ٌڕوانگەی ڕۆژی کورد
کورد نەتەوەیەکی نزیک بە ٤٥ ملیۆن کەسییە. گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات لە سەر هەموو زەوی کە لە خۆرهەڵاتی ناڤین ـدا دەژین. خەباتی کوردەکان دووروودرێژە و ئاست و قۆناغی جیاوازی تێپەڕاندووە بەڵام لە هەر چوار پارچەی، یەک تایبەتمەندیی هاوبەشی هەبووە کە بریتییە لە “بەردەوام بوون”. تەمەنی خەباتی هاوچەرخی کوردیش کە مەبەست لێی ئەو خەباتەیە کە نەتەوەیی بوو و بە مەبەستی دامەزراندنی وڵات و دەوڵەت هاتووەتە ئاراوە، لە تەمەنی هەر چوار وڵاتی داگیرکاری ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق درێژترە بەڵام ئەوان ئێستا خاوەن وڵاتن و کورد هەر خەریکی خەباتە و تا ئێستاش نەگەیشتووە بە مرازی خۆی.
گەلۆ، نەتەوەیەکی وەک کورد کە خۆی بە شەڕکەر، قارەمان، نەترس، زانا، بلیمەت و تێگەیشتوو و خاوەن مێژوو و کەلتوور و خاکێکی دەوڵەمەند، پێناسە دەکات، چما نەگەیشتووە بە مرازی نەتەوەیی خۆی و هەروا بندەست و پاڵپەستە ماوەتەوە؟ ئایا هۆکارەکانی ئەو پێنەگەیشتنەی کورد، هەموویان دەرەکین؟ زل هێزیی داگیرکارانە؟ ژیربوونی داگیرکارانە؟ هاوکاریی زلهێزانی جیهان لەگەڵ داگیرکارانی کوردستانە؟ یانیش هۆکاری ناوخۆییشی هەیە؟
بەشێک لە پسپۆڕانی کوردناس و شارەزایانی سیاسەت، لایان وایە، لەگەڵ ئەوەیدا کە هۆکارە دەرەکییەکان، هۆکارێکی مەزن و کاریگەرن بۆ پێنەگەیشتنی کورد، بەڵام سەرەکیترین هۆکارەکان، هۆکاری ناوخۆیین کە پەیوەستە بە بواری سایکۆلۆژی (دەروونناس)ـی کوردەوە کە بەرهەمی کاریگەریی پەروەردەی داگیرکەر، نەخوێندەواریی بەشێک لە ڕێبەرانی کود، ڕوون نەبوونی دروشم و ستراتژیی حیزبەکان، سازنەبوونی ئەقڵییەتی نەتەوەیی لە ناو کورد و دەیان بابەتی ترە.
لێرەدا خەسارناسییەک لە کورد لە ڕوانگەی شاعیرانی ئەو گەلەوە دەدەینەوە. دەشزانین کە بەشێک لە خوێنەران، بە دەمارگرژییەوە هەڵدەکوتنە سەر ئەو بابەتە بەڵام “حەق ڕەقە” و کوردیش دەبی فێر بێت، قسەی حەق بژنەوێت و بەخۆیدا بچتەوە. درێژەدان بەو دۆخە تەنیا قازانجی دوژمنان و تێداچوونی خۆمانی تێدا بەستەیە.
سەیدا ئەحمەدێ خانی (١٦٥١-١٧٠٧) شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری کورد، ٣٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، خەسارناسییەکی شیاوی لە کورد و کێشەی سەرەکیی کورد کە “یەکنەگرتن”، “بەدژی یەک وەستانەوە” و “بوون بە دەست و پێوەندی دوژمن”ـە، کردووە و دەفەرموێ:
گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
ھەمیا ژ مەرا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت
واتا: ئەگەر ئێمە (نەتەوەی کورد)، یەکگرتووییەکمان هەبوایە و پێکەوە کۆک بواینایە و خەباتمان کردبا، ئەوا ڕۆم و عەرەب، بە گشتی دەبوون بە خوڵام و نۆکەری کورد (نەک وەک ئەوەی ئێستا سەرۆک و سەروەری کوردن)، ئەوا ئەو کات ئێمە دین و دەوڵەتمان تەواو دەبوو و زانست و زاناییمان شیکاری دەکرد (دەبووین بە بەشێکی سەرەکی لە زانستی جیهان)
فایق بێکەس، یەکێک لە شاعیرە ناودارەکانی کورد وەها دەفەرموێ:
کورد ئەبەد ناگا بە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن، پیسن لەناو یەک، بۆیە وا بێ لانەیە
میلەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەوڵ ئەدەن
داخەکەم ورد و درشتی شێت و شەیدای عانەیە
مامۆستا هێمن موکریانی، شاعیرێکی ناسک خەیاڵ کە هەرچەند بەشێک لە شارەزایان بە کەسێکی سیاسی نازانن، بەڵام بەشی هەرەزۆری تەمەنی لە خەباتدا تێپەڕاند، وەها دەفەرموێ:
لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی چەرخی بیستەمدا
سەرم سووڕ ما کە ئەسپێ شۆڕەسواری کوردی بۆ وەستان
وڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جیهاندیدە
خەتای سوارن نەبوو پێسوارەکانمان قورس و ناوەستان
مامۆسستا قانع، شاعیری چەوساوەکانی کوردستانیش باس لە فرۆشتنی نیشتمان دەکا و دەفەرموێ:
ئەی وەتەن وەڵڵا وە بیللا غوولی کێویی تۆی فرۆشت
هەرزەیی و ئەخلاقی پەستی جن و دێوی تۆی فرۆشت
بێ سەر و بێ خاوەن و بێ ماڵ و خێویی تۆی فرۆشت
ئەی وەتەن داخی گرانم ئەو کەسەی تۆی دا به شوو
دیققەتی ڕیشی ئەدەی، عەینەن له جادووگەر ئەکا
حاجی قادر کۆیی، دەفەرمووێت:
تاڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد
هەروەها دەبنە خەرابە ئاباد
سەیدا جگەرخوین، شاعیری ناوازەی کورد دەفەرموێ:
دوو دەردێ مە هەبوون، دژوار و غەدار
خزانی یەک، ئەوێ دی هەر نەزانی
وەکی شێر و پلنگان ئەم دچووین هەڤ
پەنەد رۆڤی ژ مەیدانێ هلانی
مە ئەو رۆژێ جوانی تەڤ ب دەردان
ب زیراڤی، بەلەنگازی ئو شڤوانی
هەرە بووکێ، پەپووکێ جارێ مەستە
ل سەر سینگا تە زاڤا مان بیانی
ئەنجام:
لە ڕاستیدا ئەگەر، خەسارناسییەک لە سەرنەکەوتوویی کورد بکەین، دەبێ یەکەم هۆکار، یەکنەگرتوویی، خۆخۆری و بە دژی یەک وەستانەوە و ناپاک بوونی کورد لەتەک یەکتری، وەک فاکتەری سەرەکی دابنێین، ئەگینا نە دوژمنان و داگیرکارانمان هێندە زانان و نە هێدەش بەهێز. ئێمە هێزمان داوە بە ئەوان و بووینە ڕێگاخۆشکەر و ڕێنوێنیان.
ئەو خەسارە کە باس کرا، تەنیا بە واتای هەبوونی جاش لە ناو کورددا نیە، ئەو یەکنەگرتوویی و بە دژی یەکتری وەستانەوە و یەکتری شکاندن و ڕەتاندنە، لە ناو هەموو کورد لە هەر چوار پارچەدا، بناژۆی داکوتاوە و بووە بە بەشێک لە دەروونناسیی تاکی کرد و پێدەچێ وسا بە ساناییش، دەست لە بەرۆکی کورد و ئەقڵییەتی داندراو لە سەر بنەمای پەروەردەی داگیرکارانی کوردستان، بەرنەدات.
لە ڕابردوودا:
– خیانەتی مەلای خەتێ
-دەست تێدابوونی تاکی کورد لە کیمیابارانی هەڵەبجە
– واژۆکۆکدنەوەی ئاغاکانی مهاباد بۆ لەسێدارەدانی پێشەوا
– رادەست کردنەوەی پێشمەرگەی پارچەیەک لەلایەن حیزبەکانی پارچەیەکی ترەوە
– ئەنفال کرانی کوردانی ئێزیدی بە دەست کورد و بە ئەمری عوسمانییەکان
و ….تاد
لە ئێستادا:
– بە ناو نوێنەر و وەزیرانی کورد لە دیمەشق، تاران و بەغدا و مامەڵ و بازرگانیان بە ناوی کوردەوە.
– ئیسلاح تەڵەبانی کورد و تەراتێنیان بە ناوی کوردایەتییەوە و هەوڵدانیان بۆ خەساندنی خەباتی کورد کە تەنانەت ڕیشەی لەناو حیزبەکانیش داکوتاوە.
– هاتنە ئارای لیستەیەک بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ سەربەخۆیی کورد کە خۆی پێویست بە نووسینی سەدان بابەت و وتارە و کەسی ئەوتۆیان لە ناو دایە کە هەر بە گوڕەگوڕی دەنگی، بوو بە هۆکاری هاتنە جۆشی خوێنی سەدان ڕۆڵەی کورد و شەهیدبوونیان.
– یەکنەگرتوویی حیزبەکان
– جاشەکان و پێشەنگییان بۆ کوردکوژی
و …تاد
پێویستە بەر لە هەر هەوڵێک، بیرێک لە پێداچوونەوە و بنیات نانی ئەقڵیەت و ساکۆلۆژیای تاکی کورد، بکەینەوە. کورد دەبێ وەها پەروەردە بێت کە لە هەر شوێنێکی جیهان، تەنیا خۆی بە کورد پێناسە بکات و لە هەر دۆخێکدا، بە سەرکەوتنی کوردێکی تر خۆشحاڵ بێ و هەوڵیشی بۆ بدات و هەوڵ بدات بەشێک لە کات و ژیانی خۆی، لە دونیای واقعی نەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ کورد تەرخان بکات.