خامنەیی بە زیادبوونی ڕێژەی لەسێداردان، دەستخۆشی لە دەزگای قەزایی حکوومەت دەکات

0
650

ڕۆژی کورد: عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ڕژیم، هەڵوێستە ئینقلابییەکانیانی ئەو دەزگایەی بەرز نرخاند و داوای کرد  لەسەر ئەو ڕەوتە بەردەوام بن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ناوەندی  ڕۆژی کورد، دەستخۆشی خامنەیی لە دەزگای دادوەریی ئێران لەکاتێکدایە کە ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێراندا ڕۆژ بەدوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشان و زیاد بوونە.

ڕیبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران هەروەها داوای لە دەزگای دادوەری کردووە کە لەسەر ئەو ڕەوتە بەردەوام بن بەڵام لە درێژەدا دان بە بوونی بەرپرسانی گەندەڵ لە دەزگای قەزاییدا دەنێت.

ئەم دانیشتنە بەبۆنەی حەوتووی دەسەڵاتی دادوەری بەڕێوەچوو و لەو دانیشتنەدا خامنەیی هەروەها بەپێداگری لەسەر گۆڕانکاریی دەزگای قەزایی، دانی بەوەدا نا کە دەزگای قەزایی تووشی گەندەڵی بووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بە قووڵتربوونەوەی کێشەی ناوخۆیی لە حکوومەتدا و ترازانی هێزەکان لە یەکتری، ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی بەردەوام لە هەموو دانیشتنەکاندا داوای یەکهەڵوێستی لە دەسەڵاتداران دەکات و دەیهەوێ ئەو دۆخە شپرزەیە کونتڕۆڵ بکات.

دووبەرەکی لە نێوان دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئیسلامی تا ئاستێک قووڵ بووەتەوە کە خامنەیی دەیهەوێ ئەو دۆخە هێور بکاتەوە بەڵام ئەو دۆخەی پێ هێور نابێتەوە ڕۆژبەدوای ڕۆژ ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرە بە لەناوچوون نزیک دەکاتەوە.

دەست خۆشیی خامنەیی لە دەزگای دادوەیی ڕژیم لە کاتێکدایە کە بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی “نەدای سەبز”، لاریجانی نامەیەکی شاراوەدا باس لە سزای سێدارە بۆ ١١٢٠ کەس لە ئێران دەکات.

لە هەمان کاتدا لە ئێستادا دۆخی جەستەیی محەممەد عەبدووڵاهی، زیندانی سیاسیی کورد و جەعفەر عەزیمزادە بە هۆی مانگرتن لە خواردن بەرەو ئاڵۆزی و تەنانەت مەرگ ڕۆیشتووە.

لە لایەکی ترەوە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئیران، لە ساڵی ٢٠١٥دا زیاتر لە هەزار کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت