خوێندکارێکی گەنجی مهابادی زیاتر لە ٦ مانگە بێسەروشوێنە

0
839

ڕۆژی کورد: سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لە پەیوەندییەک لەگەڵ ڕۆژی کورددا ڕایگەیاند: “هاووڵاتییەکی شاری مهاباد زیاتر لە شەش مانگە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندراوە و بێ سەرو شوێنە و چارەنووسی نادیارە”.

بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاویە و هەروەها لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەشی هەواڵی ناوەندی ڕۆژ لە شاری مهاباد، ئاکۆ ڕەشیدزادە کوڕی مستەفا، لەدایک بووی ١٣٦٩ی هەتاوی و خوێندکاری زانکۆ لە قۆناغی “کارزانی واتا دیپلۆمی باڵا”، لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەممەی ڕابردووە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مهاباد ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێ سەروشوێنە.

ئاکۆ لە لایەن یەکێک لە مۆرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مهاباد بە ناوی “ئەمیری”یەوە ڕفێندراوە.

تا ئێستا باوکی ئاکۆ چەندین جار سەردانی بنکە ئەمنیەتییەکانی مهاباد و ورمێ ـی کردووە بەڵام بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن هیچ ئاگاداری و زانیارییەکیان لەمەڕ گیران و دەست بەسەر کردنی ئاکۆ  نیە.

بنەماڵەی ڕەشیدزادە بە هۆی ڕفێندران و بێ سەروشوێنیی کوڕەکەیان لە باروودخێکی ڕووحیی نالەباردان و تا ئێستاش هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ دۆخی جەستەیی و دەروونی و مان و نەمانی کوڕەکەیان لەبەر دەستدا نیە.

ڕفاندن و بێ سەروشوێن کردنی چالاکانی براوی جۆراوجۆر لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕووداوێکی نوێ نیە و تا ئێستا چەندین جار و لە چەند شاری جیاواز چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە لایەن ڕژیمەوە بێ سەروشوێن کراون و زۆربەیان دوای ساڵێک شوێن و دۆخیان ئاشکرا کراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت