تێکدانی مەبەستدارانەی ژینگەی شنۆ بە بیانووی سازکردنی مزگەوتێک و ناڕەزایەتیی هاوشاریان

0
20667

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە باژێڕی شنۆ، سازکردنی مزگەوتێک لە تەنیا شوێنی گەیشتیاریی باژێڕی شنۆ، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی ئەو باژێڕەی لێکەوتۆتوە و بە پیلانی دەزانن.

گەڕەکی “کوچە باغ” کە دەگوترێ تەنیا شوێنی گەشتیاریی ناو باژێڕی شنۆیە، خەریکە لە لایەن چەند کەسێکەوە لە ژێر ناوی سازکردنی مزگەوتێک، تێکدەڕووخێندرێت و هەر وەک لە وێنەکەشدا دەردەکەوێ چەند کەسێک سەرقاڵی داڕشتنی پیلانی بینای مزگەوەتێک لەو شوێنەن ئەوە لە حاڵێکدایە کە باژێڕێکی بچوکی وەک شنۆ ٣٠ مزگەوتی تێدایە.

هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە باژێڕی شنۆ لەمبارەوە گوتی: “مەودای نێوان کوچە باغ و شوێنی نیشتەجێ بوون ناوباژێر تەنیا یەک شەقامە و بە گوێرەی زانیارییەکان خاوەن باغەکە بە نیازی پێدانی هەندێک زەوی لەو باغە بۆ مزگەوت هەم خۆی خێرخواز نیشان بدات و هەمیش لە دوای ئەوە ڕێگا بکاتەوە بۆ دابڕدابڕکردنی ئەو شوێنە گەشتیارییە و فرۆشتنی و لە ئەنجامدا لە ناوچوونی تەنیا شوێنی گەشتیاریی ناو باژێڕی شنۆ”.

ئەو پیلانە کە ئەنجامەکەی لە ناوچوونی خۆشترینی شوێنی ناو باژێڕی شنۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتیی بەرینی هاووڵاتیانی باژێڕی شنۆی لێکەوتۆتەوە و داوا لە ڕدێن سپی و بەرپرسان دەکەن پێش بە سەرگرتنی ئەو پیلانە بگرن.

هاووڵاتییەکی شنۆیی لەمبارەوە دەڵێ: “خەریکن تەنیا جێی گەشتیاری شارەکەمان لەناودەبەن ئەویش بەبیانووی چێکردنی مزگەوت، بەڵام لەپشت ئەم بیرۆکەیە بیرۆکەیەکی چەپەڵ هەیە، چون بەدرێژایی ئەم سەدەیە هەر شوێنێک خاوەن مڵکەکان بۆ وەنرخ کەوتنی و فرۆشتنی کۆشابن، یان مزگەوت یان قوتابخانەیان لێ چاکردووە تا بەدوای وی دا شوێنەکە بەتەواوی بگۆڕن. مزگەوت جێی ڕێزە بەڵام لەشارێکی وەک شنۆ کە نزیک ۳۰ مزگەوتی هەیە چ پێویست بە چاکردنی لەم شوێنە دەکا؟ ئیسلام باس لەوە دەکات کە دار وەک مرۆڤ وایە کە نابێ ببڕدرێت، کەوابوو ئەم بیرۆکەیە؛ بیرۆکەیەکی توندڕەویه کە خەریکی قڕکردنی ئەم هەمۆ داروو درەختەیە.”

گەنجێکی شنۆیی تر لەمبارەوە دەڵێ: “ئێمه لاوانی شنۆ داواکاریمان له مەلاکان و ڕیش سپییەکان ئەوەیە کە نەهێڵن ژینگەی کوچه باغ  که پێناسەی شارەکەمانه لەناو بەرن.. ماشالله شنۆ بەقەت تاران مزگەوتی هەیه و شوکری خودا له ڕووی مزگەوتەوە کەموکوڕیمان نیه..”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.