خەباتی ئێستای ڕۆژهەڵات و تێڕوانینێک

0
1802
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسەر: هەڵمەت مەعرووفی

ئەگەر بمهەوێ بێ سێ و دوو و پێشەکی بچمە سەر باسی سەرەکیی ئەو بابەتە، ئەوا دەبێ بڵێم هێزە کوردییەکانی کوردستانی خۆرهەڵات بە گشتیی دوو دەستەن، دەستەیەکی سیاسی-نیزامی و دەستەیەکیش سیاسیی ڕووت. پۆلی دووهەم، چەند حیزب و ڕێکخراوێک لە خۆ دەگرێ کە ئەم حیزب و ڕێکخراوانە بە گشتی ئەندامیان کەمە و لە زۆربەی کاتەکاندا ئەندامەکانیان هەمان بەڕێوەبەرانیانن. لەگەڵ ئەوەیدا کە نکوڵی لێناکرێ هەندێکیان کەسانی نیشتمانپەروەر و کوردی بێ غەل و غەشیان ئەندامە بەڵام لە ڕاستیدا لە ئەرزی واقع و گۆڕەپانی ناوخۆدا بوونیان نیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر ناچالاک بوون وناکارامەیی ئەو شێوە خەباتە لە هەمبەر ئەو ڕژیمەی کە وا لە ئێران چەقی بەستووە.

حیزبی سیاسی لە وڵاتانێکدا دەتوانێ دەور بگێڕێ کە دیموکراتیک بن و لەوێشدایە کە حیزبی سیاسی-نیزامی ناتوانێ نەک لێهاتوو بێ بەڵکوو بە دڵنیاییەوە گێرەشێوێن دەبێ و خەڵکیش بە دژی دەوەستنەوە و مەحکوومە بە لەناوچوونە هەروەک لە سیستەمی دیکتاتۆریدا حیزبی ڕووت سیاسی، ئەگەر مەحکومیش نەبێ بە لە ناوچوون، مەحکووم بە چەق بەستوویی یان لە ناو خۆدا مانەوەیە.

کەرەستەکانی هێز یان حیزب و ڕێکخراوێکی ڕووت سیاسی لە هەمبەر ڕژیمێکی دیکتاتۆردا چیە؟ بە کام میکانیزم دەتوانێ بەربەرەکانی و خەبات بکات؟ بە کام شێواز دەتوانێ هیوا لە ناو دڵی خەڵکدا بڕوێنێ و ڕابگرێ؟ ئەگەر میکانیزم دەنگ دانە، ئەوا دەنگ دان لە شێوە دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا هیچ جێگەیەکی نیە، لە ڕاستیدا هەر کات دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، ئیزنی ئەنجامدانی دەنگدانی دا ئەوا تەنیا یەک شانۆیە کە لە هەمبەر دونیای پێچەوانەی خۆی واتا دونیای ئازاددا و بۆ نیشاندانی ڕەوایی خۆی بەکاری دەهێنێ، ئەگینا لە ناو سیستەمی دیکتاتۆردا دەنگدان، چ بەر لە دەنگدان، چ لە کاتی دەنگدان و چ لە دوای دەنگدان و چ تەنانەت دواتری ڕەوتی دەنگدانیش دەتوانێ دەستکاری بکرێت، واتا ئەگەر دەنگدان لە سیستەمی دیموکراتدا ڕێگایە، لە سیستەمی دیکتاتۆریدا شانۆیە. لێرەدا بەر لە دەنگدان کەسەکان بە حەز و پیوەری سیستەمی دیکتاتۆر دەپاڵێورێن، لە کاتی دەنگدان، دەنگ زیاد و کەم دەکرێ و لە دوای دەنگدانیشدا لە سایەی هەبوونی ئەو بنکانەی کە خۆیان بە نوێنەری سێبەری خوا لەسەر زەوی دەزانن، ئەنجامی دەنگەکان دەتواندرێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ، وەک ئەو نوێنەرەی ئیسفەهان کە دوای دەرچوونیش متمانەی لێ ئەستێندراوە یان تەنانەت دوای یەک دوو ساڵ لە نوێنەرایەتیش دەکرێ و دەتواندرێ نوێنەری دەنگەکانی خەڵک وەدەربندرێ.

کەوابوو بەو پێیە هێزێکی تەواو سیاسیی ڕووت ئەویش لە کاتێکدا کە لە دەرەوەی وڵاتە هەر بە هیچ شێوەیەک ناکرێ و نابێ خەڵک پشتیان پێببەستن و لە ئەنجامدا زیاتر وەک هەواڵنێر و چالاکی مافی مرۆڤ یان وەک کەسی دڵسۆز کە جارجار ڕێنماییەک بە حیزبەکانی دیکە دەدەن و داوای ئاشتەوایی دەکەن، دەمێننەوە.

دەستەی دووهەمی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی خۆرهەڵات، حیزبە سیاسی-نیزامییەکانن. لێرەشدا دوو دەستە و پۆلمان هەن کە دەکرێ دابەش بن بە هێزە سەرەکییەکان و هێزە لاوەکییەکان. هێزە سەرەکییەکان بریتین لە دێموکرات و کۆمەڵە (مەبەست دوو باڵی نەتەوەیی کۆمەڵەیە نەک ئەوانە بە جلی کوردی و زمانی فارسی و بە دژایەتی و سووکایەتی کردن بە هێما نەتەوەییەکان داوای ئازادکردنی کرێکارانی ئەفریقا دەکەن)، کە ئەوانیش خۆیان هەر کامیان شەق بوونێکیان تێکەوتووە و لە ئێستادا هێزیان دابەش بووە (دەکرێ ئەو دابەش بوونە نیوە نیوەش نەبێ بەڵام هەر دابەش بوونە).دەستەی لاوەکی، چەند حیزبێکن کە لەگەڵ ئەوەیدا کە هەر لە سەرەتاوە و بە هۆی سەرەکی بوونی دێموکرات و کۆمەڵە، بوون بە هێزی لاوەکی و هێزێکی ئەوتۆی جەماوەرییان نەبووە و نیە، لە هەمان کاتدا خۆشیان تووشی ئینشعاب و دابەش و شەق بوون بوون. بابەتێک کە هەموو حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات تێیدا هاوبەشن، لەتبوون و دابڕان و لادانە.

ئەوەی کە وا بوونی ئەو حیزبە سیاسی-نیزامییانە بەپێویستتر دەکات، هەمان هۆکارە کە بوونی حیزبە ڕووت سیاسییەکان، لانیکەم لە ئێستادا ناکا بە پێویستییەک بۆ کوردی خۆرهەڵات کە بریتییە لە شێوەی دەسەڵاتداریی ڕژیمی زاڵ بەسەر ئێراندا، ئەو ڕژیمەی کە ئەگەر چەمکێکی دێموکراسیش لە ناوخۆیدا پەیڕەو دەکا، یەکەم: ڕواڵەتییە و دووهەم: بە ویستی خۆی و بە پێی بەرژەوەندیی خۆی لە ناوەو و دەرەوە بەکاری دەهێنێت. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە دژبەری ڕژیمی دیکتاتۆریی ئێران، هیچ بژاردەیەکی دیکەی جیا لە پەنابردن بۆ شەڕ لەبەر دەستدا نیە و تەنیا کاتێک هەست بە بوونیان دەکرێ کە چەکەکانیان لەسەر پێ بن، تەنانەت ئەگەر وەک ئێستاکەش چەکەکان زۆر بێ هێزتر لە ڕژیم بن، بەڵام لێرەدا دوو ڕێگا هەیە، یان دەست شۆردن لە خەبات و چاوەڕوانی درێژبوونی تەمەنی سەرەڕۆیی و لەسێدارە دانی گەنجەکان و مادەی هۆشبەر و کوشتاری کۆڵبەر و ڕفاندنی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان بە ئاو و نەوت و ژینگەوە، یان ئەوەتا دەبێ بۆ ڕاکێشانی سرنجی جیهان و بۆ کەم کردنەوەی هێزی دەوڵەتی ئێران لە هاوکێشەکانی جیهان و ناوچە و بۆ پێشگرتن بە غارغارێنی دۆلارە نەوتییەکان کە هۆکارێکی بەرزن بۆ مانەوەی ڕژیم و درێژبوونەوەی تەمەنی خۆی و دەست و پێوەندە تیرۆریستییەکانی لە ناوچە و هەروەها بۆ نیشاندانی مەیل بە گۆڕانی ڕژیم لە ناوخۆ بە جیهان، پەنا بۆ چەک بەری.

بەڵام ئەوەی کە لێرەدا پێویست بە ئاماژەیە جیا لەوەی کە مخابن هێزە کوردییەکانی کوردستانی خۆرهەڵات زۆرینەیان بوونە پاشکۆ و خۆیان وەک جاران مەکۆ نەماون و ئەوەش وایکردووە بۆ دەست بردن بۆ ناو ئاویش دەبێ چاوەڕوانی ئیزنی ئەم و ئەو بن یان ئەوەتا لە ژێر گوشار یان کاریگەریی لایەنە باووری و باکوورییەکان (تەمبێ و پاداش) کە پاداشتەکە زۆرتر مادی ـە، ئەدەبیاتی سیاسیی خۆشیان گۆڕیوە، هەندێک ڕەخنەی تریشیان لەسەرە کە هەندێک لەو ڕەخنانە بە ڕوونی حدکا دەگرنەوە کە ئێستا لە مەیدان دایە کە بە شێوەی پۆلبەندیکراو ئەو خاڵانە دەخرێنە ڕوو.

یەک: سەرەکیترین چەمک و توخمی پێویست بۆ خەباتی نەتەوەیی و چەکداری، ڕاگەیاندنە، ڕاگەیاندنی حیزبەکان بە گشتی و حدکا بەتایبەتی (چون ئێستا تەنیا خەباتکاری ناو گۆڕەپانە)، ئەگەر بەپێی قەوارە و بەژن و باڵای حیزبەکان هەڵسەنگێندرێ دەکرێ بە بوێرییەوە بگوترێ هەر بوونی نیە، ئەوە جیا لەوەی کە میدیای دیدەیی و بینراویان نیە یان ئەگەر هەیانە زۆرتر وەک کاناڵێکی ئوستانی دەچێ، خودی ڕاگەیێندراوی نووسراویشیان هەر لاوازە، ئەو لاوازیە هەم لە ئەدەبیاتدا بەرچاوە هەم لە چەندێتیی هەواڵ و زانیاریی، کە ئەوە وایکردووە خوێنەریان کەم بێت و لە ئەنجامدا نووسەران و شرۆڤەکارانیش کەمتر ئامادە بن بابەتەکانی خۆیان بۆ ئەوان بنێرین، ئەوە لە حاڵێکدایە سەردەمانێک بڵاوبوونەوەی بابەت لەو ڕاگەیێنانەدا ئاواتی زۆر نووسەر و شرۆڤەکار بوو. ئەوە جیا لەوەش کە هەندێک کەس بە هۆی دەسەڵاتیان بەسەر ئەو ڕاگەیاندنانەدا گەلێک بابەتی بێ ناوەرۆکی ئاست فەیسبووکییان تێدا بڵاو دەکەنەوە. کەواتە هەر حیزبێک کە بیهەوێ لە هەر ڕوویەکەوە لە خەباتەکەیدا سەرکەوتووتر بێ، دەبێ بەقەرا هێزی چەکدار، گرنگی بدا بە ڕاگەیاندنەکەی و بەتایبەتی میدیای بینراو.

دوو: بڕوا بە سیاسی و لایەنە فارسەکان و هێنانە خواری ئاستی داواکارییەکان: کورد زۆر باش فارس دەناسێ بەڵام بە هەمان ڕادەش فارس باش کورد دەناسێ، کورد لە سیستەمی پەروەردەی فارسدا خوێندوویەتی و ئەوەش وایکردووە فارس بتوانێ، بڕوابەخۆیی تاکی کورد لە هەمبەر خۆی، نزم بکات، زۆر ڕاشکاوانە دەتوانین لە کاتی دیمانەی تەنانەت سەرۆک و سکرتێرەکانی حیزبەکانیش لەگەڵ میدیا فارسەکان، ئەو کەمیی متمانەبەخۆ بوونەی کورد ببینین. کورد هەمێشە لە هەمبەر فارس خۆی بە کەم گرتووە و ئەوەش پێویستی بە کارکردن لەسەر خۆمان هەیە بۆ ئەوەی ببینەوە بە خۆمان و دەبێ باشیش بزانین فارس ئەو خودا شاخدارە نیە کە ئێمە لای خۆمان وێنامان کردووە. ئەو خۆ بە کەم زانینە وایکردووە سیاسی و حیزبە کوردییەکان، ئەو کاتەی کە لەگەڵ تاکی کورد باس دەکەن و دەکەونە قسە، باس لە خەونی سەربەخۆیی دەکەن و کە دەگەنە فارس خەریکە لە فیدرالیزمیش دادەبەزن و ڕێک لەو کاتەدایە ئێران دەبێتە مەنزڵگەی ئەبەدیی کورد و کورد لە فارس ئێرانیتر و لە عیسا مەسیحی تر.

نووسەر لای وایە دەبا هەر لە سەرەتاوە کورد ئاستی داخوازییەکانی خۆی لەسەرووی ویستی خۆشی نیشان دابایە، چون ئەزموون دەڵێ تۆ لە هەر ئاستێک لە داواکاری دابی، فارس پلەیەک دادەبەزێ، هەر بۆیەش بێ گومان ئەگەر کورد داوای هەڵوەشانەوەی ئێران و وەرگرتنی سەربەخۆیی کردبا، ئێستا فارس لە مێژ بوو دەیان کتێب و سەدان بابەتی لەسەر گرنگیی فیدرالیزم (بە هەموو جۆرەکانییەوە) نووسیبوو و لە کورد دەپاڕاوە بە فیدرالی ڕازی بێت، بەڵام کە ئێمە داوای خودموختاریمان کرد ئەوان هەڵیانکوتا سەرمان، ئێستا کە دەڵێین فیدرالی، بەشێکی زۆر لە فارس باس لە هەندێک مافی خودموختاریانە بۆ کورد دەکات.

سێ: ترسەنۆکی و بە گومانەوە لە خۆڕوانینی کورد: بەدواداچوون بۆ هەندێک دیمانەی دوای ڕاسان، بە ڕوونی نیشانی دەدا کە کورد، هێشتا متمانەی بە خۆی نیە، کورد هێشتا باوەڕ بەوە ناکا کە وڵاتانێک وەک سعوودیە و ئیسراییل کوردگوتەنی بە پیاوی بزانن و حیسابی بۆ بکەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە دوای دوکتور قاسملوو (چون د. شەڕەفکەندی تەمەنی سیاسی کەم بوو باس لەو ناکەین)، هیچ سیاسیەکی ئەوتۆمان نەبووە کە بە بوێرییەوە داوای پەیوەندیی سیاسی، ئەمنیەتی و چەکداری لە وڵاتانی تر بکات و ئێستاش لە کاتی وەرگیران لە پارلمانی وڵاتێکدا، پێمان سەیرە کە چۆنە وەرگیراوین، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کوردی سیاسەتوان، نابێ  خۆی وەک کەسێک چاو لێ بکات بەڵکوو دەبێ چاو لە مێژووی حیزبەکانمان و خەڵکمان و گیانفیدایی پێشمەرگە و هەروەها هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتان بکەین، لە کاتێکی ئەوتۆدا نەک ئێمە بگرە هەر هێزێکی بچوکیش داوای یارمەتی لە وڵاتانی دژبەری ئێران کە ئێران بە مەترسی بۆسەر خۆیان دەبینن، بکات، بێ گومان هاوکاری دەکرێ (ڕێژەی هاوکارییەکە لەو کاتانەدا کەمترە)، کەواتە کورد نابێ ئەوتۆ لە خۆی بڕوانێ و کاتی ئەوەیە قاسیدەکان بۆ وڵاتانی ناوچە و دژبەری ئێران هەناردە بکرێن کە لێرەدا، ئیسرائیل و سعوودیە و قەتەر و کوەیت و تەنانەت پاکستانیش دەگرێتەوە.

چوار: پەیوەندیی دیپلۆماسی: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، شکست خواردنی تەشکیلاتی دەرەوەیانە. تەشکیلاتی دەرەوەی حیزبەکان بە ڕاشکاوانە دەبێ بڵێین بوون بە شوێنێک بۆ سەرگەرمی و ڕابواردنی کات و هەندێ جار بیانووقۆستنەوە بۆ خەرج کردن و بەبادانی مانگانەی ئەندامەتیی ئەندامانی دەرەوە، زۆربەی بەرپرسانی کومیتەکان بە ڕاشکاوی دەڵێن ئێمە هەموو ژیانمان بۆ حیزب نیە، بۆیە جارجارێک لە یەکشەممە (کۆتایی حەوتوو)ـەکاندا بە بیانوویەک سێ چارەگێک لە هۆڵێکی بەلاش کۆدەبنەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان کاتەکە پڕدەکەنەوە و هەواڵێکیش کە تێیدا بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵکوتووە لە میدیای حیزبەکەیان بڵاو دەکەنەوە. ناوچەگەری لە کومیتەکاندا بە پێچەوانەی بوونیان لە ئوروپا ئامریکا و کاندا، زۆر لە گوندەکانی ئەفغانستان زۆرترە، ئەوە لە حاڵێکدایە ئەوان سێ ئەرکی سەرەکییان لە ئەستۆیە کە بریتین لە:

یەک: پەیوەندی کردن بە حیزب و لایەن وپارلمانی وڵاتەکەیان ونووسینی بابەتی پەیوەندیدار لە میدیاو ڕاگەیێنەی ئەو وڵاتانەدا.

دوو: ناردنەوەی یارمەتیی مادی و مەعنەوی بۆ حیزبەکانیان و جارجارەش چوونەوەی مەیدانیانەی خۆیان بۆ ناو شۆڕش

سێ: وەڕێخستنی ڕێپێوان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە وڵاتەکەیان بە دژی ئێران و بە مەبەستی لەقاودانی سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ئێران، بەڵام ئەزموونی نووسەر دەڵێ، تەنانەت شوێنی هەڵبژاردنی ڕێپێوانەکانیش جۆرێک هەڵدەبژێردرێ کە شەوی دوای ڕێپێوان یان ڕۆژی پێش ڕێپێوان، چەند بنەماڵەیەک لە لای یەکتری کۆببنەوە و ئەوەی کە لە کام شوێن زیاترین کاریگەری هەیە و زیاترین کەس کۆدەبێتەوە لە پلەی شەشیشدا بوونی نیە.

بەو پێیە پێویستە حیزبەکانی خۆرهەڵات، تەشکیلاتی دەرەوەیان لە ژێرەوە هەڵوەشێننەوە و لەسەرەتاوە دایبنێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کەسانێک ببنە بەرپرس و خۆیان بۆ ئەو پۆستانە بەربژێر بکەن کە چەند فاکتەری سەرەکییان تێدا بێ:

یەک: خوێندەوارییان لانیکەم لیسانس بێ

دوو: شارەزای زمانی وڵاتەکەیان بەتایبەتی بە شێوەی نووسین بن و پێشتر بابەتیان پێ بڵاو کردبێتەوە.

سێ: بەشێک لە ژیانیان بەتاڵ بێ و تەرخانی حیزب بکرێت، ئەوەش جیا لە ڕۆژانی یەکشەممە و شەممە بێ کە لە وڵاتانی بیانی هەموو شوێنێک و تەنانەت سوپێرمارکێتەکانیش داخراون.

خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە کورد دەبێ خۆی لەگەڵ فارس یەکلایی بکاتەوە، کورد ئێرانی نیە و گەرەکیشی نیە لەگەڵ ئێران بمێنێتەوە، ئەوە دەبێ بە ئاشکرا بگوترێ، ترس لە نەیاری و دژبەریی ئۆپۆزیسیۆنی مردووی فارسی ئێران، هیچ دەردێکمان نەک دەرمان ناکات بەڵکوو خۆی سەرباری گشت دەردانە، ئەوان لە هەر حاڵدا، ورد و درشت و پاک و پیسیان، دژی کوردن و کورد بە دوژمنی خۆیان دەزانن، ئەوان لە کورد تەنیا خاکەکەیان دەوێ، فارس و شوێنە فارسەکان، کێشەی ئاویان هەیە، ئەوان خواپێداو لە کەویر و بیاباندا لە دایک بوون، لە ئەگەری لێکدابەش بوونی ئێران ئەوان دەستیان بە ئاو ناگا و خەلیجیش کە عەڕەبیە نەک فارسی و زەریاچەی خزریش کە لە دەستی تورکەمەن دایە، کەواتە ئەوان لە ئەگەری زەخت و گوشار بۆ هاتنیان، ناچارن بەپێی گوشارەکە، قسەکانیان بگۆڕن، بەڵام لە ئەنجامدا کورد دەبێ بیر لە ڕاکێشانی یارمەتیی دەرەکی و بەتایبەتی عەڕەبستان و ئیسراییل و بگرە پاکستانیش بکاتەوە و بە ڕاشکاوانە ڕایبگەیێنێ ئێمە ئیرانی نین و گەرەکمانە ببینەوە بە خۆمان، ئەو کات دونیای دەرەوەش دەتوانێ بە هۆی ئەوەی کە کێشەکە، کێشەی مافە و زۆر ڕێکخراوی ناونەتەوەیی ناچار دەکا بەپێی پێوەرەکانی خۆیان، پشتت بگرن، پشتیوانت بن. تا داوای فیدراڵی و خودموختاری بکەین، کێشەکە کێشەیەکی ناوخۆییە و دونیای دەرەوە بۆی نیە و ناتوانێ یارمەتیت بکات، ئەوە خالێکی گەورەی دیپلۆماسیی ناونەتەوەییە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت