وتووێژی تایبەتیی ڕۆژی کورد لەگەڵ گوڵزار نیکبەخت وتەبێژی ڕێکخراوی یاری کورد

0
1212

ڕۆژی چوارشەممە 13ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆنگرەی دووهەمی ڕێکخراوی “یاری کورد، بە سەرکەوتووییەوە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

کۆنگرەی دووهەمی ڕێکخراوی یاری کورد، بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و چەند چرکەیەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی بەکارەکانی خۆی کرد و چەند سروود و ئاوازێکی ڕەسەنی کوردی بە تەمبوور کە سازی پیرۆزی کوردانی یارسانە پێشکەش کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە شاری ئۆسڵۆی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو، ئه‌ندامانی ڕێبه‌ریی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی دووهه‌می یاری كورد دیاری كران، بەو بۆنەوە وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز، گوڵناز نیكبه‌خت، وته‌ بێژی ڕێكخراوی یاری كورد پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

 ڕۆژی کورد: کۆنگرە بە گشتی لە چ کەش و هەوایەکدا بەڕێوە چوو؟ چەند خۆتان بە سەرکەوتوو دەزانن؟

گوڵناز نیکبەخت
گوڵناز نیکبەخت

نیکبەخت: پێش هەموو شتێک زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز، ستافی ڕۆژی کورد دەکەم کە جارێکی تر ئێمەتان بەسەر کردەوە. لە ڕاستیدا کۆ نگرەکەمان لە کەش و هەوایەکی دیموکراتییانەدا بەڕێوەچوو بە سرودی پیرۆزی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” دەستی پی کرد ، دەوری گرنگی ژنان زۆر بەرچاو بوو کە بەڕاستی جێی دڵگەرمی بوو و بە دڵنیاییەوە عەرزتان دەکەم کە ئەمڕۆ ئاستی گەشەی تێگەیشتوویی سیاسی کۆمەڵگاکەمان دڵخوشکەرترە لە هەر زمانێکی تر. زۆر خۆشحاڵم لەوەی کە منیش وەک ژنێکی کوردی یارسان، توانیم بڕوا و متمانەی هاوڕێیانم بە دەست بێنم و وەکو وتەبێژی ئەو ڕێکخراوە هەلڵبژێردرام، بی گۆمان بەرپرسیاریەتییەکی یەکجار قورسە بەڵام  هیچ پاساوێک بۆ خۆشاردنەوە نابینم .

ڕۆژی کورد: ئەگەر دەکرێ بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد باس بکەن کە ئامانجە سەرەکییەکانی یاری کورد کە لەو کۆنگرەیەدا دەست نیشان کراون یان ئەو کۆنگرەیە هەوڵیان بۆ دەدات، چین؟

نیکبەخت: “یاری کورد” زیادتر لە هەر زمانێکی تر خۆی بە شەریکی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد دەزانێت و پرسی نەتەوایەتی بە هەموو شکڵەکانیەوە هێڵی سوور بون و هەن. لە ڕاستیدا خاڵە نەتەوایەتیەکان هەمیشە ڕێچکە و ڕێ نیشاندەری خەباتی ڕیکخراوی “یاری کورد” بووە و ئێمە بە کردەوەش نیشانمان داوە.

ڕۆژی کورد: بەو دەستەی بەڕێوەبەرییەوە کە ئێستا دەست بەکار بووە، پێتان وایە لە کۆنگرەی یەکەم سەرکەوتووتر دەبن؟ هیواتان زیاترە؟

نیکبەخت:: من زۆر خوشبینم بە کۆنگرەی دووهەمی یاریکورد، پاش سڕینەوە و لادانی هیندێک تاقم و کەس کە ویستیان ڕێباز و ڕێگەی نەتەواییەتی بەرەو هەڵدێری ئیرانیزم بەرن کە بە ڕای من زۆر دوور بوو لە بنەماکانی بەرحقی یاریکورد. بە خۆشیەوە کۆنگرەی دووهەمی یاریکورد توانی بە جیاوازیەکی زۆرەوە ئەویش پیێداگرتن لە سەر پرسی نەتەوایەتی، دەست بە خەباتی خویی بکات و درێژەی پێبدات.

ڕۆژی کورد: لە کۆتاییەکانی کۆنگرەی یەکەمدا هەست بە تاکڕەوی لە ڕێبەریی ڕێکخراوەکەتاندا دەکرا، پێتان وا هەیە لەو کۆنگرەیەدا ڕووبەڕووی دیاردەی ئەوتۆ نابنەوە؟

نیکبەخت: ئەوەی لە کۆنگرەی یەکەمی یاریکورد ڕوویدا لە ئەم چەند ساڵەدا هەر یەک لە ئێمەی ئەندام و بەپرسی ئەو ڕێکخراوە لێی بەرپرسیارین، بەڵام لەوەی کە تەکڕەوی کرابێت زۆر دلنیا نیم و ئەگەریش کرابێت دڵنیام ناتوانێت دووبارە بێتەوە.

ڕۆژی کورد: ڕەوتی کۆنگرەکە وەک دەست پێکردن بە سروودی ئەی ڕەقیب و هەروەها بوونی ئاڵای کوردستان و هەروەها خوێندنی گۆرانیی ڕەسەنی کوردی، نیشانەی ئەوە بوو کە یاری کورد بە نیازە لە کۆنگرەی دووهەمی خۆیدا زیاتر ئاوڕ لە کوردبون بداتەوە و کوردبوون و یارسانی بوون لێک جیا ناکاتەوە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟

نیکبەخت: پرسی یارسان و داخوازییەکانی یاریکورد بەشێکی دانەبڕاوە لە گەلی کورد.

ڕۆژی کورد: چاوەڕوانیتان لە حیزب و لایەن و ڕێکخراوە کوردییەکان چیە لە هەمبەر ڕێکخراوی یاری کورد؟

نیکبەخت:: ئێمە وەک ڕێکخراوی یاریکورد هەموو کات خۆمان بە پاڵپشتی داخوازییە ڕەواکانی گەلەکەمان زانیوە ئەگەرچی لە هندێک بواردا ئیمە وەک یارسانیەکان ڕەخنە و گازەندی خۆمان هەیە  بەڵام بەو واتایە نیە کە خۆمان بە غەریب بزانین و خۆمان جیا بکەینەوە. ئێمە لە هەموو کات و ساتێکدا خۆمان بە شەریک و پاڵپشتی پرسی نەتەوایەتی و بەشێکی سەرەکی لەو پرسە دەزانین .

ڕۆژی کورد: پێتان وایە کۆسپ و تەگەرەکانی سەر ڕێگاتان لەو چوار ساڵی داهاتوودا چی دەبێت؟

نیکبەخت: بێ گومان پێشبینیی داهاتوو تۆزیک قورسە، بەڵام هیوادارم  وەزعییەتمان و هەروەها ناوچەیەک کە ئێمەی کورد تێیدا دەژین بەرەو ئارامی بکات و ڕەوتی دیموکراسی بتوانێت جێی خۆی بکاتەوە و کۆسپ و تەگەرەکان لە سەر ڕیگای ئازادیخوازی گەلەکەمان هەڵبگیردرێت .

ڕۆژی کورد: ئێمە وەک ڕۆژی کورد سەر لە نوێ پیرۆزبایی سەرجەم ستافی ڕۆژی کوردتان ئاراستە دەکەین، سپاس کە لەو دیمانەیەشدا بەشدار بوون، ئەگەر لە کۆتاییدا خاڵێک هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێبکەن، بفەرموون

نیکبەخت:: لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز، ستافی ڕۆژی کورد دەکەم کە ئەم دەرفەتەتان بۆ ئێمە خۆلقاند و هیوادارم کە لە کارەکانتاندا سەرکەوتوو بن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت