رەنگەکان — (چیرۆک بۆ منداڵان)      

0
2304

                                               نووسینی: رەزا شوان

         
رۆژێک رەنگەکان لە شوێنێکدا بە یەکتری گەیشتن.. هەر رەنگیک بە شان و باڵی خویدا هەڵیدا و خۆی بە (شاڕەنـگ) دەزانی.

زەرد: من لای خەڵکی رێزێکی تایبەتیم هەیە، چونکە من رەنگی زێـڕم، رەنگی گەنم و گەنمەشامی و لیمۆم، رەنگی گوڵە زەرەدەم، بە شانازیشەوە دەڵێم کە رەنگی رۆژەکەی سەر ئاڵای کوردستانم.

سـوور: من رە نگی لاوی و جوانیم، رەنگی شۆڕش و راپەڕینم، رەنگی ئاڵی خوێنم، رەنگی گەرمی و ئاگرم، رەنگی گوڵاڵە سوورە و گوڵە ئەرخەوانم، بە کورتی و بەبێ خۆهەڵکێشان، من رەنگی ژیانم، دیارە لە هەمووتان جوانترم.

سەوز: گەر ئئێوە وەک من جوان بوونایە دنیات دەخوارد.. من رەنگی بەهـارم، رەنگی گیاوگۆڵ و سەوزی و چیمەنم، رەنگی هیـوا و ئومێدم، رەنگێکی پیـرۆزم، یەکێکم لە چوار رەنگەکەی ئاڵای کوردستان.

شین: من لە هەمووتان زیاترم، رەنگی ئاسمانی بي کۆتاییم، رەنگی ئاو و رووبار و دەریا و دەریاچەکان و ئۆقیانووسەکانم، لە لای زۆر کەس رەنگێکی پەسەند و جوانم.

سپی: من رەنگی ئاشتی و دڵپاکیم، رە نگی کراسی بووکێنیم، رەنگی لۆکە شەکر و خۆێ و بەفرم، رەنگی پەلکە جوانەکانی گوڵە نێرگز و گوڵە حاجیلەم. رەنگی… هتد.

هەریەکەش لە رەنگی وەنەوشەیی و پەمەیی و قاوەیی وپرتەقاڵی و شەکەری و خۆڵەمێشی و رەشيش، ئەوانیش کەمیان نەوت و بە جوانی و بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵیان دا.

رەنگەکان لەسەر ئەوەی کە کامیان شایانی نازناوی (شاڕەنگ)ـە، بوو بە هەرایان و لە یەکتری زویر و لووتەلا بوون.

لەم کاتەدا، منداڵێکی رووخۆش و چاوگەشی کورد، هاتە نێوانیانەوە.. لە جانتاکەیدا پەڕەیەک کاغەزی سپی و قوتوویەک بۆیەی ئاویی دەرهێنا.. بە پێنووسێکی رەش لەسەر دیوێکی لاپەڕە سپيیەکەدا، لە پاڵ زنجیرە چیایەکی سەرکەشدا، دیمەنی گوندێکی زۆر جوان و قەشەنگی کوردستانی کێشا.. جۆگەیەکی گەورەی ئاویش بە ناوەڕاستی گوندەکەدا دەڕۆیی.. وەرزی بەهار بوو.. منداڵەکە دەستی کرد بە رەنگ کردنی تابلۆکەی.. زنجیرە چیاکەی قاوەیی و سەوز کرد.. سەر لووتکەکانیشیانی سپی کرد.. دەشتی دامێنی چیاکانی سەوزکرد و بە گۆڵاڵە سوورە و ئەرخەوان و نێرگز و و حاجیلە و گوڵەزەردە و وەنەوشە و گەزیزە و بە چەندین گوڵی جوانی هەمەجۆرە و رەنگاوڕەنگی تر رازاندییەوە.. ئاوی جۆگەکە و ئاسمانی سەرووی شاخەکانی شین کرد.. لە نێوان دوو لووتکەی زنجیرە چیایەکەدا، خۆرێکی گەش و تیشک زێڕینی بە رەنگی زەرد کێشا.. هەموو خانووەکانی گوندەکەشی هەر یەکە و بە ڕەنگێک بۆیە کردن.. لە سەربانی قوتابخانەی گوندەکەشدا، ئاڵاێ کوردستانی بە هەر چوار رەنگەکەی، بە ئەستوونێکی بەرزەوە کێشا.. پۆلێک مەلی هەڵفڕیویشی لە ئاسمانی گوندەکەدا بە رەنگی رەش کێشا.. تابلۆیەکی زۆر جوان و رەنگینی رازاندەوە.. کە هەموو رەنگەکانی لە خۆگرتبوو.

رەنگەکان، کە ئەو تابلۆ رەنگینەیان بينی.. سەرسام بوون..! هەستیان بەوە کرد، کە راستە هەر رەنگێک جوانی و حەزلێکردەی خۆی هەیە.. بەڵام گەر پێکەوەبن، جوانتر و رەنگینتر دەبینرێن و دەبنە تەواوکەری یەکتری.

رەنگەکان دەستیان خستە ناو دەستی یەکتری و ئاشتبوونەوە.. چەپڵەیەکی قایمشیان بۆ ئەم منداڵە هونەرمەندە بلیمەتە و بۆ تابلۆ رەنگینەکەی لێدا.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here