خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان بە بۆنەی ساڵیادی لەسێدارەدانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر بەیانییەیەکیان بڵاو کردەوە

0
1241

خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان کە وەک یەکیک لە چالاکترین خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی ئێران و کوردستانی خۆرهەڵات ئەژمار دەکرێن و لە زۆربەی بۆنە نیشتمانی و هەروەها ڕووداوەکانی کوردستان، هەڵوێستییان هەیە، بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی لە سێدارەدرانی ناڕەوای مامۆستای کورد،  فەرزاد کەمانگەر، بەیاننامەیەکیان داوەتە دەر کە لە خوارەوە دەقی ڕاگەیێندراوەکە وەک خۆی داندراوە.

دەقی بەیاننامەی خوێندکارانی زانکۆ پەیامی نووری مەریوان

(( بۆ ۱۹ی گوڵان، شەشەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی مامۆستای کورد: فەرزاد کەمانگەر و چوار هاوڕێی تری ))

فەرزاد کەمانگەر
فەرزاد کەمانگەر

نیشتمانەکەم؛
جاران تەنیا دوژمنان دەیانویست بتکوژن،
ئێستا هەم یاران و نەیاران،
جاران تەنیا دووپشک و مارەکان
دەیانویست پێتەوە بدەن،
ئێستا هەم گوڵ و هەم خونچە…

خوێندکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و مەریوان؛
ڕۆژی ۱۹ی گوڵان، شەشەمین ساڵیادی شەهیدکردنی مامۆستای نەمری کورد: “فەرزاد کەمانگەر”ە کە لەگەڵ چوار بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی: (شیرین عەلەم هوویی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەرییان و مێهدی ئیسلامییان)، لە بەندیخانەی “ئێوین”ی تاران، لە سێدارە دران.

ڕۆژی ۱۹ی گوڵان، لە حاڵێکدا کە ڕۆژی ڕەشپۆش بوونی هەموو کوردستانە، لە مەریوان و لە تالاری کانی، کۆنسێرتێک بۆ گۆرانیبێژی کورد: “کەماڵ گوڵچین”، ڕێکخراوە و ئەمە سووکایەتییەکی گەورەیە بە ڕێبازی ئەو شەهیدە پلەبەرزانەی کە لە ڕێگەی گەل و کوردستان لە سێدارە دران. بۆچی دەبێ لە ڕۆژێکی وەهادا، کە ڕۆژی ماتەمێنیی کوردانە، بەرنامەیەکی وەها بۆ شایی و هەڵپەڕین بەڕێوەبچێت؟

ئێمە وەکوو خوێندکارانی زانکۆ “پەیام نوور”ی مەریوان، ڕۆژی ۱۹ی گوڵان، کە ڕۆژی لە سێدارەدانی مرۆڤایەتییە، بە ڕۆژی ماتەمێنیی هەموو کوردستان دەزانین و وەکوو ڕۆژی “مامۆستای کورد” دەناسین و داوا لە خەڵکی بەڕێزی مەریوان دەکەین کە لەو ڕۆژەدا بەشداری لە کۆنسێرتی “کەماڵ گوڵچین” نەکەن و ئەم کردەوەیەی دەسەڵاتە شەرمەزار بکەن، کە دەیانەوێت بیری خەڵک بەرەو شوێنگەلێک ڕابکیشن، کە لە ڕۆژانی شەهیدانی خۆیاندا، شایی و هەڵپەڕکێ بکەن.

هەروەها ئێمە خوێندکارانی زانکۆی پەیامنووری مەریوان، لە ڕۆژی ۱۹ی گوڵاندا، بە بەشداری نەکردن لە پۆلەکانی زانکۆدا، مانگرتنێکی گشتی ڕادەگەیەنین و بەم مانگرتنە پیشان دەدەین کە ڕێبازی “کەمانگەر”ەکان بەردەوامە. ئێمە سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین بۆ یادی هەموو ئیعدامکراوانی سیاسیی کورد.

لە کۆتاییدا دەڵێین: (( سێدارە، سووکایەتییە بە مرۆڤایەتی. سێدارە دەنگ ناخنکێنێت. فەرزاد کەمانگەر لە سێدارە درا، بەڵام هەزاران فەرزادی تر سەری هەڵهێنا… ))

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.