کانیماڵ باشتر بناسین

0
94

ئەکادیمیای کوردی رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ کەلیموڵا تەوەحودی رێکخستووە و رۆژی دووشەممه 2ی بانەمەڕ سەعات ١١ی بەیانی لەناو هۆڵی سەعد عەبدوڵا هەوڵ و ماندبوبوونەکانی ئەو مەزنە پیاوە خەڵات دەکەن.

گەڕان و دۆزینەوەی کەسانی خەمخۆر و رژد لە بنکۆڵکردنی شوناسی کورد لە دوورترین ناوچەی کوردستانی کە رەنگە زیاتر لە نیوەی کورد ئاگای لە کوردستانیبوون و کوردبوونیان نەمابێت، پێشانمان دەدات هەمیشە کەسانێک هەن و دەبن مرخی ماندوبوون و تێکۆشانی ئەو کەسانە بزانن کە تەمەنیان خستۆتە خزمەتی نەتەوەکەیان، بەڵام کانیماڵ کێیە و چی کردووە وا ئەکادیمیا بە شانازییەوە خۆی پێ هەڵدەداتەوە و رێزی دەگرێ؟

کەلیموڵا تەوەحودی ناسراو بە کانیماڵ، ساڵی 1320ی هەتاوی 1941ی زاینی لە ئوغازی شێروانە لە خوراسان لەدایکبووە.

لەدوای کۆچی بەناچاری کوردان بەرەو خوراسان، وردە وردە ئەو مێژوو و هونەر و شوناسەی لەگەڵ خۆیان بەرەو ئەو غوڕبەتە زۆرەملێیە بردبوویان بەرەو نەمان و توانەوە لەناو ئەویتردا دەچوو، کەس ئاگای لە کوردبوونی ئەو برا غەریبانەی نەمابوو و زۆریان ساڵیانێک بوو بە گۆڕغەریبی سەریان دەنایەوە.

کانیماڵ وەک خۆی باسی لێوە دەکات، لە مێردمنداڵییەوە و لەوسەردەمی شوانێتی لە چیاکانی دەورووبەری ئوغازی دەکرد و دەیڕوانییە حاڵی کەسوکاری، شوناسی خۆی بۆ ببوو بە پرسیار، ئاخۆ بۆچی دەبێ ئێمە بەوان زمانان نەدوێین کە هەمووان پێ دەدوێن؟ داخوم گۆرانی و مۆسیقامان ئەوهەمۆ جیاوازییەی بۆ لەگەڵ دەورووبەرمان هەیە؟ بۆچی هیچ خزمەتێک بەو مۆسیقا دەوڵەمەند و جۆراوجۆرەمان ناکرێت، بەڵام مۆسیقای زۆر رەبەن و هەتیمچە دەستەقەدری لێ دەنرێ و بەولاو بەولایاندا بڵاوی دەکەنەوە؟

کەڵکەڵەی “کینە ئەم” دەچێتە کەللەی کانیماڵەوە و دەستدەکا بە بنکۆڵی زمان و شوناس و فەرهەنگ و ئەدەب و لەهەمووی گرنگتر مۆسیقاکەی، ئیتر لەوکاتەوە کوردبوون دەبێتە ناوکی هەموو ئەو جووڵە و بنکۆڵانەی بەدوایاندا شەونخوونی دەکێشێت و بنەچەی خۆی هەڵدەتەکێنێ و لە هەشت بەرگی قەبەدا شاکاری “کۆچی مێژوویی کوردان بۆ خوراسان” دەنووسێتەوە، لەو کتێبەدا بیر هەموومانی دەخاتەوە بەشێک لە جەستەمان لە خوراسان ئێستاش هەر گڕی کوردبوون لەسەرپێ هێشتوویەتەوە و هەروەک رۆژی یەکەمی کۆچەکە هەموو تایبەتمەندییەکانی بە مۆسیقا و زمان و کولتوورەوە پاراستووە.

کانیماڵ جودا لە بنکۆڵکردنی مێژووی کوردانی کرمانج هەوڵەکانی بۆ پاراستن و بە دیکۆمێنتکردنی مۆسیقای کوردانی خوراسان چڕ دەکاتەوە و لەو پێوەندییەدا کۆمەڵێک ئاواز و مۆسیقا و لاوکی کرمانجی بە شوناسی کوردبوونیانەوە بە کۆمەڵگەی ئێرانی و دواتر جیهان دەناسێنێت و شانازی کوردبوون بۆ مۆسیقار و دەنگبێژانی ئەو ناوچەیە دەگەرێنێتەوە کە زۆربەیان تا ئەوسەردەم نغرۆی خۆ بەکەمبینییان توانەوە لە کولتووری ئەویتر نەیهێڵابوو بە شوناسی کوردبوونیانەوە دەنگ بۆ ئاواز و مۆسیقای خۆیان بەرز بکەنەوە و بە هەوڵ و ماندوبوونەکانی، ئەو مۆسیقا رەسەن و یەکجار بەهێزەی کوردی لە بێ ناسنامەیی و فەوتان رزگار کرا، هەڵبەت بۆ ئەمەیان کانیماڵ بەتەنیا نەبوو.

کاتێک مەحموود دەوڵەت ئابادی فارس رۆمانی کلیدەر دەنووسێتەوە، هاوارێک لە خوراسانەوە هەڵدەستێ و بانگەشە بۆ ئەوە دەکات، فەزا و کاراکتەری ئەو رۆمانە کوردستان و منی کوردە و مەینەتی و ئازارەکانی ئێمە هەوێنی ئەو شاکارە ئەدەبییەیە، بۆیە کتێبی “کلیدەر لە گێڕانەوەی بەڵگە مێژووییەکان” وەک بەدیکۆمێنت کردنێک بۆ ئازارەکانی کوردبوون لە خوراسان دەنووسێت و کەس نییە بە نووسەری رۆمانەکەشەوە حاشا لە بەڵگەنەویستی ئەو کتێبەی بکات.

کانیماڵ لە کوردبووندا ئافەرەم و بارەکەڵای پێ نەبڕا، لەبەر ئەوەی نە کەس بیری کوردبوونی کوردانی خوراسانی مابوو و نە سەلماندن و زیندووکردنەوەی ئەو راستییە هێندە ئاسان بوو، ئەوەی کانیماڵەکان کردیان بەبەرداکردنەوەی رۆحێکی تازە بوو بە جەستەیەکی ماندوو و شەکەتی غەریبیی.

کانیماڵ بەدەر لە لێکۆڵەری مێژوویی و جیا لە نووسەربوونی مۆسیقار و دەنگبێژێکی بەتوانای کوردە کە زۆربەی ئاواز و لاوکەکانی لە سنگیدا ئەرشیڤ کردبوو و گەیاندییە سەردەمی دیجیتاڵ و زۆربەیانی گەیاندە تۆمارکردن، شار بەشار و گوند بە گوندی ئەو غەریبستانە دەڕۆی و لەهەرشوێنێک ناو و ناوبانگی کوردێکی هونەرمەند و لەباراندابووی بیستبا خۆی پێ دەگەیاند و دڵگەرمی کوردبوونی دەکردەوە و بەرگی شانازیکردن بە شوناسەکەی بەبەردا توندوتۆڵتر دەکرد، لە هەر شوێنێکدا مێردمنداڵێکی بینیبا و کچە نەوجەوانێکی زانیبا دەنگ و بەهرەیەکی هەیە دنەی دەدان و بانهگێشتی بەحری بێ بنی مۆسیقای نەتەوەکەی دەکردن.

لەو پێناوەدا کتێبێکی بەناوی “گۆرانییە کرمانجییەکان” نووسییەوە و چیتر نەیهێشت ئەو بەرخە هەتا سەر لەبن سەوەتەدا بمێنێتەوە و دەنگی شانازیکردن بە مۆسیقا و گۆرانی کوردانی خوراسانی هەتا ئەو شوێنەی بر دەکات، هەڵبڕی.

کە سەیری ئەو ناونیشانە دەکەی لەو کتێبە نراوە “داری چل دەستان” ئەگەر بە هەر زمانێک  وەریگێڕن، یەکسەر دەیناسییەوە کە ئەو ناونیشانە کوردییە، کانیماڵ خاوەنی 15 ناونیشان کتێبە لەبارەی مێژوو و فەرهەنگ و ئەدەب و مۆسیقای کورد و بەشێک لە ناونیشانەکانی: “کلیدەر لە گێڕانەوەی بەڵگەمێژووییەکان” و “کۆچی مێژوویی کورد بۆ خوراسان” و “گۆرانییە کرمانجییەکان” و “داری چل دەستان” و “نادر ساحێبقڕان” و “جەحفەرقوڵی زەنگوڵی، مەلیکوشوعەرای کرمانج” و “فەڕشی کوردی خوراسان”ن.

زیاد لە شەش دەیە خزمەت و هەوڵدان بۆ راگرتنی ناسنامەی نەتەوەکەی بەسە بۆ ئەوەی بڵێین ئەکادیمیای کوردی شانازییەکی گەورەی پێ بڕاوە توانیویەتی رێز لەو مەزنە پیاوە بنێت.

جان ـ وشه

Comments

comments

وەڵام بدەنەوە

پەیامەکەتان بنووسن
ناوی خۆتان لێرە تۆمار بکەن