خۆڵ بارین و بێ مشووریی بەرپرسان هاونیشتمانیەکی پاوەیی هێنایە دەنگ

0
740

ڕۆژی کورد: لە ماوەی وەرزی بەهاری ڕابردوودا  چەندین جار شەپۆلی بەرینی خۆڵبارین کەشو هەوای شارەکانی سنە،سەقز، کرماشان،کامیاران و پاوەی داگرتوەو دۆخی ژینگە وژیانی ئەو شارانە ڕووبەرووی مەترسی کردووە،

شایانی باسە ئەم شەپۆلە هەر چوارپارێزگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتا ئیلام و ورمێ و کرماشان و سنەی گرتۆتەوە و تا ئێستا هەم لە ڕووی ژینگەیی و هەمیش لە ڕووی ژیانی ئاسایی هاونیشتمانیان زیانی زۆری لێکەوتۆتەوە بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئێران لە هیچ ڕوویەکەوە هیچ بیرێکیان بۆ ئەو کێشە ئاڵۆزە نەکردۆتەوە تەنیا ئەوە نەبێ هەندێک بابەتی ئینستاگرامی بڵاو بکەنەوە و باس لەوە بکەن کە ئەو شەپۆلە خۆڵبارینانە لە عێراقەوە دێت.

مشوور لێ نەخواردن و نەبوونی قەرەبوو و هەروەها دابین نەکردنی کەرستە و پێویستیی تایبەت بۆ هاووڵاتیان وایکردووە هاووڵاتیەکی پاوەیی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر بێ مشووریی بەرپرسان بە شێوەیەکی هونەری و وەک ناڕەزایەتییەکی مەدەنی هەڵوێست بگرێت.

گەنجێکی هاونیشتمانی خەڵکی شاری پاوەی کوردستانی خۆرهەڵات لە هەڵوێستێکدا ماسکی دژە پیسیی هەوای لە سەر دەمی پەیکەرەکەی میرزا عەبدوولقادری پاوەیی دانا.

شایانی ئاماژەیە تا ئێستا چەندین جار بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەبار، هونەرمەندان و هاووڵاتیانی  کورد کەڵکیان لە کارە هونەرییەکان وەرگرتووە.

مانگی ئاوریلی ٢٠١٦،  پەیکەرتاشی ناسراوی مەریوانی، بەشیر ناسری، لە لاپەڕەی فەیسبووکیی خۆیدا هەواڵی ناشتنی پەیکەرێکی دەستکردی خۆی “پەیکەری مامۆستا قانع”ی  وەک ناڕەزایەتییەک بە گوێ پێنەدانی بەرپرسانی شاری مەریوان بە هونەر و بەرهەمی هوونەرمەندانی ڕەسەنی مەریوان، ناشت و لە دوای ناشتنی پەیکەرەکە، نەمامێکی لە شوێن پەیکەرەکە ناشتووە و بەم شێوەیە ئەو پەیکەرەی پێشکەش بە خاکی مەریوان کردووە.

هەروەها هونەرمەندی ماکێت سازی بۆکانی، کەماڵ عەزیزی، پێشتر ماکێتی “تەختی سلێمان”ـی خۆی لە پێش چاوی خەڵک سووتاند، عەزیزی لەو بارەوە پێشتر بۆ ڕۆژی کورد گوتبووی: “ماکێتی تەختی سوولەیمانی تیکاب کە یەلەمین بەرهەمی گەورەی هونەریم بوو، سووتاندم. ئەو ماکێتە یەکێک لە خۆشەویستترین کارەکانم بوو هەر بۆیەش ئەوم هەڵبژاد تا پەیامی ناڕەزایەتی خۆم بە بەرپرسانی بۆکان و پارێزگای ورمێ بگەیێنم تا لەوە زیاتر بێڕێزی بە هونەر نەکەن، هەڕەشە لێ کردن و ترساندنی هونەرمەند یەکێک لە بەرنامەکانی بەرپرسانی ئێرانە بە گشتی، چوونکە هونەرمەند دەنگهەڵبڕە و خەریکە بە چەکەکەی کە قەڵەمە قسەی کۆمەڵگایەک دەکات، من لەگەڵ هونەر تێکەڵ بووم و وەک پەیوەندێکی بەهێز ئەو پەیوەندییە دەبینم کە ماکێت سازی ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە هونەر، ماکێتی تەختی سوولەیمان بۆمن وەک منداڵێک بوو و دوو پەیامی گەیاند: پەیامی درووست بوونی و پەیامی سووتاندنی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت