رۆڵی ئافرەت لە گوتنەوەی بەیتە فۆلكلۆرییەكاندا

0
389

بەیتی “سوارۆ” وەك نموومە

(بەشی دەیەم)

لایەنی دڵداریی بەیتەكە

لایەنێكی دیكەی بەرچاو و روونی ئەو بەیتە، لایەنی دڵدارییەكەیەتی. دوكتۆر رەهبەری مەحموود زادە لە وتارێكیدا بەناوی ” بەیتی كوردی لە خوێندنەوەیەكی بەراوردكارانە لەگەڵ ئەدەبی كلاسیك‌دا” لەوبارەیەوە دەڵێ: بەیت لە هەندێك بەشی‌دا بە وەسفی ناسك و ئەویندارانە شێوازێكی لیریك و غینایی بەخۆیەوە دەگرێ. لەم بەشانەدا زۆرتر وەسف و نزایەكی ئەویندارانە و پاڕانەوەیەكی دڵسووتاوانە لە قاڵبی مۆنۆلۆگ دا بەدی دەكرێن.(مەحموودزادە )
با بزانین گراوییەكەی سوارۆ ئەو راز و نیازەی خۆی چۆن دێنێتە گۆڕێ:
ئەوە كیژ دەرێ
دوێنێ چووكەڵە سوارەكەی من دەچۆوە
سەفەری كاولە لەحسایە
ئەوە دەیكوت كیژێ وەرە دوو ماچم دەیە
بەسەری بە قوڕ و بە ملی بە كوێنم رووم لێ وەردەگێڕا
هەی لاڵ ببم نەمدەدایە
ئەوە لە دوایە دەچوومەوە پێش چووكەڵە سوارەكەی خۆم
زوڵفی خۆمم لەبەر دەگێڕا
مەمكی خۆمم بۆ دەبردەوە تكایە
شەرت بێ بە شەرتی خودا و رەسووڵان چووكەڵە سوارەكەم
بێتەوە لەوێ شەڕێ هەرامەتە لەوێ هەڵایە
ئەمن سنگی خۆمی بۆ دەكەمە كاغەزەكە مەرجان و
مەمكی خۆمی بۆ دەكەم بە قەڵەمەكی فەرەنگی هەروەكوو
مەلای دوازدەعیلم شەوتا ڕۆژی لێ‌ بكا موتاڵایە
گراوییەكەی سوارۆ دوای ئەوەی دڵی دڵدارەكەی دەشكێنێ و لەو كات و ساتە ناسكەدا كە سوارەكەی دەچێتە سەفەری هات و نەهاتێ، ماچێكی ناداتێ، دواتر زولفی خۆی لەبەر دەگێڕێت و مەمكی خۆی لێ دەكاتە تكاكار بۆ ئەوەی سوارۆ دڵی لێی نەیەشێت و لێی ناهومێد نەبێت. ئەو هەموو خۆشییەكان هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی دواتر وەك دیاری و پێشكەشییەكی سەركەوتن، بیداتە دڵدارەكەی. لێرەدا ئەو پەڕی جوانی و ناسكێتیی دەقەكەمان بۆ دەردەكەوێت.
خۆی لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەگەر سوارۆ لە سەفەرەكەی گەڕابایەوە، كچەحەیرانەكەی ئەو قەول و بەڵێنانەی خۆی دەبردە سەرێ یان نا؟ ئەگەرچی ئەوە پرسیارێكە و لەوانەیە بۆ هەموومان بێتە پێشێ، بەڵام كەس ناتوانێ وەڵامێكی دروستی بۆ دەستنیشان بكات و بە دڵنیایەوە “ئا” یان “نا”ی بۆ بڵێ، لەبەر ئەوەی مەرگی سوارۆ ئیتر رێگەی ئەزموون و تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی لێ گرتووین. ئەوەی لێرەدا روونە ئەوەیە كە كچەحەیرانیش دوای مەرگی سوارۆ ئەو كورتە ژوانە ئاشكرا دەكات و لە قاوی دەدات كە سوارۆ بەر لەوەی وەڕێ بكەوێت بۆ شەڕگە، دەگەڕێتەوە و دەچێتە لای و ئەوەش كە كچەحەیرانەكەی ئەو قەول و بەڵێنە شیرینانەی پێ دەدات كە بەداخەوە سوارۆ ئاواتەكانی دەباتە بن گڵ و داخ و كەسەریش بۆ نازدارحەیرانەكەی بەجێ دەمێنێت.
توێژینەوە (سابات)

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here