بە ئێمە نەکراوە و هیچ پەیام و پێوەندییەکمان پێوە نەکراوە، دیارە ئەوەی کە لە پاش دوو مانگ کە کەیسەکەم بە زمانی ئینگلیزی بۆ ئەو ناوەندە بەڕێکرد کە تێیدا بەشێکی بچووکی کارەکانم بە زمانی کوردی لە توێی نامەکەدا هەبووە و ئەوانیش پاش ئەو دوو مانگە لە پێداچوونەوە و خوێندنەوەی کەیسەکەم داوای دوو کەسی ئەندام لە هەوالنێرانی بێسنوور بۆ زیاتر دڵنیابوون لە کەیسەکەم کردبوو، کەچی هیچ پرسێک بەو کەسانەش نەکرابوو و زیاتر لایەنی نابەرپرسانە و کاری دوور لە ئەخلاقی رۆژنامەنووسی ئەوان دەردەخات.

بۆیە وەکوو کەسێکی هەواڵنیر و رۆژنامەنووسی کورد کە بە هۆی کار و چالاکییە رۆژنامەنووسی و هەواڵنێرییەکانم لە درێژەی نزیک هەشت ساڵی رابردو و ئەو هەڵوێست و بڕیارەی لقی ئێرانی هەواڵنێرانی بێ سنوور بە بەرپرسیارێتی بەڕێز موعینی بەرانبەر بە کەیسەکەم داوێتی، لە ناوەندی جیهانی هەواڵنێرانی بێ سنور داواکارم لە ئاستی ئەم کارە نابەرپرسانە و دژی هەموو پێوەر و پێوادانگێکی مرۆیی و رۆژنامەنووسی کە ئەو رێکخراوە بۆ بەرگری لێیان دامەزراوە، هەڵوێست و وەڵامی گونجاو و پێویست بدرێتەوە.

نووسەر و رۆژنامەنووس و هەواڵنێر و چالاکانی بوارگەلی جیاواز کە بەرانبەر بە هەڵوێستی هەواڵنێرانی بێ سنوور(بەشی ئێرانییەکەی) پشتیگیریی خۆیان بۆ رەتکردنەوەی کەیسی رۆژنامەنووسی خۆم و هەموو ئەو هەڵاواردن و بێ ماف کردنەی کە ئەم ناوەندە لە ئاستی رۆژنامەنووسانی کورد نوواندویەتی و دەینوێنێت راگەیاندوە؛

جێگەی ئاماژەیە ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دان و پشتگیری خۆیان راگەیاندوە، لە بەر باری ئەمنی ناوەکانیمان لێرە نەنووسیون.

رۆژنامەنووس و نووسەر و لێکۆڵەر؛ دوکتۆر فەرهاد عزەتی زادە

 نووسەر و شاعیر؛ دوکتۆر ئەحمەدی مەلا

نووسەر و رۆژنامەنووس؛ فەڕوخ نعمەتپوور

نووسەر و رۆژنامەنووس؛ سالار پاشایی

چالاکی سیاسی و رۆژنامەنووس لە ناوەندی رۆژی کورد لە وڵاتی فەرانسە؛ جەماڵ پوورکەریم

چالاکی سیاسی و رۆژنامەنووس لە ناوەندی رۆژی کورد لە وڵاتی فەرانسە: شلێر دەروێشی

بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات و ڕۆژنامەنووس لە ناوەندی ڕۆژی کود لە وڵاتی سویس: هەڵمەت مەعرووفی

نووسەر و رۆژنامەنووس؛ شەریف فەلاح

رۆژنامەنووس: بەهمەن تووتوونچی

رۆژنامەنووس؛ ژیوار رەسووڵی

شاعیر و نووسەر؛ غەمگین بۆڵی

چالاکی مافی مرۆڤ: سیاوەش ئاقایی

نووسەر و رۆژنامەنووس و سەرنووسەری گۆڤاری رامان؛ ئازاد عەبدولواحید

رۆژنامەنووس؛ فەرشید سەڵەواتی

رۆژنامەوان؛ سەرکەوت وەلی

رۆژنامەنووس؛ سیامەک حەیدەری

رۆژنامەنووس؛ نەعیم نەجەفی

رۆژنامەنووس و هەواڵنێر و بەرپرسی ماڵپەڕی هەواڵنێری هەنگاو؛ ئەرسەلان یارئەحمەدی

رۆژنامەنووس و هەواڵنێر؛ کەیهان محەمەد عەلیان

رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: رزا شەریفی بۆکانی

چالاکی مافی مرۆڤ: ئەمجەد حوسێن پەناهی

رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی؛ کیارەش شەهسەواری

رۆژنامەنووس؛ فەریبورز ئاودانان

رۆژنامەنووس: جەلال هانیسی

رۆژنامەنووس و هەواڵنێر؛ شەهرام میرزایی کرمانشاهی

رۆژنامەنووس؛ فەرزانە ئەردەشیری

رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی؛ رێباز کەریمی

رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ؛ هادی عارفی

رۆژنامەنووس و هەواڵنێر؛ هێدی کامران پور

رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگی: ئەمین قادری

شاعێر و لێکۆڵەری بواری فولکلۆر؛ سەفا موراد کەلهوڕ

شاعێر و چالاکی کولتوری و سیاسی: سەردار زەنگەنە

شاعێر و چالاکی کولتوری؛ تاهێر مەهابادی

چالاکی سیاسی و خوێندکاری؛ ناسر رەسووڵ نژاد

چالاکی سیاسی؛ عەلی قەنبەری

چالاکی سیاسی و کەلتوری؛ بێهزاد حەیدەری

چالاکی سیاسی؛ عەلی بەهرامی

چالاکی سیاسی و شاعێر؛ ئاسۆ خەبات

چالاکی کرێکاری و خوێندکاری: خەبات کەریمی