بەسەرهاتێکی تاڵ و ئەزموونێکی پڕ نەهاتمەتی کچە کوردێک، دەرفەتێک بۆ لێ فێربوون

0
3198

هاوار: خوێنەری ئازیز، ژیان بریتییە لە دەرفەت، دەرفەتەکان هەندێ جار لە ژیاندا دێنە پێش و هەمیشەیی نین، کە توانیت دەرفەتەکان بەکار بهێنیت ئەوا سەرکەوتوو و بەختەوەری، کە نەشتتوانی و دەرفەتەکانت دۆڕاند، ئەوا بەپێچەوانە. زۆر کەسی دەورووبەرمان کە  ئێمە زۆریشمان پێ ژیری نین، بەڵام چون دەرفەتەکانیان قواستووەتەوە و لە دەستیان نەداون، لە ئێمەمانان یان کەسانێک کە بەڕای ئێمە ژیرن، بەختەوەرترن و شادتر، بەڵام زۆر کەسی تێگەیشتوو و پاک، بەپێچەوانە، بە هۆی دۆڕاندنی دەرفەتەکان جا بە هۆی غروور، لە خۆبایی بوون یان قسە ورێمانیی نەشیاو و دوژمنکارانەی خەڵک و بیرنەکردنەوەی باش و خیاڵی ئەوەی کە دەرفەتی باشتریان بۆ دەلوێ، ژیانیان دۆڕاندووە. تۆش وشیار بە دەرفەتەکان لە کیس نەدەیت.

لێرەدا بەسەرهاتی خاتوونێکی کورد بە ناوی “سارا، ئـ” تان بۆ دەگێڕینەوە کە هاوکارمان خاتوو لەیلا مەریوانی ڕەوەند، تۆماریان کردووە، ژیانێکی تاڵ و تراژدی و دڵتەزێنن. فەرموون لەگەڵمان بن و بیخوێننەوە.

ناوم “سارا. ئـ”، ـەم کچی سێهەمی بنەماڵەیەکی پڕحەشیمەتم. سەردەمی منداڵیم سەرەڕای هەموو ناخۆشییەکانی ئەو سەردەمە، هەر خۆش بوو تا پێم نایە تەمەنی مێرمنداڵییەوە.

لە تەمەنی ١٥ ساڵاندا، قورئانم هەمووی خوێندەوە و دوو کتێبی شەریعەتی ئیسلامیشم تەواو کردبوو. کچێکی داوێن پاک، هێمن و خۆڕاگر بووم و بە تاریفی خۆم نەبێ، زۆیش جوان و شیرین بووم،. ناوبانگی جوانی و بەحەیابوونم لە ناو دێهاتەکەماندا دەنگی دابۆوە، ڕۆژێ هەزار جار لە ژن و پیاوی گوندەکەمانم دەبیست کە دەیانکوت، ئێرەیی بەو دایک وباوکەوە دەبەین کە کچی وەک تۆیان هەیە.

زۆر کەس لە ناو گوندەکەمان کە منداڵی کچیان بوایە، دەیانکوت لەبەر س ـی کچی فڵان کەسیش بێ ناوی کچەکەمان دەنێین، سارا.

کچێکی وا نەبووم ئێواران لەگەڵ ژنان لە کۆلان کۆببمەوە و باسی خەڵک بکەم، یان هات و هووتم بێ و بە قەولی دایکم دەڵێ جڵفە جڵفم نەبوو، ئەگەر بمزانیبا لە شوێنێک باسی خەڵک دەکەن، نە دەچووم، درۆ، سەرەکیترین دوژمنم بوو.

لە کورتی ببڕمەوە، خوی تایبەت بە خۆم هەبوو، زۆر کەس لە گوندەکەمان ئاواتیان بوو ببم بە بووکیان. هەر ئەوەش وایکرد، هێشتا ١٦ ساڵان بووم، هاتووچووی خوزبێنیکەران دەستی پێکرد. جاڕز ببووم و هەر کەس دەهات دەمکوت نا، دایک و باوکم ئیتر قەبوڵیان نەدەکرد، کوتیان کچ هەر سەردەمانێک خوازبێنی هەیە و دواتر ئەو ڕمێنەی نامێنێ. منیش کە هەر نەمدەزانی شووکردن چیە، یەکێک لە داواکارەکانم قەبووڵ کرد و ڕازی بووم ژیانی هاوبەشی لەگەڵ پێکبهێنم. بەڵام لە یەکەم ڕۆژەوە کە چوون بۆ تاقیگەی خوێن بۆ زەماوەند تا ئێستا، ڕقم لە زاوایە و بە هیچ کەتنێکی ناکەوێتە بەر دڵم.

هەر لە سەرەتاشەوە ئەوەم بە دایک و خوشکم ڕاگەیاند، زۆرم هێنا و برد، هەر کوتیان “هیچ نیە، وردە وردە چاک دەبی، دوایە هێندەت خۆش دەوێ بە دونیای ناگۆڕیەوە”، ڕووشم نەبوو بە باوکم بێژم، هەرچی لە دایکمم پاڕامەوە کە بە باوکم بڵێت، نەیگوت و نەیگوت.

مارەکردنیش تەواو بوو، تا کاتی زەماوەندی، ٧ مانگی کێشا، لەو ماوەیەدا هەزا جار زیاتر بە زاوام کوت، من خۆشیم لە تۆ نایە، دەیگوت “قەینا خاس ئەبی”، ساڵ هات و ڕۆیی، ساڵێک و شەش مانگ بە نابەدڵی لای شووەکەم بووم. هەر شەوی یەکەم شەڕمان لە نێوان ساز بوو بەڵام ئەو لە کورتی بڕییەوە، دەیویست دەرفەتێک بدا بە من و بە خۆشی کە بووکە جوانەکەی لەدەست نەچێ.

دوای سێ چوار مانگ، ئەوەندە شەڕمان کردبوو کە بێزار بووم و تۆرام. گەورەکان هاتنە ناو، تا چارەسەریی ئەو کێشەیە بکەن کە چی خراپتریان کرد و بە زۆرەملی منیان ناردەوە. دیسان هەمان هەمان، بەزم و هەڵا و نەسازان.

بەو حاڵەوە، ساڵێک و دوو سێ مانگ لای یەک بووین، من دەتۆرام و خەزوورم هەڕەشەی لە کوڕەکەی دەکرد کە ئەگەر ژنەکەت نەهێنیتەوە، کوڕی من نیت و بێبەریت دەکەم و میراتبڕت دەکەم.

وردە وردە لە ناو خەڵک بڵاو بۆوە، کە “سارا هێشتا کچە و شووەکەی پیاو نەبووە”.

بەزمەکە گەورەتر بۆوە، ١٣ کەس لە خزم و کەس و کاری من تەڵاقیان خوارد، ئەگەر بێت و ئەو قسەیە ڕاست بێت کە من هێشتا کچم و ئەگەر بێت و تاوانیش لە منەوە بێ و ڕێگای زاوام نەدابێ، ئەوا من بکوژنم ئەگەریش تاوان لە زاواوە بێ، ئەوا تەڵاقم بۆ بستێنن.

زاوا، وەک بەزەیی بە مندا هاتبێ، هاتە پێش و  کوتی “خەتا لە منە، من پیاو نیم”، بنەماڵەی منیش ڕازی بوون و گوتیان تەڵاقی بدە کەچی بنەماڵەی زاوا بە هیچ کلۆجێکی ڕازی نەبوون، دڵنیام ئەوان دەیانزانی کوڕەکەیان درۆ دەکات و بۆیەش هەم بە غەدریان دەزانی و هەم بە ئابڕووچوون بۆخۆیان و کوڕەکەیان.

شووەکەمیان برد بۆ پزشک و تاقیکاری، دەرکەوت درۆ دەکات بەڵام ماڵیان ئاوا بێ لای خزم و کەسی من باسیان نەکرد، لە بەرانبەریشدا ناچاریان کرد، مل بە پەیوەندی و ئەو ژیانە زۆرەملییەوە بدەم و ڕازی بم.

دووی شەو دوای ئەوە، شوەکەم تووشی عەزابی ویژدان بوو، کەوتە مەشرووب خواردنەوە، شەوی سێیەم بوو، بەوپەڕی سەرخۆشی و بێ ئاگایی، تەڵاقی خوارد و تەڵاقیشی کەوت.

ئێستا من ماوەی سێ ساڵ و نیوە بێوەژنم. ئەو ژیانە نەگبەتەی ڕابردووم، هەمیشە وەک فیلم بەپێش چاوەکانمدا دێت و دەڕوات. ئێستاش کە بۆ ئێوەی دەنووسمەوە، بڕوا بکەن، یەک وشەییم بێ گریان و فرمێسک هەڵڕشتن نەنووسیوەتەوە.

من کێشە و خەمم ئەوە نیە کە دۆستی کوڕم نیە، کە خۆشم ڕانەبوارد، هەندێ جار بیر لە خۆم دەکەمەوە دەڵێم “ئاخر خوایە بۆ چی؟ تاوانی من چ بوو؟ من کە وەکوو کاغەز سپی و بێ تاوان بووم، تۆ بۆ ئەو زوڵمە گەورەت لە من کرد، هەم لە من و هەم لەو کوڕەش کە شووم بوو؟” دواتریش پەژیوان دەبمەوە و دەڵێم خوایە بمبوورە ئەگەر کفرم کردبێ.

من سەرەتا زۆرم هەوڵ دا ئەو کوڕە ڕازی بکەم، بەڵام ئەو بە هۆی ڕواڵەت و جوانیم هیچ کات ئامادە نەبوو و وەک مرۆڤێکی تێگەیشتوو گوێی پێ نەدام.

باوکم بە قسەی خۆی دەڵێ، نەمزانیوە کە نابەدڵت بووە. بەڵام خۆ ڕواڵەتی ژاکاوی من لە ماوەی ئەو حەوت مانگە دەزگیرانەتییەدا، بۆ منداڵێکیش ئاشکرا بوو.

قەتیش لەبیرم ناچێتەوە، جارێک لە شوێنێک بووین، بە دایکم گوت، تەلەفوون بۆ باوکم دەکەم و ڕاستییەکەی پێ ئێژم کەچی سوێندی دام و گوتی ئەگەر بێت و تەلەفوون بکەی بۆ باوکت، خۆم دەخەمە ژێر ماشێنەوە و ئێستاش هەموو ڕۆژی هەینی دەڵێ “کچم گەردنم ئازاد بکە”.

ژیانی من لەناوچوو، ئێستا کرێ نشینم و خەریکی کاری دروومان و گوڵدۆزی و بە شتی ئەوتۆوە هەم خۆم دەژێنم و هەم خۆم سەرقاڵ کردووە تا خەفەتم لە بیر بچنەوە بەڵام ئەوا سێ ساڵە، تەنانەت نەمتوانیوە بیر لە یەک داواکار و خوازبێنیش بکەمەوە و تا کەسێکیش دێت ئەوا ڕێک دەچمەوە شەوە نەگبەتەکەی خوازبێنیم.

من یەک جار بڕیاری هەڵەم دا، هەر ئەو جارەش بوو، ئیتر ژیانی من سووتا و هیچ کات نابێتەوە ژیان. بڕیارێکی هەڵە، دەتوانێ هەموو ژیانت بسووتێنێ، هەمووی. پەشیمانیش بایی هیچە و دەردت دەرمان ناکات و دادت نادا.

قەت قسەی ئەو پوورزایەشم لەبیر ناچێتەوە. هەمیشە لای گشتیام دەیگوت، ئامادەم برم بەڵام سارا لەو کوڕە و لەو ژیانەی ڕزگاری بێ و بۆ یەک جاریش بێ لە دڵەوە پێبکەنێم بەڵام بەداخەوە، هەشت شەو پێش لە تەڵاق وەرگرتنم ئەویش کۆچی دوایی کرد، نازانم بۆ؟ بڵێی خوا لە تۆڵەی تەڵاقی من، ژیانی ئەوی ئەستاندبێ؟ یانی مەرگی ئەو، نرخ و تێچووی پێکەنینی دووبارەی من بوو؟ نازانم!!

 

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here