کەیوان کەریمی، فیلمسازی ناسراوی کورد، بۆ بەندی٨ـی بەندیخانەی ئێڤین، گواستراوە

0
1114

مرۆڤایەتی: کەیوان کەریمی، فیلمسازی ناسراوی کورد کە نزیک بە ٢٠ ڕۆژ بەر لە ئێستا بە مەبەستی جێ بە جێبەجێ کرانی سزای قامچی لێدان و کێشانی سزای بەندکران، بۆ بەندیخانەی ئەوین بانگ کرابوو و دواتر لە دۆخێکی یەکجار نالەباردا لە قەرەنتینەی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیرابوو، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، راگواستراوەتە بەندی ٨ـی بەندیخانەی ئێڤین ـی تاران.

کەریمی، ماوەی ١٨ ڕۆژ لە قەرەنتینەی بەندی ٤ی بەندیخانەی ئێڤین لەسەر زەوی دەخەوت و لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەش بوو و ئیزنی هاتن بۆ هەواخۆری و چاوپێکەوتنیشی لی زەوت کرابوو.

کەیوان کەریمی، فیلمسازی کورد، ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی و لە ڕێگای تەلەیفوونەوە و لە ژێر ناوی هەندێ شیکردنەوە و وڵامدانەوە بە هەندێ پرسیار، بانگهێشتی بازنەی بەرێوەبردنی سزاکانی لقی ١ـی دادسەرای شەهید موقەدەس لە بەندیخانەی ئێڤین ـی تاران کرابوو و هەر لەجێوە بە مەبەستی بەڕێوەچوونی سزای ١ ساڵ بەندکران و ٢٢٣ قامچی، ڕەوانەی بەشی قەرەنتینەی بەندیخانەی ئێڤین ـی تاران کرابوو.

ڕۆژی هەینی بەرانبەر بە ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لێبوردنی نێونەتەوەیی  داوای لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە هەموو توانای خۆیان وەگەڕ بخەن بۆ ڕێگریی کردن لە بەڕێوەچوونی سزای  قامچی لێدان لە کەیوانی کەریمی کە ماوەیەکە لە زیندانی “ئێوین”ی تاران ڕاگیراوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە کەیوان کەریمی دەرهێنەری لاوی سەقزی بە تۆمەتی بانگەشە بە دژی نیزام و بێ‌ڕێزی بە پیرۆزییەکان، ساڵی ڕابردوو  ٦ساڵ زیندان و لێدانی ٢٢٣ قامچی بەسەردا سەپا، کە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

وەک لە هەواڵەکانی پێشتر باس کرا، دووحەوتوو لەمەوپێش کەیوان کەریمی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی سەرلە نوێ بانگهێشتی دادگا کراوە.

ناوبرا بە هۆی سازکردنی فیلمێکی دیکۆمینتی دەسبەسەر و دواتر لە لایەن داداگای ئینقلاب لە شاری تاران تۆمەتی ئەمنییەتی وەپاڵ دەخرێ.

دوابەدوای دەسبەسەرکردنی کەیوان کەریمی لە زیندانی “ئێوین”، دەیان کەس لە دیکۆمنت‌سازەکانی ئێرانی،  بە واژۆ کردنی نامەیەک خوازیاری ڕاگرتنی ئەم حوکمە بوون.

لە لایەکی دیکەش، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سزای قامچی لێدان،  کە رۆژانە لە ئێران بەڕێوەدەچێ بە سزایەکی نامرۆڤانە و، دژ بە یاساکانی نێونەتەوەیی لە قەڵەم دەداو،  داوای کردووە بە گوشار خستن بە سەر کۆماری ئیسلامی ئەو سزایە هەڵوەشێنەوە.