وەزارەتی ئیتلاعات جارێکی دیکە رێگریی لە ئازادیی محەمەد نەزەری کرد

0
877

مرۆڤایتی: محەمەد محەەمد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، کە بە مەبەستی ئازادی و راگوێزران بۆ زیندانی زێدی خۆی (شاری سایین قەڵا) نامەیەکەی بۆ دادستانی پارێزگە(ئوستان)ی ئەلبورز نووسیوە، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات رێگریی لە هەوڵەکەی ناوبراو کرد.

محەمەد نەزەری، پێشتریش بە هەواڵنێری رۆژی کوردی راگەیاندبوو: لە کاتێکدا پێیان راگەیاندم، کەعەلی جەلیلی “ئوستاندار”ی پاریزگەی ورمێ دژایەتی لەگەڵ ڕاگوێزرانی من بۆ ورمێ دەکات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەیەک ڕق و کینەی لە من و حیزبی دیمۆکرات هەیە، تەنانەت دوای ٢٣ ساڵ ئامادە نییە بچووکترین داخوازیی من قەبووڵ بکات.

وتوێژی تایبەتی لەگەڵ محەمەد نەزەری

هەنووکە ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە نامەیەکدا کە بۆ دەرەوەی زیندانی ناردووە، رەخنەی توندی لە دەزگای دادوەریی رژیمی ئێران گرتووەو بە بێ دەسەڵات و گوێ لەمستی وەزارەتی ئیتلاعات لە قەڵمیان ئەدات.

دەقی نامەکەی محەمەد نەزەری بەم شێوەیە:

محەمەد نەزەری لە نامەیەکدا کە بۆ دەرەوەی زیندانی ناردووە، نووسیویەتی: “هەنووکە پاش ٢٣ ساڵ بوغز و کینەی وەزارەتی ئیتلاعات تەواو نەبووە، کە بە ناردنی نامە بۆ دەزگای دادوەری، رێگری لە ئازادی یان راگوێزرانی من بۆ زیندنای شارەکەی خۆم دەکات. جێگەی داخە کە دەزگای دادوەری بۆتە مەئمووری گوێ بەفەرمانی ئۆرگان و دەزگاکانی دیکە و هیچ دەسەڵاتێکی نییە و ئەمەش بەڵگەی شەرمەزاریی بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ئیرانه، کە سەرجەم پێوەرەکانی دادوەرییان ژێر پێ خستووەو لەگەڵ ئەوەیکە دەبوایە بەپێی یاسا نووسراوەکانی خۆیان ئازاد بکرایەم، بەڵام بۆ دڵخۆش کردنی کەسانێک، خۆیان لە ئیجرای عەداڵەت دەبوێرن”.

محەمەد نەزەری_ کوڕی حەمدوڵڵا

زیندانی رەجایی شاری کەرەج

ئەو چالاکە سیاسیە کوردەی خەڵکی سایین قەڵا کە لە تەمەنی ٢٢ ساڵی‌دا لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و لە دادگایەکی ٢٠ خولەکیدا حوکمی لەسێدارە درانی بۆ بڕایەوەو ساڵی ٧٨ حوکمەکەی بە زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدرا.

محەمەد نەزەری، کە بە یەکێک لە بەپێشێنەترین زیندنایانی سیاسی لە کوردستان و ئێران دادەندرێت، هەنووکە لە ساڵۆنی ١٢ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ٢٣هەمین ساڵی زیندانی کردنەکەی تێپەڕ دەکات.

mehmet-nezeri mehmet-nezerii