چارەنووسی بەندییەکی مەزهەبی دوای لێدانی جەڵتەی دڵ و ڕاگواستنی، ناڕوونە

0
667

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، کاوە شەریفی زیندانیی مەزهەبیی سوننە کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە دوای ئەوەی تووشی جەڵدەی دڵ بووە، بێ سەروشوێنە.

کاوە شەریفی کە لە زیندانی گەوهەرردەشت (ڕەجایی شار)ـی کەرەج دەستبەسەرە، تووشی جەڵدەی دڵ ىووە و بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ڕاگوازراوە بەڵام ماوەی یەک حەوتوویە بێ سەروشوێنە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بەندییە مەزهەبییە ڕایگەیاندووە: “کاتژمێر ٣ی شەو، کاوە تووشی جەڵدەی دڵ بووە و براوەتە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بەڵام تا ئێستاش بێ سەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆخی ناوبراو لەبەردەست دا نیە و نەگەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە”.

کاوە شەریفی بە تاوانی “محاربە” واتا شەڕ لە هەمبەر خودا، لە لقی ٢٨ی بێدادگای ڕژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی مەقیسە، بە سێدارە مەحکووم کراوە  و ئەو سزایەش لە لایەن لقی ٣٢ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کراوە و چەسپاوە.

هەر لە حەوتووی ڕابردوودا، شه‌وی‌ سێشەممە لەسەر چوار شەممە ٦ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی، سلێمان پیرۆتی‌ له‌ ساڵۆنی‌ ٢١  به‌ندیخانه‌ی‌ ڕه‌جایی شاری‌ كه‌ره‌ج تووشی جەڵدەی دڵ بووە و پاش ماوەیەک‌ بەرپرسانی زیندان ناوبراویان بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ زیندان ڕاگواستووە و هەر هەمان شەویش هێناویانەتەوە بەندی گشتیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

 دوابەدوای ڕاگواستنی سلێمان پیرۆتی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد، هەواڵی مەرگی ناوبراویان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو ئەوە لە حاڵێکدایە کە ماوەیەک دوای ڕاگواستن بۆ نەخۆشخانە، سلێمان گەڕێندراوەتەوە نەخۆشخانە و هەواڵی مەرگی ئەو زیندانیە سیاسیە مەزهەبیەی کورد بە مەبەستی ئازاردانی بنەماڵەکەی بووە.

دەگوترێ بە هۆی هەواڵی چەواشەکارانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد لەمەڕ مەرگی ئەو زیندانیە مەزهەبیەی کورد، خێزان و دایکی سلێمان پیرۆتی تووشی نەخۆشی دەماری و دابەزینی زەختی خوێن بوون و لە ناوەندێکی دەرمانی خەوێندراون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت