هاووڵاتییەکی بۆکانی دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی کرا

0
1185

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە بڕیاری دادگای ئینقلابی مەهاباد لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و گوازرایەوە بۆ زیندانی شاری بۆکان.

ناوی هاووڵاتییە کوردە، “سەید مستەفا عەلیاوایی” خەڵکی گوندی عەلیاوای بۆکان راگەیاندراوە و هەنووکە لە زیندانی شاری بۆکان ماوەی حکمەکەی تێپەڕ دەکات.

هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە، ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵكی شاری بۆکان، ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوکمی چوار مانگ و ١٥ رۆژ زیندایی تەعزیری بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئورمیەوە پشتڕاست کرایەوە.

دوابەدوای پشتراست کرانەوەی حوکمەکەی، دادگای ئینقلاب بڕیاری “جلب”ی ئەو چالاکە سیاسییە کوردەی دەرکردووەو لە ئەنجامدا رۆژی دووشەممە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

دادگای ئینقلابی مهاباد، ئەو چالاکە کوردەی بە تۆمەتی تەبلیغ و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رژیمی ئیسلامیی ئێران دادگایی و زیندانی کردووە.